Ankara
ڕیۆ دی جانێریۆ - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە بەمەبەستی بەشداری کردن لە لووتکەی سەرکردەکانی G20دا سەردانی بەڕازیلی کردووە، لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکە، لولا دا سیلڤا کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکایەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لە دیدارەکەدا کە لە کۆشکی کۆپاکابانا بەڕێوەچوو پەیوەندیە دوو قۆڵییەکانی تورکیا و بەڕازیل و پرسە هەرێمیی و جیهانییەکان تاوتوێ کران.
سەرکۆمار ئەردۆغان لە دیدارەکەدا باسی لەوە کرد کە دیالۆگی باڵا لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و بەرازیل گرنگە، ئەوەیشی خستەڕوو کە بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ پەرەپێدانی هاوبەشی ستراتیجی نێوان هەردوو وڵات.
هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە هەڵوێستی بەڕازیل بەرامبەر شەڕانگێزی ئیسرائیل مایەی بێزانینە و، باسی لەوەیش کرد کە تورکیا دەستپێشخەرییەکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان خستووەتەڕوو بۆ ڕێگریی کردن لە فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بە ئیسرائیل، دەستەبەرکردنی ئاگربەستی درێژخایەن لە فەڵەستین، گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بەبێ پچڕان بە ناوچەکە، و هێنانەدی چارەسەرێکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای دوو دەوڵەتی و تورکیا بەردەوام دەبێت و ئەوەی لەدەستی بێت ئەنجامی دەدات.
سەرۆک ئەردۆغان ئاماژەی بەوەیش کرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێت ڕێگریی لە شەڕ و پێکدادانەکان بکات لە جیهاندا بەتایبەتی لە غەززە، بێ دەسەڵاتە لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانەکان، جێی خۆیەتی بەڕازیل چاکسازی لە حوکمڕانی جیهانی بخاتە بەرنامەی کار کە لە ئێستادا سەرۆکایەتی خولی G20 دەکات.