سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ڕووسیا دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین جەختیان لەوە کردەوە کە گرنگە وڵاتە زلھێزەکان ھەوڵی زیاتر بدەن بۆ کۆتاییھێنان بە شەڕ و ڕێگرییکردن لە فراوانکردنی شەڕ کە ھەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە و جیھان دەکات.
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین قسەی کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ڕووسیا، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات بەدیبھێنێت، تاوتوێ کراوە.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، گفتوگۆکراوە لە بارەی پێشھاتەکانی دۆخی ناوچەکە و لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ڕووسیا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە گرنگە وڵاتە زلھێزەکان ھەوڵی زیاتر بدەن بۆ کۆتاییھێنان بە شەڕ و ڕێگرییکردن لە فراوانکردنی شەڕ کە ھەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە و جیھان دەکات.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، باس لە پرسی وزە و گرنگی ھەماھەنگی نێوان سەرجەم وڵاتانی پەیوەندیدار لە ڕێکخراوی ئۆپێک و گرووپی ئۆپێک پڵەس كراوە، ئەوەش بە مەبەستی سەقامگیرکردنی نرخی نەوت و غاز لە بازاڕەکانی جیھاندا.