لە دانیشتنێکی بەپەلەدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی باس لە هێرشەکانی ئیسرائیل کرا بۆ سەر ئێران
نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمیر سەعید ئیروانی: "ئەمریکا بووەتە هاوبەشی شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل و بەشدارە لە لێکەوتەکەشیدا".
New York
نیویۆرک - AA
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانیشتنێکی بەپەلەی ساز کرد و، هێرشەکانی ٢٦ی تشرینی یەکەمی ئیسرائیلی بۆسەر ئێران تاوتوێ کرد.
دانیشتنە بەپەلەکە لە دوای نامەی نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمیر سەعید ئیروانی بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی و لەسەر داوای ڕووسیا، جەزائیر و چین ئەنجامدرا.
لە دانیشتنەکەدا جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، خالید خیاری کە بەرپرسە لە کاروبارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیا و زەریای هێمن ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتێرێس ئیدانەی هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەکی گرژییەکان دەکات و ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە کۆتایی بەو چالاکییانە بهێندرێت.
ڕاشیگەیاند: ''دەبێت هەردوولا واز لە تاقیکردنەوەی سنووری یەکتر بهێنن. ئەمەیش پێویستە بۆ ئاشتیی و سەقامگیریی ناوچەکە''.
لە دانیشتنەکەدا نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لیندا تۆماس-گرینفیڵد ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا هاوڕاییەک هەیە لە بارەی ئەوەی کە چالاکییە شەڕانگێزییەکانی ئێران و پشتیوانی کردنی بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان جێگەی قبوڵ نییە، هاوکات هاوڕاییەکی نێودەوڵەتیی هەیە لە بارەی ئەوەی ئیسرائیل مافی بەرگریی شەرعی هەیە، بۆیە لە ٢٦ی تشرینی یەکەمدا ئیسرائیل هەر ئەمەی کردووە.
گرینفیڵد باسی لەوە کرد کە هێرشەکەی ئیسرائیل ئامانجدار و ڕێژەیی و بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکان بووە و هیچ کەسێکی مەدەنی نەکوژراوە، ئەمریکاش بەشداری لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەدا نەکردووە، ئەمریکا پەیامی بۆ ئیسرائیل زۆر ڕوونە و گوتی: "هەردەم دەبینە پشتیوانی بۆ پاراستنی خاکی ئیسرائیل و گەلەکەی لە دەست ئێران و بریکارە تیرۆریستییەکانی".
گوتیشی: "ئەگەر ئێران چالاکییەکی شەڕانگێزی بکاتە سەر ئیسرائیل یان کارمەندانی ئەمریکا لە ناوچەکە، ئەوا دەرەنجامی زۆر جددی لێدەکەوێتەوە. لە چوارچێوەی بەرگریی شەرعیدا سڵ ناکەینەوە لە وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک".
گرینفیڵد ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەمریکا هەڵکشانی گرژیی لە ناوچەکە ناخوازێت و گوتی: "ئیدی ئیسرائیل و ئێران پێویستە کۆتایی بهێنن بە شەڕ و پێکدادانی ڕاستەوخۆی نێوانیان".
نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئیروانی، ئاماژەی بەوە کرد ڕژێمی ئیسرائیلی تاوانبار بە هێرشێکی بە ئەنقەست بۆ سەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێران پێشێلی یاسای نێودەوڵەتی و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە.
گوتیشی: "ئەمریکا بووەتە هاوبەشی شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل و بەشدارە لە لێکەوتەکەشیدا".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن