بەھۆی گەمارۆی ئیسرائیلەوە ھۆشداری لە سەرھەڵدانی "برسێتی نوێ " لە غەززە دەدرێت
بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند کە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا، پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خۆراک لە کەرتی غەززە وەک پێویست دەست ناکەون، ئەوەش بەھۆی ئەو سیاسیەتەی کە داگیرکار (ئیسرائیل) بە ئامانجی برسیکردنی فەڵەستینییەکان لە غەززە پەیڕەوی دەکات.

Gazze
غەززە ــ AA
بزووتنەوەی حەماس ھۆشداری ئەوەی دا کە بەھۆی بەردەوامی پەیڕەوکردنی سیاسەتی برسیکردن لەلایەن ئیسرائیلەوە و بێدەنگبوونی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، خەڵکی کەرتی غەززە لە مانگی ڕەزامەندا، ڕووبەڕووی "برسێتی نوێ " دەبنەوە.
گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس، عەبدولـلەتیف قانوع لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بۆ دووەم ھەفتەیە لەسەر یەکتر، فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت بوونەتەوە، چونکە داگیرکار (ئیسرائیل) ڕێگا نادات خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی و پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکە بگەیەندرێنە کەرتی غەززە.
ڕاشیگەیاندووە کە ئەو سیاسەتەی کە ئێستا داگیرکار بەرامبەر بە فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززەی گەمارۆدراو پەیڕەوی دەکات " تاوانێکی نوێی برسیکردنە".
باسی لەوەش کردووە کە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا، پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خۆراک لە کەرتی غەززە وەک پێویست دەست ناکەون کە ئەوەش وا دەکات فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە زیاتر ڕووبەڕووی قەیرانی مرۆیی و نەھامەتی ببنەوە.
ھەروەھا عەبدولـلەتیف قانوع ھۆشداری داوەتە کۆمەڵگای نێودەولەتی لەوەی، ئەگەر بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە کەرتی غەززە جێبەجێ نەکات، ئەوا دانیشتووانی کەرتی غەززە لە مانگی ڕەمەزاندا ڕووبەڕووی برسێتی دەبنەوە.
داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە فشاری بخەنە سەر ئیسرائیل، بۆ ئەوەی واز لە سیاسیەتی سزادانی بە کۆمەڵی فەڵەستینییەکان بھێنێت، ھەروەھا دەروازە سنوورییەکانیش بە ڕووی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە بکاتەوە.