بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە لایەنە یاسایی و سیاسیی و ئەخلاقییەکانی ئەو ڕووداوانەی لە غەززە ڕوو دەدەن "دادگای غەززە" دامەزرا
دادگای غەززە، کە وەک دەستپێشخەرییەکی سەربەخۆ دامەزراوە، دادگای مرۆیی و ویژدانە و، پاش پرۆسەیەکی درێژخایەنی ئامادەکاری، یەکەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی خۆی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا ئەنجامدا.
İngiltere
لەندەن - AA
بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی جەنگ کە ئیسرائیل لە غەززە درێژەی پێدەدات، ئەکادیمیستەکان، ڕۆشنبیران، داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و نوێنەرانی میدیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەستیان بە دەستپێشخەری "دادگای غەززە" کرد و، بە بەشداری نزیکەی ١٠٠ کەس، بە درێژایی دوو ڕۆژ چەندین کۆبوونەوەی هەمەچەشنیان ئەنجامدا.
لە شاندی سەرۆکایەتی ئەم پڕۆژەیەدا کە لەلایەن ڕیپۆرتەری پێشووی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فەڵەستین، ڕیچارد فاڵک-ەوە سەرکردایەتی دەکرێت، کەسایەتی وەک مایکڵ لینک و هیلال ئێلڤەری تێدایە کە ئەمانیش لە ڕیپۆرتەرانی پێشووی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانن، لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکانی جیهانی ئەکادیمی وەک نورا ئێراکات، سوسان ئەکرەم، ئەحمەد کۆرئۆغڵو، جۆن ڕینۆڵدز، دیانا بوتوو، جەمیل ئایدن و پێنی گرین بوونیان هەیە.
هەروەها لە نێو ئەندامانی دادگادا کە پێکهاتەی گرنگی دادگان، چەندین کەسایەتی گرنگی ناوچە جیاوازەکانی جیهان هەن کە خاوەنی پاشخانی جیاوازن. لە نێو ئەو کەسایەتیانەی بەشداریان لە کۆبوونەوەکەی لەندەندا کردووە هەر یەک لە ئیلان پاپێ، جێف هاڵپەر، ئوسامە مەقدیسی، ئایهان چیتیل، کۆرنێل وێست، ئاڤی شلایم، نائۆمی کلاین، ئاسڵی بالی، مەحموود مامدانی، کرایگ مۆخیبەر، حاتەم بازیان، مەهمەت کارڵی، سامی ئال ئاریان ، فرانک بارات، حەسەن جەبارین، ویلی موتونگا، ڤیکتۆر کاتان و ڤیکتۆریا بریتاین هەن.
لە یەکەم ڕۆژی کۆبوونەوەکەی لەندەندا دانیشتنێکی تایبەت لەگەڵ نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی فەڵەستین و ڕێکخراوەکانی مافی فەڵەستین ئەنجامدرا، کە ئەرکێکی گرنگ دەبێت بۆ دادگاکە. لە نێو ئەو ڕێکخراوانەی کۆمەڵگەی مەدەنییدا کە بەشداربوون لەم دانیشتنەدا بریتی بوون لە؛ یاسا بۆ فەلەستین (Law for Palestine)، تۆڕی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی فەڵەستین ((Palestinian Environmental NGOs Network)، تۆڕی سەروەری خۆراکی عەرەبی (APN)، ناوەندی یاسایی بۆ پاراستنی مافەکانی کەمینە عەرەبییەکان لە ئیسرائیل (عدالة)، ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی فەڵەستینی ئەلحەق، بەدیل ، ناوەندی ئەلمیزان بۆ مافەکانی مرۆڤ (Al-Mezan Center for Human Rights)، کۆمەڵەی پشتیوانی زیندانیانی ئەلزەمير و مافەکانی مرۆڤ کە ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیە بۆ بەدواداچوونی مافەکانی زیندانیانی فەڵەستینی دامەزراوە لەگەڵ ناوەندی فەڵەستینی بۆ مافەکانی مرۆڤ (PCHR).
دادگاکە بە پشتیوانی کۆڕبەندی گەنجانی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی (ICYF) ڕێکخراوە، کە لە ٦٦ ئەندامی ڕێکخراوی گەنجان پێکهاتووە، لەنێویاندا ٥٠ ڕێکخراوی گەنجانی وڵاتی ئەندام و ١٦ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی گەنجانی نوێنەری کەمینە موسڵمانەکان پێکدێت.
لە چوارچێوەی دادگای غەززەدا یەکەمین کۆبوونەوەی ئامادەکاری لە لەندەن بەڕێوەچوو و، تیایدا پرۆسە لۆجستییەکان و پێکهێنانی هەیکەلی ڕێکخراوەیی دادگاکە و بنەماکانی کارکردنی دیاری کرا. لە کۆبوونەوەکاندا بە وردی باس لە پرسەکانی وەک بنەما بنەڕەتیەکانی کارکردن و جێبەجێکردن و ستراتیجی پەیوەندییەکانی دادگاکە کرا.
دادگاکە کە لەسەر بنەمای ویژدانی گشتیی دامەزراوە پێشبینی دەکرێت قۆناغی دووەمی کۆبوونەوەکەی لە ئایاری ٢٠٢٥دا لە سەرایڤۆی پایتەختی بۆسنە و هەرزەگۆڤینا، سێهەم و کۆتا قۆناغیشی لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥دا لە ئیستانبوڵ بەڕێوەبچێت.
لەو دانیشتنەی لە بۆسنە و هەرزەگۆڤینا بەڕێوەدەچێت ڕاپۆرتە ئامادەکراوەکان، گوتەی شایەتحاڵەکان و ڕەشنووسی بەیاننامەکە پێشکەشی ڕای گشتیی دەکرێت، کە تیایدا لە پاڵ ئەو کەسانەی بەهۆی بارودۆخی غەززە زیانیان بەرکەوتووە، نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی ناوچەکە و شایەتحاڵانی پسپۆڕ بەشدار دەبن.
لە دانیشتنی سەرەکیدا، کە یەکێکە لە قۆناغە گرنگەکانی دادگای غەززە و لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥دا لە ئیستانبوڵ ساز دەکرێت، دەستەکە کە شارەزایانی بواری یاسا و کەلتوور و سیاسەت و کۆمەڵگەی مەدەنی تێدایە، گوێ لە گوتەی قوربانیان و شایەتحاڵەکان دەگرێت و ڕەشنووسی بڕیاری کۆتایی ڕادەگەیەنێت. هەروەها لە ژێر ڕۆشنایی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە پرۆسەی دادگای غەززە، بڕیارگەلێک ڕادەگەیەندرێت کە دەسەڵاتی تایبەت و ڕاسپاردە لەخۆدەگرێت.
لە بنەڕەتدا دادگای غەززە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی بانگەشەکان لە بارەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان پێکهاتووە، لەوانەش پێشێلکاری گەورەی مافی مرۆڤ و جینۆساید کە ئیسرائیل لە دوای حەوتی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە ئەنجامیداون.
دادگای غەززە وەک دەستپێشخەرییەک لەلایەن داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ، شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتیی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نێودەوڵەتیی و هەرێمیی کە کار لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەکەن لە غەززە ڕێکخراوە.
ئەم دادگایە کە وەک دەستپێشخەرییەکی سەربەخۆ دامەزراوە، ئامانجی ئەوەیە ئەو پێشێلکارییە گەورانەی لە بارەی مافەکانی مرۆڤ دەرهەق بە گەلی فەڵەستین کراون بخاتەڕوو و سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ ڕابکێشێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن