مێسی ژمارەی پێوانەیی تۆماركردنی گۆڵ دەشكێنێت
یاریزانان و راھێنەری یانەی بەرشهلۆنە بە بۆنەی شكاندنی ژمارەی پێوانەیی تۆماركردنی گۆڵ لە خولی لالیگا، ئاھەنگێكیان بۆ مێسی سازكرد.

مەدرید
لە یارییەكانی ھەفتەی 12ی خولی لالیگای ئیسپانی، بەرشهلۆنە بە 5 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە یانەی سێڤییای بردەوە و لەو یارییەدا یاریزانی بهرشهلۆنه لیۆنێل مێسی توانی سێ گۆڵ بۆ یانەكەی تۆمار بكات. بە تۆمار كردنی ئەو سێ گۆڵەش مێسی ژمارەی گۆڵەكانی گەیاندە 253 گۆڵ بەو شێوەیە ژمارەی پێوانەیی تۆماركردنی گۆڵ لە خولی لالیگا شكاند.
لە مێژووی خولی لالیگادا تا ئێستا ھیچ یاریزانێك 253 گۆڵی تۆمار نەكردووە. راھێنەر و یاریزانانی بەرشلۆنە بە ستایشەوە پێشوازیان لەو دەستكەوتەی میسی كرد.
راھێنەری یانەی بەرشهلۆنە لویس ئەنریكە گوتی: "مێسی تاكە و دووبارە نابێتەوە، مێسی لەگەڵ ھیچ یاریزانێك بەراورد ناكرێت. ئێمە چیێژ لەو ھەلە وەردەگرین".
یانەكە فلێكسی پیرۆزباییان بۆ مێسی لە یاریەگەی نێۆ كامپ ھەڵواسی.
سەرۆكی یانەی بەرشهلۆنە ژۆزێف مارییا بارتێمێیۆ دوای یارییەكە لە كەناڵی تەلەفزیۆنی یانەكە گوتی: "لەو یانەیەدا ھەموومان پشتگیری لە مێسی دەكەین پێویستە ھەموومان ھاوكاری مێسی بكەین. ھەمیشە پرسیاری دارایی ئاراستە دەكەن، بەڵام ئەو لە نێو یاریگەدا قسە دەكات. مێسی ھێشتا گەنجە لەگەڵ یانەی بەرشلۆنەش شتی باشتر دەكات. لەگەڵ مێسی ئامانجەكانمان بەرزتر دەبێتهوه".
لە بارەی ئەوەی ئایە مێسی گەیشت بە دەستكەوتی خۆی، سەرۆكی یانەی بەرشهلۆنە گوتی: "لە بەرشهلۆنە و كەتەلۆنیادا، بەڵی گەیشت بەوەی كە دەیویست، بەڵام لە دەرەوە بە گوێرەی پێویست نەبوو. یاریزانێكی پیشەگەرە و باشترینی مێژووی تۆپی پێیە. مێسی لەگەڵ یاریزانەكان بە ھەماھەنگی یاری دەكات ئەوەش لە یارییەكاندا دیارە".
كاپتنی یانەكەی بهرشهلۆنه شاڤی ھێرناندێز لە بارەی دەستكەوتەكەی مێسی گوتی: "سەرسامكەرە و شتێكی مێژووییە، لیۆ مرۆڤێكە شایستەی ئەو نازناوەیە و یاریزانێكی زۆر گەورەیە. مێسی لێرە زۆر دڵخۆشە دوبارە ئەوەی دوپاتكردەوە، كاتێك ئەویش دڵخۆش دەبێت بەرشەلۆنهش دڵخۆشە".
دوای یارییەكە سەرجەم یاریزانانی ئەو یانەیە لە ژووری خۆگۆڕیندا بە بۆنەی شكاندنی ژمارەی پێوانەیی گۆڵ پێرۆزباییان لە مێسی كرد و وێنەیان لەگەڵ گرت و لە تۆڕە كۆمەڵاییەتیەكاندا بڵاویانكردەوە.
دوای ئاھەنگەكە، مێسی لە بەردەم كامێراكان بۆ كورەكەی گوتی: "خۆشم دەوێی گیانەكەم".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن