جيهان

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند ئەگەری هەیە لە ڕێگەی عومانەوە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بکرێت

Ahmet Dursun  | 13.03.2025 - نوێکردنەوە : 14.03.2025
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند ئەگەری هەیە لە ڕێگەی عومانەوە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بکرێت

Tahran

تاران - AA

وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە دانوستانەکان لەگەڵ ئەورووپا لە پرسی ئەتۆمیدا درێژەیان هەیە و، هاوتەریب لەگەڵ ڕووسیا و چینیشدا لە نزیکەوە بەردەوامین لە ڕاوێژ کردن و، ئەگەری ئەوەیش هەیە لە ڕێگەی عومانەوە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بکرێت.

لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی 'ئێران' ی سەربە ئاژانسی فەڕمی IRNA، عراقچی باسی لە بانگەوازەکەی ئەمریکا بۆ دانوستان، هەڕەشەکان و پێشهاتەکانی سیاسەتی دەرەوە کرد.

سەبارەت بە سیاسەتەکانی "زۆرترین گوشاری" سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ عراقچی ڕایگەیاند: ''ئەگەر لە دۆخێکدا کە لایەنەکەی دیکە زۆرترین گوشار پەیڕەو بکات بچینە دانوستانەکانەوە، ئەوا بە پێگەیەکی لاوازەوە دەست بە دانوستانەکان دەکەین و، ناتوانین هیچ شتێک بەدەستبهێنین. لەبەر ئەوە ئەمە پرسێکی ئینکاری یان ئایدیالیزم نییە، بەڵکو پرسێکی شارەزاییە. پێویستە لایەنی بەرامبەر بیسەلمێنێت کە سیاسەتی گوشار ناکاریگەرە، هەتا بتوانین بە مەرجی یەکسان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین".

عراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە دانوستانەکان لەگەڵ ئەورووپا درێژەیان هەیە و، ڕایگەیاند: "لە خولی پێشوودا ئەورووپییەکان نێوەندگیرییەکی باشیان کرد، ئێستاش دەتوانن هەمان دەور بگێڕن. لەگەڵ ئەورووپییەکان بەردەوام دەبین لەسەر ئەم دانوستانانە، هاوتەریب لەگەڵ ڕووسیا و چینیشدا لە نزیکەوە بەردەوامین لە ڕاوێژ کردن''.

هەروەها عراقچی باسی لەوە کرد کە ئامانجیان ئەوەیە ئەمریکا سزا تاک لایەنەکانی هەڵگرێت و، ڕایگەیاند: ''ئێمە لە هەلومەرجی یەکسان و کاتێک دووربووین لە گوشار و هەڕەشەکان، کاتێک دڵنیابوون لەوەی بەرژەوەندیە نەتەوەییەکانی گەلەکەمان زامن دەکرێت، ئەوا (لەگەڵ ئەمریکادا) دەچینە دانوستانی ڕاستەوخۆوە".

لە وەڵامی پرسیارێکدا لە بارەی ئەوەی ئایا وەک پێشووتر لە ڕێگەی عومانەوە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا دەکرێت یان نا، عراقچی ڕایگەیاند: "بەڵێ ئەمە شێوازێکی نامۆ نییە و بە درێژایی مێژوو دەیان جار ڕوویداوە. ئەو وڵاتانەی نایانەوێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەکتردا گفتوگۆ بکەن، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گفتوگۆیان کردووە. لەبەرئەوە دەرفەتی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەبەردەستە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın