New York
نیویۆرک ــ AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان ڕایگەیاند کە ناکرێت چاوەڕوانی نیازپاکی ئیسرائیل بکریت بۆ جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتیی.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ٧٩ھەمینی خولی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، کۆبوونەوەی کۆمەڵەی پەیوەندیی رێکخراوی ھاریکاریی ئیسلامی، کۆمکاری عەرەبی، یەکێتیی ئەورووپا و نەرویج لەبارەی غەززە، ئەنجامدرا.
ھاکان فیدان لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکان لەبارەی ئاگربەست لە غەززە، گەیشتوونەتە بن بەست و "شەپۆلی کوشتنەکان"ی ئیسرائیل لە غەززە بەردەوامن و ھیچ ئەگەرێک نییە تا کۆتاییان پێ بھێنێت.
ڕاشیگەیاند کە دەستپێشخەرییەکانی ئاگربەست، ھەموو جارێک لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاھو، تێکدراون و گوتی: "ئیسرائیل سەرەتا دەستدرێژییەکانی بۆ سەر کەناری ڕۆژئاوا و قودسی ڕۆژھەڵات درێژکردەوە، ئێستایش بۆ لوبنان".
ھەروەھا وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان ھۆشداری ئەوەی دا کە ناوچەکە بەھۆی سیاسەتەکانی ناتانیاھو، گەیشتووەتە خاڵێکی ھەستیار.
ڕاشیگەیاند، بڕیارەکەی پەرلەمانی ئیسرائیل کە باس لە ڕەتکردنەوەی دەوڵەتێکی فەڵەستین و چارەسەری دوو دەوڵەتیی دەکات، ڕوون و ئاشکرایە لەوەی ناکرێت چاوەڕوانی نیاز پاکی ئیسرائیل بکریت بۆ جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتی.