توركيا

سەرکۆمار ئەردۆغان: "ئەگەر یەکێتیی ئەورووپا دەیەوێت هێز لەدەست نەدات، ئەوە تەنیا بە ئەندامێتی تورکیا سەرکەوتوو دەبێت"

سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "ناوچەکەمان ئیتر لە جەنگ، پێکدادان و فرمێسک ڕشتن بێزار بووە. هیوامان گەیشتنی ناوچەکەمانە بە ئاسایش و سەقامگیری. وەک تورکیا بۆ ئەم مەبەستە هەوڵەکانمان بەردەوامە".

Abdullah Özkul, Yusuf Soykan Bal  | 12.03.2025 - نوێکردنەوە : 13.03.2025
سەرکۆمار ئەردۆغان: "ئەگەر یەکێتیی ئەورووپا دەیەوێت هێز لەدەست نەدات، ئەوە تەنیا بە ئەندامێتی تورکیا سەرکەوتوو دەبێت"

Ankara

ئەنقەرە - AA

سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، ئەگەر یەکێتیی ئەورووپا دەیەوێت هێز لە دەست نەدات، ئەوە تەنیا بە ئەندامێتی تەواوی تورکیا سەرکەوتوو دەبێت".

سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پۆلۆنیا دۆناڵد تۆسک، قسەی کرد.

لە سەرەتای قسەکانیدا وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆکوەزیرانی پۆلۆنیا بۆ تورکیا، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "تورکیا و پۆلۆنیا دوو هاوپەیمانی گرنگی یەکترن کە فەرماندەیی دوو هێزی وشکانی گەورە لە ناتۆ دەکەن لە دوو بەرەی ڕۆژهەڵات و باشوور. سوورین لەسەر بەرەوپێشبردنی ئاستی بازرگانی و وەبەرهێنان (لەگەڵ پۆڵۆنیا). ئامانجی نوێی قەبارەی بازرگانیمان ١٥ ملیار دۆلارە".

سەرکۆمار ئەردۆغان هەروەها گوتی: "ئەگەر یەکێتیی ئەورووپا دەیەوێت هێز لە دەست نەدات و تەنانەت ئەو دۆخە بە پێچەوانەوە کەڵکی لێ وەربگرێت، ئەوە تەنیا بە ئەندامێتی تەواوی تورکیا سەرکەوتوو دەبێت".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە دوایین پەرەسەندنەکان لە نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا کرد و گوتی: "پێشوازی دەکەین لە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئۆکراینا و پەسەندکردنی ئاگربەست لە لایەن ئۆکرایناوە. هیوادارین ڕووسیاش هەڵوێستێکی بونیادنەر بنوێنێت".

گوتیشی: "هەڵوێستی تورکیا لەم جەنگەدا (ئۆکرینا و ڕووسیا) زۆر ڕوون بوو. داواکارین بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە جەنگی نێوان ئەم دوو دراوسێیەمان کۆتایی پێ بێت".

سەرکۆمار ئەردۆغان ڕاشیگەیاند: "ئەگەر دوایین پەرەسەندنەکان، ئۆکرینا و ڕووسیا بباتە سەر مێزی دانوستان، ئەوە ئامادەی هەموو یارمەتییەک لەوانەش میوانداریکردنی دانوستانەکانین".

سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "ناوچەکەمان ئیتر لە جەنگ، پێکدادان و فرمێسک ڕشتن بێزار بووە. هیوامان گەیشتنی ناوچەکەمانە بە ئاسایش و سەقامگیری. وەک تورکیا بۆ ئەم مەبەستە هەوڵەکانمان بەردەوامە".

لە بەرامبەردا سەرۆکوەزیرانی پۆلۆنیا دۆناڵ تۆسک گوتی: "پێشنیازم بە تورکیا داوە کە لە قۆناغی ئاشتیدا (لە نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا) ڕۆڵێکی چالاکی هەبێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın