لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پاکستان ١٥٥ سەرنشینی ئەو شەمەندەفەرەی هێرشی کرایە سەری ڕزگار کران و ٢٧ ئەنجامدەری هێرشەکەش کوژران

Ankara
ئەنقەرە - AA
لە ویلایەتی بەلوچستانی پاکستان، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی لە هێرشێکدا بۆ سەر شەمەندەفەرێک بە بارمتە گیرابوون و ژمارەیان نزیکەی ٤٥٠ کەس دەبوو، ١٥٥ کەس ڕزگارکران و ٢٧ ئەنجامدەری هێرشەکەش کوژران.
بەپێی هەواڵێکی ڕادیۆی پاکستان، دوای ئەوەی هێرشی چەکداری کراوەتە سەر شەمەندەفەرێک کە لە شاری کیتای ویلایەتەکەوە چووە بۆ شاری پیشاوەر لە خیبەر پختونخوا و سەرنشینانی بە بارمتە گیراون، هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ ڕزگارکردنیان ئەنجامداوە.
سەرچاوە ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن کە لەو ئۆپەراسیۆنەدا ١٥٥ کەس ڕزگارکراون و، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانیشدا ٢٧ ئەنجامدەری هێرشەکە کوژراون.
هەروەها سەرچاوەکان باسیان لەوە کرد کە ئەنجامدەرانی هێرشەکە کەسانی خۆکوژیان بە پشتێنەی بۆمبڕێژکراوەوە لای بارمتەکان داناوە.
سەرچاوەکان ئەوەشیان خستەڕوو کە ئۆپەراسیۆنەکە زۆر بە وریایی و وردیی بەڕێوەچووە و، ٣٧ کەس لەوانەی ڕزگارکراون برینداربوون و، بۆ چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی داون، زیانی هێزە ئەمنییەکان و مەدەنی بە تەواوی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام باس لە کوژرانی ١٠ کەس دەکرێت لەوانەیش هەشتیان کارمەندی ئەمنین.
بەرپرسانی ڕێگاکانی ئاسنین لە پاکستان، بڵاویانکردەوە کە نزیکەی ٧٥٠ کەس بلیتی گەشتیان بۆ ئە وشەمەندەفەرە وەرگرتووە، بەڵام شەمەندەفەرەکە لە کیتاوە بە ٤٥٠ کەسەوە بەڕێکەوتووە.