جيهان

ڕێکخراوی تیرۆریستیی "پەکەکە/یەپەگە" ساڵانە زیاتر لە ٢.٥ ملیار دۆلار لە نەوتی سووریا بەتاڵان دەبات

- ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە، ڕۆژانە بە لانیکەم ١٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لەو ناوچانەی کە لە سووریا داگیری کردوون، دەردەھێنێت.

Eşref Musa, Ömer Koparan  | 27.06.2024 - نوێکردنەوە : 28.06.2024
ڕێکخراوی تیرۆریستیی "پەکەکە/یەپەگە" ساڵانە زیاتر لە ٢.٥ ملیار دۆلار لە نەوتی سووریا بەتاڵان دەبات

Tel Abyad

تەل ئەبیەز ــ AA

ڕێکخراوی تیرۆریستيی "پەکەکە/یەپەگە" زیاتر لە سەدا ٧٠ی کێڵگە نەوتییەکانی سووریای داگیرکردووە و ڕۆژانە بە لانیکەم ١٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت دەردەھێنێت و ساڵانە داهاتێکی ٢.٥ ملیار دۆلاری بۆخۆی دەستەبەر دەکات.

بەپێی ئەوە زانیارییەی کە ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوەکانی خۆیەوە دەستی کەوتووە و چاودێری ئەو کێڵگە نەوتییانەی کردووە کە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستيی "پەکەکە/یەپەگە" لە پارێزگای حەسەکە باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا داگیرکراون، پڕۆسەی بەقاچاغبردنی سووتەمەنی لەو کێڵگە نەوتییانەوە لەلایەن ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەوە بەرەو باکووری عێراق ئەنجام دەدرێت.

لە دیمەنەکاندا، دەیان بارھەڵگری سووتەمەنی دەبیندرێن کە لە ڕێگای دەروازەی سنووری "سێمێلکا" نێوان سووریا و عێراق دەچنە باکووری عێراق.

ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە زیاتر لە سەدا ٧٠ی کێڵگە نەوتییەکانی سووریای داگیرکردووە و ساڵانە وەک داھات لە فرۆشتنی نەوتی سووریا لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی، دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بە تاڵان دەبات، ھەروەھا ڕێکخراوەکە داھاتێکی زۆر لە فرۆشتنی نەوت و قاچاخچێتی دەست دەکەوێت.

ھەریەک لە کێڵگە نەوتییەکانی عومەر، کۆنیکۆ، عەزبە لە پارێزگاکانی دێرازۆر و سوەیدییە و کێلگەی نەوتی ڕومێلان بە گەورەترین ئەو کێلگە نەوتییانە دادەندرێن کە لە سووریا، لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی "پەکەکە/یەپەگە"وە داگیرکراون.

ھەروەھا بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوە بەرپرسەکانی کاری گەڕان و گواستنەوە لەو کێڵگە نەوتییانە کە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیى"پەکەکە/یەپەگە" داگیرکراون، دەستی کەوتووە، ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە، ڕۆژانە بە لانیکەم ١٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لەو ناوچانەی کە لە سووریا داگیری کردوون، دەردەھێنێت.

لەوبارەیەوە مستەفا مستەفا کە وەک شوفێری بارھەڵگرێکی سووتەمەنی لەو ناوچانەی سووریا کە لەلایەن ڕێکخراوەکە تیرۆریستییەکە داگیرکراون کار دەکات، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی کرد و ڕایگەیاند کە ئەوان نەوتی خاو لە ڕێگای بارھەڵگرەکانەوە دەگوازنەوە بۆ باکووری عێراق و ئەو ناوچانەی کە لە سووریا لەژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد دان.

گوتیشی: "ئێمە لە خاڵە تایبەتەکانی سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، بارھەڵگرەکانمان پڕ دەکەین، شەوانەش بە نایاسایی لە ڕێگای دەروازەی سنووری سێمێلکا و خاڵە نایاساییەکانی دیکەوە، دەپەڕێنینەوە باکووری عێراق".

ئاماژەی بەوەشدا کە پڕۆسەکانی بەقاچاغبردنی نەوت بۆ ناوچەکانی ژێرکۆنتڕۆڵی ڕژێمی سووریا و باکووری عێراق، لەلایەن بەناو "ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری" ڕێکدەخرێن، ھەرچەندە وا دیارە کە بازرگانانی سەربەخۆ ئەو کارانە ئەنجام دەدەن.

باسی لەوەش کرد کە بەشێک لە نەوتەکە لە بازاڕی ڕەش لە عێراق دەفرۆشرێت و بەشێکی دیکەشیان بە کەسانی سەر بە بەناو "ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری" دەفرۆشرێت.

تیرۆریستانی ڕێکخراوەکە، بەھۆی بوونی کێشە و گرفت لە ژێرخانی تەکنیکی و لۆجستی لە بەرھەمھێنانی نەوتدا، ڕۆژانە بە ھەزاران بەرمیل نەوتی خاو دەنێرن بۆ باکووری عێراق.

لە کاتێکدا، بەشێک لە نەوتەی کە دەپاڵێورێت، دووبارە دەگەڕێنرێتەوە بۆ دەرەوەی بۆ ئەو ناوچانەی کە لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکەوە داگیر کراون، بەشەکەی دیکەش بە بارھەڵگر دەگوازرێنەوە بۆ باکووری عێراق و بە نایاسایی لەوێ دەفرۆشرێن.

تا ساڵی ٢٠١٧ تیرۆریستێک بەناوی عەلی شعر بەرپرسی چالاکییەکانی فرۆشتن و بەبازاڕکردنی نەوت بوو لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات لەو کێڵگە نەوتییانەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکە تیرۆریستییەکە داگیرکراون، بەر لەوەی شاھۆز حەسەن ھاوسەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/کەجەکە-پەیەدە/یەپەگە لە سووریا بکرێت بە بەرپرسی چالاکییەکانی فرۆشتن و بەبازاڕکردنی نەوت، کە لە ساڵی ١٩٩٤وە پەیوەندی بەو ڕێکخراوە کردووە و کۆمپانیا یەک بە ناوی کۆماپانیای نەوتی جەزیرە، بەڕێوەدەبات.

شاھۆ حەسەن بەشێک لە بەرھەمی نەوتییەکانیان لە ڕێگای دەروازە سنوورییەکانی سێمێلکا، مەحمودییە و وەلید ڕەوانەی باکووری عێراق دەکات و لەوێ لە ڕێگای کەسێکی نێوەندگیرەوە بە ناوی فوئاد محەمەد ناسراو بە "ئەبو دەلو" لە بازاڕی ڕەش دەیفرۆشێت.

ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە یەک بەرمیل نەوت کە دەیگوازێتەوە بۆ باکووری عێراق، بە ٣٠ دۆلار دەیفرۆشێت.

ھەرچەندە حکوومەتی ئەمریکا، سەپاندنی سزاکانی سەر ڕژێمی بەشار ئەسەد کە بە سزاکانی "قەیسەر" وەکو خۆی ھێشتووەتەوە، بەڵام ھاوبەشە ستراتیژییەکەی "ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/یەپەگە"، زۆربەی نەوتی خاو و پاڵێوراو بە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕژێم دەفرۆشێت.

ڕێکخراوەکە بەشێک لە نەوتەکە لەگەڵ ئەو قاچاخچیانەی کە لەگەڵیاندا ھاوکارە بە بارھەڵگرەوە لە ڕێگای ڕووباری فورات بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕژێم دەنێرێت، بەشێکی دیکەش لە ڕێگای بارھەڵگرەوە لە دەروازەی ناوچەی تەبقە لە ڕەققەوە ڕەوانە دەکات.

ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە، نەوت لە ڕێگای بارھەڵگرەکانی سەر بە حسام قاتەرجی کە لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٨دا، خراوەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە، ڕەوانەی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕژێم، دەکات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەکانەوە لە دەروازەی تەبەقە دەست کەوتوون، ڕۆژانە ٢٠٠ بارھەڵگری سەربە کۆمپانیای قاتەرجی، نەوت دەگوازنەوە بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕژێم.

ڕێکخراوەکە ڕۆژانە، ٣٥ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگای ڕەققە و دێرازۆرەوە بە ڕژێم دەفروشێت کە ھەر بەرمیلێک بە ٧٠ دۆلار ھەژمار کراوە.

ئاژانسی ئانادۆڵو توانیویەتی زانیاری لەسەر نرخ و بڕی ئەو نەوتە بەدەست بھێنێت کە ئەمساڵ بە شێوەیەکی نایاسایی لەلایەن ڕێکخراوەکەوە بارزگانی پێوەکراوە.

بەپێی زانیارییەکان ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە، ڕۆژانە لە ڕێگای فرۆشتنی ٣٠ ھەزار بەرمیل نەوت بە باکووری عێراق کە نرخی ھەر بەرمیلێک بە ٣٠ دۆلار ھەژمار کراوە، ٩٠٠ ھەزار دۆلاری دەست دەکەوێت و کە داھاتی ساڵانە دەگاتە ٣٢٨ ملیۆن دۆلار.

ھەروەھا ڕیکخراوی تیرۆریستیى پەکەکە/یەپەگە، ڕۆژانە لە ڕێگای فرۆشتنی ٣٥ ھەزار بەرمیل بە ناوچەکەی ژێر کۆنتڕۆڵی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ٤٥٠ ھەزار دۆلاری دەست دەکەوێت کە داھاتی ساڵانەی دەگاتە زیاتر لە ٨٩٤ میلۆن دۆلار.

بەمەش ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە، ساڵانە بە بەھای یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار داھات لە فرۆشتنی نەوت بە ڕژێمی بەشار ئەسەد و باکووری عێراق، بە دەست دەهێنێت.

ھەروەھا ڕێکخراوەکە، ڕۆژانە ٨٥ ھەزار بەرمیل نەوت لەو ناوچانەی کە داگیری کردوون لە ڕێگای قاچاخچی و بریکارەکانییەوە بە نرخی ٤٢ دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک دەفرۆشێت و بەوەش ڕۆژانە سێ ملیۆن و ٥٧٠ ھەزار دۆلاری دەست دەکەوێت کە داھاتی ساڵانەی دەگاتە یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار.

بەوەش ڕێکخراوەکە، ساڵانە بە بەھای دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە فرۆشتنی نەوت لە سوورییەکان، دەدەزێت.

ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە لەو کاتەی ناوچەکە بە پاڵپشتی ئەمریکا لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٧وە لە دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی "داعش" دەرھێنا و داگیری کردووە، بڕە پارەیەکی زۆری لە دزینی نەوت دەست کەوتووە.

ھاوکات لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوەی تورکی لە سەنتەری توێژینەوەی عومران، ئۆمەر ئۆزکیزلچیک قسەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد و ڕایگەیاند، ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی "پەکەکە/یەپەگە"، بەدەست کێشەیەکی گەورەی سووتەمەنییەوە دەناڵێنن.

ئاماژەی بەوەشدا کە ڕێکخراوەکە، پێداویستییەکانی خۆی لە داھاتی فرۆشتنی نەوت دابین دەکات، ھەروەھا بەشیک لە داھاتەکەش بۆ پێکھاتەکانی ڕێکخراوەکە لە چیای قەندیل دەنێرێت.

جەختیشی لەوە کردەوە کە "پەکەکە/یەپەگە"، دەوڵەمەندترین ڕێکخراوی تیرۆریستییە لە جیھاندا، بەو پێیەی سەرچاوەی داھاتی زۆری لە سووریا و دەرەوە ھەیە، لەوانە بازرگانیکردن بە نەوت و ماددە ھۆشبەرەکان، ھەروەھا پاڵپشتی دارایی لە بازرگانانی یەکێتیی ئەورووپا لە ژێر ناوی کۆکردنەوەی بەخشین، وەردەگرێت.

ھەروەھا ئاماژەی بەوەشدا، ڕێکخراوەکە نەوت ڕەوانەی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕژێم دەکات، ئەوەش لە ڕێگای ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان بە ڕژێمەوە ھەیە، نەک لە ڕێگای کەناڵە فەرمییەکان.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن