کۆمکاری عەرەبی: "کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە باکووری غەززە ئامانج لێی کۆچپێکردنی زۆرەملێی فەڵەستینییەکانە"
سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبوغێت ڕایگەیاند: "ئیسرائیل سوود لە سەرقاڵبوونی جیھان بە دۆخی لوبنان وەردەگرێت، بۆ بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی تاوانی زیاتر لە غەززە".
Istanbul
قاھیرە ــ AA
سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبوغێت ڕایگەیاند، کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە باکووری کەرتی غەززە، ئامانج لێی کۆچپێکردنی زۆرەملێی فەڵەستینییەکانە لە باکوورەوە بۆ باشووری کەرتی غەززە.
ئەمەش لە کاتێکدا ماوەی نۆ ڕۆژە لەسەر یەکتر، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵکوژی لە باکووری کەرتی غەززە.
ئەحمەد ئەبوغێت لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، بە توندی سەرکۆنەی ئەو ھێرشانەی ئیسرائیل لە باکووری کەرتی غەززە دەکات بە تایبەتی لە شارۆچکەی جەبالیا کە لە ئاکامدا تا ئێستا سەدان کەس کوژراون و برینداربوون.
ڕاشیگەیاندووە: "ئیسرائیل سوود لە سەرقاڵبوونی جیھان بە دۆخی لوبنان وەردەگرێت، بۆ بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی تاوانی زیاتر لە غەززە".
باسی لەوەش کرد کە ئیسرائیل پلانی ھەیە باکووری غەززە لە ناوچەکانی دیکەی کەرتی غەززە جیا بکاتەوە و ڕایگەیاندووە، ئامانج لە کۆمەڵکوژییەکەی ئیسرائیل لە باکووری کەرتی غەززە، کۆچپێکردنی زۆرەملێی فەڵەستینییەکانە لە باكوورەوە بۆ باشووری کەرتی غەززە.