توركيا, سياسەت, جيهان

سەرکۆمار ئەردۆغان: "تورکیا بووەتە یەکێک لە کاراکتەرەکانی بنیاتنانی سەردەمی نوێ"

سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: ''وڵاتەکەمان کە لە ڕابردوودا بە هۆکارگەلێکی جیاواز خرابووە دەرەوەی کێبڕکێی جیهانیی، پشتیوان بە خودا دەبێتە یەکێک لە کاراکتەرانی بنیاتنانی سەردەمی نوێ''.

Mümin Altaş  | 09.04.2025 - نوێکردنەوە : 10.04.2025
سەرکۆمار ئەردۆغان: "تورکیا بووەتە یەکێک لە کاراکتەرەکانی بنیاتنانی سەردەمی نوێ"

Ankara

ئەنقەرە - AA

سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: ''وڵاتەکەمان کە لە ڕابردوودا بە هۆکارگەلێکی جیاواز خرابووە دەرەوەی کێبڕکێی جیهانیی، پشتیوان بە خودا دەبێتە یەکێک لە کاراکتەرانی بنیاتنانی سەردەمی نوێ''.

ئەردۆغان ئاشکراشی کرد کە سبەی پێشوازی لە شاندی دەم پارتی دەکەن و گوتی: "هەم لەگەڵیان کۆدەبینەوە هەمیش ئیرادەمان بۆ گەیشتن بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر پشتڕاست دەکەینەوە".

لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاک پارتیدا لە پەرلەمانی تورکیا، سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی پارتەکە ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد.

لە گوتەرەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە کاریگەری تورکیا کرد و، ڕایگەیاند: : "کاراکتەرە جیهانییەکان هەندێکجار ئارەزوومەندانە و زۆر جاریش بەناچاری دانیان بەوەدا ناوە کە ناتوانرێت بەبێ تورکیا هاوکێشە دروست بێت، ئەگەریش دروست بێت چانسی مانەوەی نییە".

سەبارەت بەو دۆخەی بەهۆی سەپاندنی پێناسە گومرکی لەلایەن ئەمریکاوە لە جیهاندا سەریهەڵداوە، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: ''وا دیارە ئەو جەنگە بازرگانییەی بەهۆی پێناسە گومرکییەکانەوە سەریهەڵداوە، کاریگەری جیهانیی دەبێت. زیادەڕەوی نییە بگوترێت زریانێک هەڵیکردووە کاریگەری لەسەر هەمووان دەبێت'.

ڕاشیگەیاند: ''با جیهانی کارمان دڵنیابن لەوەی لەبەرئەوەی یەکێکین لەو وڵاتانەی گومرگێکی کەممان لەسەر دانراوە، پێمانوایە بەراورد بە زۆر وڵات ئاسانتر ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنین''.

سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بە بەهێزی تورکیا کرد و، ڕایگەیاند: ''(ئۆپۆزسیۆن) ئەوان هێشتا پێیانوایە تورکیا وڵاتی سەردەمی خۆیانە. ئەوان هێشتا بەو گریمانەیە مامەڵە دەکەن کە تورکیا بە مۆڵەت کار دەکات''.

گوتیشی: ''لە سەردەمی حکوومەتەکانی ئاک پارتیدا تورکیا وڵاتێک نەبووە مۆڵەت وەربگرێت، بەڵکو گەیشتووەتە ئاستێک مۆڵەتی لێداوا دەکرێت''.

سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر هەڵوێستی تورکیا کردەوە و، ڕایگەیاند: ''تورکیا ئەو لایەنە نییە لە یاری هێزە گەورەکاندا ڕۆڵی درابێتێ، بەڵکو ئەو کاراکتەرەیە کە ئەو یاریانەی خۆی سیناریۆکانی داڕشتوون بەجێی دەگەیەنێت''.

گوتیشی: ''لەجیهاندا دۆخێکی نادیار هەیە. تورکیا پلانێکی ئابووریی بەهێزی هەیە کە ڕێڕەوەکەی بۆ ڕووناک دەکاتەوە. چاوەڕوانی دۆخی نەرێنی لەبوارەکانی بازرگانی،بەرهەمهێنان وهەناردەدا ناکەین''.

سەرکۆمار ئەردۆغان ئەوەیشی خستەڕوو وڵاتەکەمان کە لە ڕابردوودا بە هۆکارگەلێکی جیاواز خرابووە دەرەوەی کێبڕکێی جیهانیی، پشتیوان بە خودا دەبێتە یەکێک لە کاراکتەرانی بنیاتنانی سەردەمی نوێ.

سەرکۆمار ئەردۆغان ڕەخنەی لە جەهەپە گرت و، ڕایگەیاند: ''ناتوانن باجی مشتومڕ و ململانێی ناخۆی خویان بە ئێمە و گەل بدەن. ململانێ ناخۆییەکانی ئێوە زەڕەیەک پەیوەندی بە ئێمەوە نییە''.

سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە گەل گوێی بە بانگەوازی 'بایکۆت'ی جەهەپە نەدا. بایکۆت ویستەکان لەلایەن گەلەوە بایکۆت کران و ڕایگەیاند: ''گەلەکەمان هیچ بایەخێکی بە بانگەوازی بایکۆتی ئەو خۆپەرستانە نەدا کە تەنیا بۆ شاردنەوەی گەندەڵییەکانیان وڵات و گەلیان کردە ئامانج''.

هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان ڕووی دەمی کردە بەڕێوەبەرانی جەهەپە و، ڕایگەیاند: ''ئێوە جەهەپەتان خستە ناو زۆنگاوەوە. ئەوە ئێوەن لەپێناو داپۆشینی پرسی ناوخۆتان ئاگر لە شەقامەکان بەردەدەن، گەنجان پێش خۆتان دەدەن وخۆتان لە بیناکانی شارەوانیدا حەشار دەدەن''.

گوتیشی: "جەهەپە واتە کودەتا، کودەتا واتە جەهەپە. جەهەپە تەنیا گەندەڵکار نەبووە، بەڵکو نووسەری کتێبەکانی کودەتاچییەتیش بووە".

سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە بانگەوازەکەی جەهەپە کرد و، ڕایگەیاند: ''بانگ لە گەنجان دەکەن بۆ سەر شەقام و هێرشیان بۆ سەر پۆلیس پێدەکەن، پاشان بێ شەرمانە فرمێسکی تیمساح دەڕێژن. ڕێگە نادەین گەنجانی ئەم وڵاتە بەکاربهێنن''.

گوتیشی: ''تەماشای شانۆیەک دەکەین کە نووسەر و دەرهێنەر و ئەکتەرەکانی ئەندامانی جەهەپەن. شانۆکە شانۆی جەهەپەیە، ئەوەی پەردەکە دەکاتەوە و دایدەخات جەهەپەیە''.

سەرکۆمار ئەردۆغان بانگی لە سەرۆکی گشتیی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل کرد و، ڕایگەیاند: ''ئامۆژگاری سەرۆکی گشتیی جەهەپە دەکەم مێژووی خۆی بخوێنێتەوە. ئەگەر کەمێک بوێری هەیە پێشنیار دەکەم ڕووبەڕووی ڕابردووی پیسی خۆی ببێتەوە کە ڕەش بووە لە پیسیدا''.

هاوکات سەرکۆمار ئەردۆغان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە تێگەیشتنی ئازادی لای جەهەپە تەنیا بۆ خۆیانە، بۆ مشتێک نوخبەیەی خۆیانە. جەهەپە بەرجەستە کردنی فاشیزمە لە گۆشت و خوێندا.

ڕاشیگەیاند: "هیچ کەس نابێ لە بەرامبەر گوشارەکانی فاشیزمی ئەوان مل کەج بکات، ترسی هەبێت و یان نیگەران و دڵسارد بنێتەوە. ترسەنۆکەکان ناتوانن مۆنیۆمێنتی سەرکەوتن بونیاد بنێن. هیچ شوێنێک نییە بە دەسەڵاتی پیلانگێڕی، کودەتا، بریکارەکان، دەزگاکان، پارە پیسەکان، تاوەرەکانی پارە و ئەو بانگەوازانەی لە دەرەوەی سنوور دەیکەن، پێیبگەن. دەزانین بۆچی پەلەقاژێیانە و هەوڵ دەدەن چی لە دادگا بشارنەوە. کاتێک هەڵهاتووەکان دەستگیرکران و ڕادەستی دادگا کران، ئەو کات ئەوەی لێیدەترسن ڕوو دەدات''.

سەرکۆمار ئەردۆغان جەجتی لەسەر ئەوە کردەوە درێژە بە خەبات دەدەن و، ڕایگەیاند: ''بەردەوام دەبین لەسەر بونیادنانەوە و ژیانەوەی وڵاتەکەمان و ناوچەکەمان بە تورک، کورد، عەرەب، عەلەوی و سوننییەوە. ئەوە بابەتێکی کە شایستەی ئاکپارتی و هاوپەیمانی جمهوورە".

سەبارەت بە دیداری لەگەڵ شاندی دەم پارتی، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: ''سبەی پێشوازی لە شاندی دەم پارتی دەکەین و هەم لەگەڵیان کۆدەبینەوە هەمیش ئیرادەمان بۆ گەیشتن بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر پشتڕاست دەکەینەوە''.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن