توركيا

سەرکۆمار ئەردۆغان: "تورکیا دەکەینە یەکێک لە جەمسەرە سەرەکییەکانی ناوچەکە و جیهان"

سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "(ئاگری هۆتێلەکەی کارتاڵکایا) بەبێ جێهێشتنی بچووکترین گومان دەستەبەری ئەوە دەکەین لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە کارەساتەکە بکرێت و بەرپرسیاران ئاشکرا بکرێن".

Kemal Karadağ  | 29.01.2025 - نوێکردنەوە : 30.01.2025
سەرکۆمار ئەردۆغان: "تورکیا دەکەینە یەکێک لە جەمسەرە سەرەکییەکانی ناوچەکە و جیهان"

TBMM

ئەنقەرە - AA

سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ئاگری هۆتێلەکەی کارتاڵکایا ڕایگەیاند: "بەبێ جێهێشتنی بچووکترین گومان دەستەبەری ئەوە دەکەین لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە کارەساتەکە بکرێت و بەرپرسیاران ئاشکرا بکرێن".

لە میانی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، سەرکۆمار و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد و، هەڵسەنگاندنی بۆ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی هۆتێل گراند کارتاڵ لە ناوەندی خلیسکێنەی کارتاڵکایا لە پارێزگای بۆڵو کرد.

لە گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "هەرگیز سڵ ناکەینەوە لە ئەنجامدانی هەرچی پێویستە بۆ لێپرسینەوە لە هەریەک لەوانەی بەرپرسن و کەموکوڕی و کەمتەرخەمیانی هەبووە".

گوتیشی: "بەبێ جێهێشتنی بچووکترین گومان دەستەبەری ئەوە دەکەین لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە کارەساتەکە بکرێت و بەرپرسیاران ئاشکرا بکرێن".

سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە ئەو شوێنەی تیایدا لێکۆڵینەوە لە بەرپرسیاران دەکرێت دادگاکانە و ڕایگەیاند: "هەرکەسێک بەرپرسیاربێت ئەو شوێنەی تیایدا لێکۆڵینەوە دەکرێت تۆڕی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو دادگا سەربەخۆ و بێلایەنەکانن".

ڕاشیگەیاند: "خاتری کەس ناگیرێت و لە هەرکوێیەک کەموکورتی و کێشە هەبێت بە ئیرادەی بەهێزەوە بەردەوام دەبین لە چارەسەرکردنیان".

سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێگە نادەن کەس لەسەر گیانی هاووڵاتیان قومار بکات و، ڕایگەیاند: "وەک سەرکۆماری تورکیا ئەمڕۆ بە هەموو دڵسۆزیمەوە لە کورسی گەلەوە ئەم بانگەوازە دەکەم؛ کەس ناتوانێت لەسەر گیانی هاووڵاتیانی من قومار بکات".

سەبارەت بە هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ببورن مەیدان بۆ هەلپەرستان و بێڕووەکان چۆڵناکەین. ڕێگە نادین بێ شەرمانە ئازارەکانی گەل بقۆزنەوە".

گوتیشی: "بەدڵنیاییەوە ڕێگە بە تەماحکاران نادین لە پێناو قازانج کردنی زیاتری پارەدا گیانی هاووڵاتیانمان پشتگوێ بخەن".

هەر سەبارەت بە ڕووداوی ئاگری هۆتێلەکەی کارتاڵکایا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "لە کاتێکدا هەموو کارێکی پێویست دەکەین بۆ ئەوەی بەرپرسیاران لە دادگا لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، بەرامبەر سنوور بەزێنەکانیش مل کەچ ناکەین".

ڕاشیگەیاند: "لە کاتێکدا شکۆمەندانە کار لەسەر پرسەکە دەکەین، بەڵام هەوڵدانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ڕاکێشانی پرسەکە بۆ ئاڕاستەی جیاواز، خۆدزینەوەیە لێی".

هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بە ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکە کرد و، ڕایگەیاند: "پێموایە لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکەدا کشانەوەی ئەم داواکارییە بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت و خاڵە تاریکەکان ڕۆشن دەکرێنەوە".

سەرکۆمار ئەردۆغان ڕووی قسەکانی کردە ئۆپۆزسیۆن و ڕایگەیاند: "هێشتا سەرەتایە و دواتر دەردەکەوێت. کاتێک ئەمە دەڵێین ناڕەحەت بوون. بۆچی؟ چونکە باش دۆخیان دەزانن".

سەبارەت بە هاوپەیمانی جومهور، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "وەک هاوپەیمانی جومهور ئێمە کێشەکانی ئەم وڵاتە چارەسەر دەکەین. ئێمە تورکیا دەکەینە یەکێک لە جەمسەرە سەرەکییەکانی ناوچەکە و جیهان".

گوتیشی: "تورکیا بە هەنگاوە ستراتیجییەکانی و بەو سیاسەتانەی مرۆڤی کردووەتە چەق جێدەستی لە مێژوودا هەیە. ئەستێرەی بڵندی ناوچەی ئەفرۆ-ئۆراسیایە کە دڵی جیهانە، تورکیایە".

لە بارەی پێشهاتەکانی ناوچەکە، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "لە سووریاوە بۆ فەڵەستین لە ناوچەکەماندا مێژوو سەرلەنوێ دەسنووسرێتەوە. هەرگیز لەبیری مەکەن لەگەڵ براکانماندا سەدەی ئایندەی ئێمەیش دیاری دەکرێت".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın