سياسەت, شیکردنەوە, عێراق

نزیکەی شەش مانگە سوننەکان نەیانتوانیووە لەبارەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بگەنە ڕێککەوتن

بەھۆی ئەوەی لایەنە سوننەکان لەبارەی کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نەگەیشتنە ڕێککەوتن، ئێستا تەنھا بە دەنگدان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، پرسەکە یەکلایی دەکرێتەوە.

Zana Natık Kerem  | 07.05.2024 - نوێکردنەوە : 08.05.2024
نزیکەی شەش مانگە سوننەکان نەیانتوانیووە لەبارەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بگەنە ڕێککەوتن

Arbil

ھەولێر ــ AA

لە دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فێدڕاڵی عێراق لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەندامییەتی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەریەک لە ھاوپەیمانی تەقەدووم، ھاوپەیمانی سەروەریی و ھاوپەیمانی عەزم کە بە سێ لایەنی سەرەکی سوننە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دادەندرێن، سەرەرای ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆ، بەڵام لەسەر کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نەگەیشتنە ڕێککەوتن.

ڕۆژی ١٤ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، دادگای باڵای فێدڕاڵی عێراق، ئەندامییەتی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵوەشاندەوە و نزیکەی شەش مانگە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بێ سەرۆکە.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆژی ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، نەیتوانی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران یەکلایی بکاتەوە، ئەوەش دوای دەنگدان بۆ دیاریکردنی سەرۆک گەیشتە گەڕی دووەم و ڕاگیرا، ڕکابەرییەکە لە نێوان بەربژێری تەقەدووم، شەعلان کەریم و بەربژێری ھاوپەیمانیی سەروەریی، سالم عیساوی مایەوە و بەربژێری عەزم، مەحمود مەشھەدانی لە گەڕی یەکەمدا، دەنگی پێویستی بەدەست نەھێنا.

لەئێستادا ھەریەک لە ھاوپەیمانی سەروەریی بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر و ھاوپەیمانی عەزم بەسەرۆکایەتی موسەننا سامەڕایی و ھاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی ئوسامە نوجێفی لەسەر بەربژێرکردنی سالم عیساوی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕێککەوتوون.

تا ئێستا پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی ھیچ کاردانەوەیەکی لەبارەی ئەو ھەنگاوەی ھاوپەیمانی سەروەریی، ھاوپەیمانی عەزم و ھاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی، نیشاننەداوە.

ڕۆژی ١٨ی مانگی ڕابردوو، شەعلان کەریم لە بەربژێری پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کشایەوە، بێ ئەوەی ھۆکارەکەی ڕابگەیەنێت.

- لایەنە شیعەکان لەسەر پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون

بەھۆی ئەوەی لایەنە سوننەکان لەبارەی کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، ئێستا تەنھا بە دەنگدان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، پرسەکە یەکلایی دەکرێتەوە.

تا ئێستا دیار نییە کاندیدی کام لایەنی سوننە چانسی ئەوەی ھەیە وەک جێگرەوەی محەمەد حەلبووسی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێردرێت، چونکە لایەنەکانی سوننە، شیعە و کورد کۆدەنگی تەواویان لەسەر کاندیدەکان نییە.

لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، بەجۆرێک بەرەیەکیان لەگەڵ ئەوەدان پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەموار بکرێتەوە و تەقەدووم بەربژێرێکی دیکە پێشکەش بکات، بەرەکەی دیکەی چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ ئەوەدان کە لایەنە سوننەکانی دیکە ھاوشێوەی تەقەدووم بەربژێری خۆیان پێشکەش بکەن.

لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی کە ژمارەیەک لایەنە شیعەکان لەخۆدەگرێت لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، خاوەن ١٣٠ کورسین و بەوەیش لە ئەنجوومەنەکە زۆرینە پێکدەھێنن.

- پارتی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە شایستەی سوننە دەزانێت

لەماوەکانی ڕابردوودا گوتەبێژی بارەگای بارزانی، خالیدە خەلیل ھەڵوێستی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانیی لەبارەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی ڕاگەیاندبوو و ئاماژەی بەوەدابوو کە مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەوەدایە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، شایستەی پێکھاتەی سوننەیە.

خالیدە خەلیل باسی لەوەشکردبوو، ھەر کاندیدێک کە بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی عێراق ھەڵدەبژێردرێت پێویستە کۆدەنگی یان ڕەزامەندیی زۆرینەی لایەنە سوننەکانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی لەسەر بێت.

بە گوتەی شرۆڤەکارانی سیاسی، ئەگەری ھەیە یەکلایینەکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەلایەن سوننەکانەوە کاریگەریی لەسەر بنەمای ھاوبەشی، ھاوسەنگی و سازانی نێوان سوننە، کورد و شیعە دروست بکات.

لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسیی لە عێراق کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.

بەپێی ئەوەی، پارتی تەقەدووم لەنێو لایەنە سوننەکانی دیکە لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا، زۆرترین کورسی بەدەستھێناوە، وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بە مافی خۆی دەزانێت.

ــ سیناریۆکانی بەردەم یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران

دوو ڕێگا لە بەردەم لایەنە سوننەکان ھەیە بۆ ئەوەی بتوانن پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوینەران لەنێو خۆیاندا یەکلایی بکەنەوە.

یەکێک لە ڕێگاکان ئەوەیە کە لایەنە سوننەکان بەڕێککەوتن کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێرێن.

ڕێگای دووەم بریتییە لەوەی ئەو پرسە بە ڕێگای دەنگدان لە ئەنجوومەنی نوێنەران یەکلایی بکرێتەوە.

ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێویستی بە دەنگی ١٦٦ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەیە کە ئەوەیش بۆ سوننەکان قورس نییە، چونکە دەتوانن ئەوەیش بە ڕێککەوتن یەکلایی بکەنەوە.

- سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق ھەڵدەبژێردرێت

چەند سەرچاوەیەک بە میدیاکانی عێراقیان ڕاگەیاندووە کە ڕێککەوتن لەنێوان فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە، بۆ ئەوەی ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە دانیشتنی نائاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنەکە، ئەنجام بدرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەست کەوتوون، سالم عیساوی بە ڕێککەوتنی نێوان ھاوپەیمانی سەروەریی، عەزم و حەسمی نیشتمانی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەربژێر کراوە.

بە گوتەی سەرچاوەکان زۆربەی لایەنە سیاسییەکان پاڵپشتی لە سالم عیساوی دەکەن، بۆ ئەوەی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ھەڵبژێردرێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın