وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: "هەنگاوەکانی ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی UNRWA پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە"
Ankara
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاویکردەوە هەوڵەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوون و کارپێکردنی پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA) لە خاکی داگیرکراوی فەڵەستیندا، بە ڕوونی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە.
سەبارەت بەو هەنگاوانەی پەرلەمانی ئیسرائیل ناویەتی بۆ قەدەغەکردنی چالاکییەکانی ئاژانسەکە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئەو هەنگاوانەی پەرلەمانی ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی UNRWA لە خاکی داگیرکراوی فەڵەستیندا، بە ڕوونی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە".
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە ئیسرائیل بە کردنە ئامانجی UNRWA دەیەوێت چارەسەری دوو دەوڵەتی لەناوبەرێت و ڕێگریی بکات لە گەڕانەوەی پەنابەرانی فەڵەستین بۆ نیشتمانی سەرەکی خۆیان، ئەمە لە کاتێکدا چالاکییەکانی ئاژانسی UNRWA کە لە ساڵی ١٩٤٩ەوە تا ئێستا هاوکاری ژیانی ملیۆنان پەنابەری فەڵەستین دەکات، لە ڕووی سەقامگیری هەرێمییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەیش کراوە کە بەرپرسیارێتی یاسایی و ویژدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە هەڵوێستێکی بەهێز نیشان بدات لە بارەی قەدەغەکردنی چالاکییەکانی ئاژانسی UNRWA کە بە بڕیاری ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوە و، هاتووە: "تورکیا کە سەرۆکایەتی گرووپی کاری دارایی UNRWA دەکات، لە ڕووی سیاسیی و داراییەوە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی کردنی ئاژانسەکە".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن