جيهان

بانگەشە دژبەیەکەکانی ناتانیاهو لە کۆنگرێس لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە

- سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ناتانیاهو لە گوتارەکەی خۆیدا لە کۆنگرێسی ئەمریکا چەندین گوتەی دژ بە یەکی دەربڕی کە بە پێچەوانەی ڕاستییەکان بوو و لەوانەش، "لە غەززە هیچ سڤیلێک نەکوژراوە".

Mehmet Alaca, Bekir Aydoğan  | 26.07.2024 - نوێکردنەوە : 26.07.2024
بانگەشە دژبەیەکەکانی ناتانیاهو لە کۆنگرێس لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە

Ankara

ئەنقەرە - AA

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهو لە گوتارەکەیدا لەبەردەم کۆنگرێس، بە دەربڕینی چەندین گوتەی دژ بە یەک و دوور لە ڕاستی، ویستی ڕاستییەکانی جەنگی غەززە و دژکردەوەکانی نێودەوڵەتی پەردەپۆش بکات.

ناتانیاهو لە بەشێک لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند، "هیچ کەسێکی سڤیل لە غەززە نەکوژراوە"، ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە هەتا ئێستا لە هێرشەکان بۆ سەر غەززە ٣٩ هەزار و ١٤٥ فەڵەستینی کوژراون و ٩٠ هەزار و ٢٥٧ کەس بریندارن.

لە کەرتی غەززە بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل، ژێرخانی سڤیلی ناوچەکە وەک بنکەکانی تەندروستی و ناوەندەکانی پەروەردەیی کە خەڵکی ئاوارەش پەنای تێدا گرتبوو، وێران کراون. لەو هێرشانەدا نەک تەنیا خەڵکی سڤیلی فەڵەستین، بەڵکو کارمەندانی فریاکەوتن کە خەڵکی بیانیشی تێدابووە، گیانیان لەدەستداوە.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف لەم بارەیەوە دەڵێت: "ئیسرائیل بە لایەنی کەم ٢٧٨ کارمەندی فریاکەوتنی کوشتووە کە ئەوەش بە پێوەرێک هەژمار دەکرێت. کارمەندانی فریاکەوتنی دیکەش لەبەردەم مەترسی گەورەدان و کارەکانیان پەکی کەوتووە.


- بەردەوامی کوشتار لە غەززە

ناتانیاهو ڕایگەیاند کە لەو ناوچانەی کە خەڵکی سڤیل پەنایان بۆ بردووە، هیچ خەڵکێکی سڤیل نەکوژراون.

ئەو هێرشە بەرفراوانەی کە ناتانیاهو دەیەویست بیکاتە سەر ڕەفەح بە هۆی دژکردەکانی نێودەوڵەتی و ناڕەزایەتییەکانی سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن، بە شێوەیەکی بەرتەسکتر جێبەجێ کرا.

لەگەڵ ئەوەشدا سوپای ئیسرائیل لە ٧ی ئایار هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دەست پێکرد و دەروازەی سنووری غەززە و میسری داگیر کرد. بە هۆی داخستنی ئەو دەروازە سنوورییە، سەدان هەزار فەڵەستینی ناچار بوون ماڵ و حاڵیان بەجێ بهێڵن و هەموو ڕۆژێک ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سڤیل لە ژنان و منداڵان دەکوژرێن.

وەک نموونە، هەر لە ٢٤ کاتژمێری یەکەمی هێرشەکان بۆ سەر ڕەفەح، ٣٥ فەڵەستینی کوژران و لە ٢٨ی ئایار لەو ناوچانەی کە ئیسرائیل بە ناوچەی ئارام ناویان دەهێنێت، ٧٢ فەڵەستینی کە لە ژێر خێوەتەکاندا دەژیان، گیانیان لەدەستدا.

سەرەڕای نیگەرانییەکانی نێودەوڵەتی، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح بووەتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران فەڵەستینی و لە ڕاستیدا هیچ ڕۆژێک بە بێ کۆژرانی خەڵکی سڤیل لە ژن و منداڵ، کۆتایی پێ نایەت.


- زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە غەززە ڕووبەڕووی برسێتی و مەرگ بوونەتەوە

بە پێچەوانەی گوتەکانی ناتیانیاهو کە ڕێگەدراوە بە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە، بەڵام "لە لایەن حەماسەوە دزراوە"، قسەکانی ڕێکخراوە مرۆڤدۆستە بیانییەکان بە پێچەوانەی ئەوەی دەسەلمێنن.

لەم بارەیەوە (FAO) و (WFP) ڕایانگەیاندووە کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە غەززە ڕووبەڕووی برسێتی و مەرگ بوونەتەوە.

یونیسێف'یش ڕایگەیاندووە کە لە هەر ١٠ منداڵ، ٩یان لە غەززە ڕووبەڕووی کەمی خۆراک بوونەتەوە. بە پێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کە لە ١١ی حوزەیران بڵاوی کردووەتەوە، نزیکەی نیو ملیۆن کەس لە غەززە بە شێوەیەکی کارەساتبار ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە.

لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و ڕێگرییەکان لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناوچەکە، سەدان هەزار فەڵەستینی ناچار بوون کۆچ بکەن و ژیانی سەختی ژێر خێوەتەکان هەڵبژێرن. ئونروا لە ١٥ی حوزەیران ڕایگەیاند کە ٥٠ هەزار منداڵ لە غەززە بە هۆی بەدخۆراکییەوە پێویستیان بە دەرمان هەیە.


- ناتانیاهو هەموو لایەکی وەک "گەمژە" ناوزەد کرد

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ناڕازییەکانی دژ بە گوتارەکەی لە بەردەم کۆنگرەی ئەمریکای بە "ئەو گەمژانەی کە ئێران کەڵکیان لێ وەردەگیرێت" و لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دارایی دەکرێن.

بە بەردەوامی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لە ئیسرائیل دژ بە حکوومەتەکەی ناتانیاهو و لە ئاراستەی پشتیوانی لە خێزانی بەدیلگیراوانی ئیسرائیلی بەڕێوەدەچێت. ئەو ناڕەزایەتییانە هەفتانە و بە ئامادەبوونی سەدان هەزار کەس لە تەلئەڤیڤ و شارەکانی دیکە ئەنجام دەدرێت.

تا ئێستا خۆپیشاندانگەلێکی زۆر لە سەر ئاستی جیهان لەوانەش لە واشنتۆن و نیویۆرک بۆ کۆتایی پێهێنان بە کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل لە غەززە بەڕێوە چووە.


- ناتانیاهو هیچ ئاماژەیەکی بە ئاگربەست نەدا

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارە یەک کاتژمێرییەکەی لە کۆنگرە، هیچ ئاماژەیەکی بە دانوستانەکانی ئاگربەست لە نێوان وڵاتەکەی و حەماس نەدا کە بە پێشنیازی ئەمریکا بەڕێوە دەچێت. ئیسرائیل تا ئێستا وەڵامێکی ڕوونی بۆ پێشنیازەکەی سەرۆکی ئەمریکا بایدن نەبووە کە داوای کردبوو بە سێ قۆناغ جێبەجێ بکرێت.


- قسەکانی ناتانیاهو لە کۆنگرە ناڕاست بوون

ناتانیاهو لە قسەکانیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە زۆربەی خەڵکی ئەمریکا پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەم، بەڵام ڕاپرسییەکان پێچەوانەی ئەوە نیشان دەدەن. بە پێی ڕاپرسییەکی کۆمپانیای گالوپ کە لە ١٠ی تەممووز ئەنجام دراوە، لەسەدا ٤٨ی ئەمریکییەکان دژ بە هێرشەکانی ئیسرئیلن و تەنیا لەسەدا ٤٢ پشتیوانی لە هێرشەکان دەکەن.

لە ڕاپرسییەکی دیکەدا کە لە مانگی ئادار ئەنجامدراوە، لەسەدا ٥٥ی ئەمریکییەکان دژی هێرشەکانی ئیسرائیلن بۆ سەر غەززە. هەروەها ڕاپرسییەکەی ئەسۆشیەیتد پرێس (AP) لە ٤ی ئاداردا دەردەخات کە ٦٧ لەسەدی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە دژی سیاسەتەکانی بایدن'ن لەبارەی غەززەوە.


کردەوەکانی ناتانیاهو دژ بە یاساکان و ڕێکخراوە جیهانییەکان

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وێڕای ڕەخنەگرتن لە دیوانی دادی نێودەوڵەتی کە داوای کردبوو ناتانیاهو و وەزیری بەرگریی یوئاڤ گالانت دەستگیر بکرێت، ڕایگەیاند، دیوانی دادی نێودەوڵەتی دەیەوێت لەبارەی غەززە دەستی ئیسرائیل بەستراو بێت و دوای ئیسرائیلیش نۆرەی ئەمریکا دێت.

دیوانی دادی نێودەوڵەتی سیاسەتەکانی دروستکردنی یەکە نیشتەجێبووە جوولەکەنشینەکانی بە پێچەوانەوەی ڕێککەوتننامەی جنێڤ لە قەڵەم داوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەوڵەکانی داگیرکاری ئیسرائیل لەسەر خاکی فەڵەستینییەکان نایاساییە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın