"لە میانی ٣٨ ڕۆژدا ئیسرائیل دوو ھەزار فەڵەستینی لە باکووری کەرتی غەززە کوشتووە"
بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی غەززە، ئیسماعیل سەوابتە ڕایگەیاند کە لە ئاکامی کۆمەڵکوژیی و پاکتاوی ڕەگەزی کە ماوەی ٣٨ ڕۆژە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە باکووری کەرتی غەززە ئەنجام دەدرێن، دوو ھەزار فەڵەستینی کوشتووە.
Gazze
غەززە ــ AA
حکوومەتی غەززە ڕایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە میانی ٣٨ڕۆژدا لە ئەنجامی ھێرشەکانی بۆ سەر باکووری کەرتی غەززە، دوو ھەزار فەڵەستینی کوشتووە.
بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی غەززە، ئیسماعیل سەوابتە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئیسرائیل ماوەی ٣٨ ڕۆژە بەردەوامە لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی و پاکتاوی ڕەگەزی لە باکووری کەرتی غەززە کە بەھۆیەوە تا ئێستا، دوو ھەزار فەڵەستینی کوژراون کە زۆربەیان منداڵ، ئافرەت و بەساڵاچوون".
ئیسماعیل سەوابتە داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە بەپەلە دەستوەران بکەن لە پێناو وەستاندنی ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەرامبەر بە فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە ئەنجام دەدەرێن.
ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمریکا، بەریتانیا و ژمارەیەک لە وڵاتی ئەورووپا بەرپرسن لەوەی کە ئێستا لە غەززە ڕوودەدات و گوتی: "ئەوانە ھاوبەشن لە سیاسەتی برسێتی و کۆمەڵکوژی کە ئێستا لە کەرتی غەززە پەیڕەو دەکرێت".
ــ ناوچە ئارامەکان
ھەر لەوبارەیەوە ئیسماعیل سەوابتە، ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار کرد کە جیھان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە "نەخشەی ساختە" چەواشە کردووە سەبارەت بە فراوانکردنی ناوچە مرۆییەکان کە بانگەشەی ئەوە دەکات بۆ فەڵەستینییەکان ناوچەی "ئارامن".
گوتیشی: "سوپای داگیرکار بەردەوام ڕاگەیاندراوی درۆ بڵاو دەکاتەوە کە تیایدا بانگەشەی پێشکەشکردنی یارمەتی، دامەزراندنی نەخۆشخانەی مەیدانی و فراوانکردنی ناوچە مرۆییەکان دەکات".
ڕاشیگەیاند: "سوپای داگیرکار نەخشەی ئەو ناوچانەی کە بە ناوچەی مرۆیی و ئارام وەسفیان دەکات بڵاو دەکاتەوە، دواتر بە بۆمب و مووشەک دەیانکاتە ئامانج کە بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆری فەڵەستینی دەکوژرێن و بریندار دەبن".
بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی غەززە ئەوەشی وەبیرھێنایەوە کە ژمارەیەک لەو ناوچانەی کە بۆ فەڵەستینییەکان وەک ناوچەی "ئارام" ڕاگەیاندرابوون، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج لەوانە ناوچەی مەواسی ڕۆژئاوای خان یونس و دێر بەلەح.
ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە، ھەماھەنگیکاری کاروباری حکوومەتی ئیسرائیل لە ناوچەکانی فەڵەستین، غەسان عەلیان بانگەشەی ئەوەی کردووە: "سوپای ئیسرائیل ناوچەی مرۆیی (مەواسی باشووری کەرتی غەززە)ی فراوانتر کردووە کە لە میانیدا ژمارەیەک نەخۆشخانەی مەیدانی لە ناوچەکە دروست کردووە".
ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو سوپای ئیسرائیل خاڵێکی لە نزیک خێوەتی ئاوارە فەڵەستینییەکانی لە ناوچەی مەواسی بۆردومان کرد و بەھۆیەوە، ١١ فەڵەستینی کوژران.
ــ یارمەتییە مرۆییەکان
بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی غەززە، ئیسماعیل سەوابتە لەبارەی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە، ڕایگەیاند کە ئیسرائیل بەردەوامە لە سیاسەتی ڕێگریکردن لە گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە.
گوتیشی: "سوپای داگیرکار بەھیچ شێوەیەک ڕێگا نادات خۆراک و دەرمان بگەیەندرێنە کەرتی غەززە".
باسی لەوەش کرد کە ماوەی ١٩٠ رۆژە، دەروازەی ڕەفەح داخراوە کە ڕێگایەکی سەرەکییە بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و گوتی: "بەھۆی برسێتییەوە لە باکووری کەرتی غەززە، ژمارەیەکی زۆری فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە".
ئیسماعیل سەوابتە ئاماژەی بەوەشدا کە ژمارەیەک بارھەڵگر کە ٦٠٠ ھەزار تۆن یارمەتی مرۆیی و خۆراکیان ھەڵگرتووە لە دەروازەی ڕەفەح گیریان خواردووە و ئیسرائیل ڕێگا نادات ئەو بارھەڵگرانە بێنە ناو کەرتی غەززەوە.
ئەمەش لە کاتێکدا ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ھۆشداری ئەوەیان داوە، ئەگەری ھەیە کە بەھۆی بەردەوامی ڕیگری سوپای ئیسرائیل لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە، برسێتی لە باکووری کەرتی غەززە ڕابگەیاندرێت.