جيهان, archive, archive, رۆژەڤي وەرزش

شكستەكەی ریال مەدرید

دوای ئەوەی دوێنێ شەو یانەی ریال مەدرید دووچاری گەورەترین شكست بووەوە و لە بارەی یارییەكە راھێنەری یانەی ریال مەدرید كارڵۆ ئەنجێڵۆتی گوتی: "لەوەتەی ھاتوومەتە ریال ئەوە بۆ یەكەمین جارە بەو شێوەیە خراپە یاریمان كرد".

08.02.2015 - نوێکردنەوە : 08.02.2015
شكستەكەی ریال مەدرید

مەدرید

 

راھێنەری یانەی ریال مەدرید كارڵۆ ئەنجێڵۆتی دوای ئەوەی كە دوێنێ شەو بە چوار گۆڵی بێ بەرامبەر لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید دۆڕان رایگەیاند كە لە یارییەكەدا خراپترین ئاستی ئەو وەرزەیان نیشان داوە.

لە جەولەی 22ی یارییەكانی خولی لالیگای ئیسپانی دوێنێ شەو ریال مەدرید بووە میوانی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید. لەو یارییەدا یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید تۆپبارانی ریال مەدریدی كرد و توانی بە چوار گۆڵی بێ بەرامبەر یارییەكە بباتەوە. دوای یارییەكە راھێنەری یانەی ریال مەدرید كارڵۆ ئەنجێڵۆتی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرد و گوتی: "بەرپرسیاریەتی خراپ یارییكردنمان دەگرمە ئەستۆی خۆمەوە، بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە ئەوە یەكەمین یارییە كە ئاستێكی ئاوا خراپ نیشان دەدەین، لەوەتەی ھاتوومەتە ریال ئەوە بۆ یەكەمین جارە بەو شێوە خراپە یاریمان كرد. تەنیا یەك یاریزانیشمان نەیتوانی ئاستێكی باش نیشان بدات. لە زۆربەی ھێرشەكاندا دوا كەوتین و ھەموو تۆپە باشەكانمان لە دەست دا."

ئەنجێڵۆتی ئاماژەی بەوەدا كە ئەو شكستە كاریگەریی نەرێنی لەسەر یانەكە دروست دەكات و گوتی: "بۆ ئەوەی لە داھاتوودا رووبەڕووی ئەو جۆرە شكستانە نەبینەوە پێویستە خۆمان بگۆڕین. من ئەو یارییەی دوێنێ شەو لە یاد ناكەم، پێویستە سەرجەم ھەڵەكانمان قەرەبوو بكەینەوە. سەرەتا خۆم دواتر ھەموو كەسێك بەرپرسیاریەتی بگرێتە ئەستۆی خۆی. ئاسایی نییە كە یانەی ریال مەدرید بەو شێوەیە یاری بكات".

راھێنەری یانەی ریال مەدرید كارڵۆ ئەنجێڵۆتی راشیگەیاند كە ئەتلەتیكۆ مەدرید شایەنی بردنەوە بووە. ئەو گوتی: "یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید یارییەكی بە كوالیتی ئەنجام داو رێكخستنێكی سەركەوتووی لە نێو یاریگەدا نیشاندا. روون ئاشكرایە كە ئەوان لە ئێمە باشتر یارییان كرد. ئاساییە ئەو یارییەیان بردەوە بەڵام یاری دیكەش ماوە و وەرزەكە دوور و درێژە. ئەوان سێ خاڵیان بردەوە بەڵام ئەو سێ خاڵە بە مانای ئەوە نایەت كە دەبن بە پاڵەوانی خولەكە.

لای خۆشییەوە ئەستێرەی پرتوگالی كریستیانۆ رۆناڵدۆ سەبارەت بە شكستەكەی ریال گوتی: "ھیچ ھەنگاوێكمان سەركەوتوو نەبوو پێویستە بە زووترین كات ئەو رۆژە لە یاد بكەین. كاتێك چووینە ژووری خۆگۆڕین ھەموو یاریزانەكان دڵتوند و پەرێشان بوون. یانەی ریال مەدرید لە بەرامبەر ھیچ یانەیەك بە چوار گۆڵی بێ بەرامبەر نادۆڕێت بەڵام پێویستە گەشبینیش بین و وانە لەو یارییە وەربگرین".

رۆناڵدۆ ئاماژەی بەوەشدا كە ئەوان تا ئێستا ھەر لە پێشەنگی خولەكەدان و گوتی: "پێویستە بە دوای بیانوو نەگەڕێین، ئێمە بە جەستە و بە فكر لە نێو یاریگەدا نەبووین. راستە ئێمە ھەڵەمان ھەیە بەڵام سەرمان بەرزە و لە رێی خۆمان بەردەوام بێت. ئێستا كاتی شیوەن و خەم خواردن نییە خولەكە بەردەوامە."

راھێنەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید دێگۆ سیمیۆنێ سەبارەت بە بردنەوەكە گوتی: "سوپاسی یاریزانەكانمان دەكەین كە توانیان دڵمان خۆش بكەن. ھەندێك شت ھەر لەخۆیەوە دروست دەبێت، من پێم وایە ئەو ئەنجامە تەنیا سەركەوتنێكە لە یارییەكی خولەکە. ئێمە فەلسەفەمان نەگۆڕیوە ھەموو یارییەك بە شێوازێك یاری دەكەین و كاری لەسەر دەكەین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın