وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان: "پێویستە هەموو تواناکانمان یەک بخەین بۆ لەناوبردنی داعش و پەکەکە"
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان: " چاوەڕوانی ئێمە لە عێراق ئەوەیە کە پەکەکەی وەک ڕێکخراوێکی قەدەغەکراوی ناساندووە، لەهەمانکاتدا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیناسێنن".

Ankara
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان ڕایگەیاند، ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە، تورکیا، عێراق و سووریای بە ئامانج گرتووە و ڕاشیگەیاند کە، "پێویستە هەموو تواناکانمان (تورکیا-عێراق-سووریا) یەک بخەین بۆ لەناوبردنی داعش و پەکەکە".
هاکان فیدان لە چوارچێوەی دیدارێکدا گەیشتە بەغدا و لە لایەن هاوتا عێراقییەکەی فوئاد حوسێن'ەوە پێشوازی لێکرا و دوای کۆبوونەوەی دوو لایەنە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لەبارەی پرسەکانی ڕۆژەڤەوە قسەیان کرد.
فیدان ئاماژەی بەوەدا کە دەرفەتێک ڕەخساوە کە لەگەڵ هاوتاکەی، باس لە پەیوەندییەکان نێوان دوو وڵات و پەرەسەندنەکان لە ناوچەکە بکەن و گوتیشی، "لە ڕوانگەیەکی ستراتیژییەوە سەیری عێراق دەکەین و لە سەردانی ساڵی ڕابردووی سەرکۆمار ئەردۆغان بۆ عێراق ٢٧ ڕێککەوتننامە و لێکتێگەیشتن لە نێوان دوو وڵات واژوو کرا".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی عێراقەوە دوا و گوتی: "سەقامگیری عێراق، سەقامگیری ناوچەکەیە و بۆ ئەم مەبەستە وەک تورکیا یارمەتیدەر دەبین".
هاکان فیدان هەروەها لەبارەی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان گوتی: "ئەو پڕۆژەیە دەرفەتێکی هاوکاری زۆر گرنگە لەناوچەکەمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هەموو لایەک و ئاکامەکەی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەبیندرێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها باسی لە پەیوەندی ئابووری نێوان تورکیا و عێراق کرد و گوتی: "قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا نزیک بووەتەوە لە ٢٠ ملیار دۆلار و ئەگەر هەندێک لە بەربەستەکان هەڵبگرین ئەوا ئاستەکە زۆر بەرزتریش دەبێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق کرد و گوتی: "ئەو لێکتێگەیشتنانەی کە بەم دوایانە لەگەڵ عێراق هەمانبووە، لە بواری ئاسایشی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا زۆر گرنگن. بە تایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و خەبات دژی داعش و پەکەکە. ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە سەروەری عێراق پێشێل دەکات و هەڕەشەیەکی جددییە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق. بەم دوایانەش دوو سەربازی عێراقی شەهید کرد. داوای لێخۆشبوون لە خوا بۆ سەربازە شەهیدەکان دەخوازم. ئەوە ڕاستییە بەتایبەتی دەمەوێی باسی بکەم کە رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە، تورکیا، عێراق و سووریای بە ئامانج گرتووە. بۆ داهاتووی ناوچەکەمان و ئاسایش و خۆشگوزەرانی پێویستە دژ بە تیرۆر هەڵوێستی هاوبەشمان هەبێت. پێویستە هەموو تواناکانمان یەک بخەین بۆ لەناوبردنی داعش و پەکەکە. چاوەڕوانی ئێمە لە عێراق ئەوەیە کە پەکەکەی وەک ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو ناساندووە، لەهەمانکاتدا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیناسێنن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هاکان فیدان ڕایگەیاند، لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی باسیان لە دۆخی سووریا کردووە و هیوای خواستووە کە حکوومەتی عێراق پەیوەنییەکی باش لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا ببەستێت و بۆ ئەم مەبەستە ئامادەیی تورکیای دووپات کردووەتەوە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن