شیکردنەوە, عێراق

ئاستەنگەکان لەبەردەم پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک.. خولانەوەی ھێزەکان لە بازنەیەکی داخراودا

دوای نزیک بە دوو مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەرکووک، چارەنووسی حکوومەتی خۆجێیی پارێزگاکە بە هۆی ناکۆکی نێوان پێکهاتەکان بە نادیاری ماوەتەوە.

Fakhradin Ibrahim Mohammad, Zana Natık Kerem  | 13.02.2024 - نوێکردنەوە : 14.02.2024
ئاستەنگەکان لەبەردەم پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک.. خولانەوەی ھێزەکان لە بازنەیەکی داخراودا

Arbil

هەولێر – AA - فەخرەدین ئیبراهیم - زانا ناتق کەرەم

دوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، بە ڕواڵەت، سێ نەتەوەی کورد و عەرەب و تورکمان ڕکابەری لەسەر پۆستە کارگێڕییەکانی کەرکووک دەکەن، بەڵام دۆخەکە زۆر لەوە ئاڵۆزتر دەبینرێت کە ناکۆکی نێوان ئەو سێ نەتەوەیە بێت.

بە پێی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، ھێزە کوردەکان حەفت کورسی، پارت و لایەنە عەرەبییەکان شەش کورسی، تورکمان دوو کورسی و پێکھاتەی مەسیحیش یەک کورسی بەدەستھێناوە. یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کۆی ١٦ کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پێنج کورسی بەدەستھێنا و ھاوپەیمانی عەرەبی سێ کورسی و ھەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانیش دوو کورسییان بەدەستھێناوە، ھاوکات کاندیدی بزووتنەوەی بابیلۆن، ئینجیل زیا شیبا کورسی کۆتای مەسیحییەکانی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە بەدەستھێناوە.

ئێستا دوای نزیک بە دوو مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەرکووک، چارەنووسی حکوومەتی خۆجێیی پارێزگاکە بە هۆی ناکۆکی نێوان پێکهاتەکان بە نادیاری ماوەتەوە.

ــ گرێ کوێرەکە لە کوێیە؟

٥ی شوبات وەک وادەی ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا ڕاگەیاندرا، بەڵام تەنھا کورد و تاقانە نوێنەرەکەی مەسیحییەکان تێدا بەشدار بوون و عەرەب و تورکمان بە ئامادەنەبوونیان کۆبوونەوەکەیان پەکخست.

ئامادەنەبوونی دوو پێکھاتەکەی دیکە کەرکووک ( عەرەب و تورکمان)، ئاماژەبوو بە ناکۆکی نێوان لایەنەکان کە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگاکە و پێویستە ڕێککەوتن بکرێت و تەنھا ھەڵبژاردن و دەرئەنجامەکەی نەبێتە پێوەر بۆ ھەموو شتێک!

دوای ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، کەرکووک پارێزگارێکی لە لایەن بەغداوە بەسەردا سەپا و ئەوەش نەک ناڕەزایەتی کورد، بەڵکو تا ڕادەیەک تورکمانەکان و ھێزەکانی دیکەی عەرەبیشی لە پشتگوێ خستنیان نیگەران کرد.

ڕوانین لە ئەنجامی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و دەربازکردنی پارێزگاکە لەو دۆخە ناجێگیرە، بەو ئومێدەی جارێکی دیکە خەڵکی پارێزگاکە خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، ھانی دانیشتووانی دا کە زۆرترین ڕێژەی بەشداربوون لەسەر ئاستی عێراق تۆمار بکەن.

ئەوەی کە جگە لە دیالۆگ لە نێوان ھەموو ھێزەکان ھیچ ڕێگەیەکی دیکە بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان و بەرێوەبردنی پارێزگاکاکە نییە، پرسێکە لای ھەمووان یەکلابووەتەوە، بەڵام ئەوەی لە پشت دیالۆگەکەیە، خواستی ھەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی پۆستی یەکەمی پارێزگاکە، واتە پارێزگاری کەرکووک بۆ خۆیان بێت. ھەریەکە لە عەرەب، تورکمان و کوردەکانیش کە خۆیان بە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکە دەزانن پۆستی پارێزگار بە ئیستحقاقی خۆیان دەزانن و لەناو ھەریەکە لەو نەتەوانەشدا، ھێزە جیاجیاکانیش لەسەر بابەتەکە ناکۆکن.

ــ سیناریۆکان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستەکان لە کەرکووک

بەر لە دانیشتنی ٥ی ئەم مانگە، ھەریەکە لە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە دانیشتنێکدا نیمچە ڕێککەوتنێکیان لەسەر خواستەکانیان لە کەرکووک کرد و ھەر بۆیەش بە یەکەوە بەشدار بوون. چونکە ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە، ھێزە کوردەکان لە ناوخۆیان و ھێزە عەرەبەکانیش لە ناوخۆیاندا جۆرێک لە ناکۆکییان تێدایە، بەڵام لە بەرامبەر پێکھاتەکانی دیکە، ھەر کام لەو پێکھاتانە، ناکۆکییەکان کەمتر بینراوە. ھەر بۆیەش بە کردەوە دوو بەرە دژ بە یەکتر دەبیندرێت، بەرەیەک ھێزە کوردییەکان و کورسیەکی مەسیحیییەکان کە تێکڕا خاوەنی ھەشت کورسین و بەرەیەکی دیکەش تێکڕای ھێزە عەرەبییەکان و تورکمان کە ئەوانیش خاوەنی ھەشت کورسین.

* ڕێککەوتن لەسەر بنەمای دابەشکردنی پۆستەکان بە ڕێژەی ٣٢ لەسەد

ئەوە خواستێک بوو لەسەرەتادا بە تایبەتی لە لایەن تورکمانەکانەوە ڕاگەیەندرا، بەڵام کوردەکان و عەرەبەکان بە گرنگییەوە لێیان نەڕوانی. ئەو بۆچوونە بە جۆرێک بۆ بەشداریکردنی ھەموو لایەنەکان لە پڕۆسەی کارگێڕی پارێزگاکە لە پێکھاتەیەکی موزاییک ھەیە بە پێویست دەزاندرێت.

بۆچوونی دابەشکردنی پۆستەکان پێشتر(بەر لە ١٦ی ئۆکتۆبەر) لە کەرکووک پیادە کراوە و لەسەر ئەو بنەمایە کورد پۆستی پارێزگار، عەرەب جێگری پارێزگار و تورکمان سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاری وەرگرتبوو. باڵانسی ھێزەکە کاتێک تێکچوو کە سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگا کە حەسەن توران بوو لەسەر پشکی تورکمان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران سەرکەوت و دواتر ئەو پێکھاتەیە لە پڕکردنەوەی حەسەن توران نەگەیشتنە ڕێککەوتن و نەیانتوانی تەنانەت کەسێک بەربژێر بکەن و ھەر بۆیەش پۆستەکە بە ڕێککەوتن و لەسەر بنەمای وەکالەت درا بە ئەندامی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕێبوار تاڵەبانی و ھەتا دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەریش بەردەوام بوو. دوای ئەوە، نە پۆستی پارێزگار لای کورد مایەوە و نە ئەنجوومەن درایەوە بە تورکمان.

ئەوەش دەبێت بگوترێت کە پرسی لەسەدا ٣٢ بۆ پێکھاتەکانی کورد و عەرەب و تورکمان و لەسەدا چوار بۆ کلد و ئاشووری کە لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٧دا ڕێککەوتنی لەسەر کرا، بووە ھۆی میکانیزمێکی کارگێڕی لە شارەکە و لە کۆی قەزاو ناحییەکاندا تا ڕادەیەک جێبەجێ کرا.

ئەو میکانیزمە لە ئایاری ٢٠١٣ لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە ڕەتکراوەیەوە و ڕاگەیەندرا کە بەپێی یاسای ھەرێمەکان و پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە ھەرێم ژمارە ٢١ بۆ ساڵی ٢٠٠٨، پێشنیازی دابەشکردنی پۆستەکان بە ڕێژەی ٣٢ لەسەدا لە نێوان پێکھاتەکانی کەرکووک، نا دەستوورییە.

*ڕێککەوتنی لەسەر بنەمای ھەر ساڵێک لایەنێک پۆستی پارێزگار وەربگرێت

ھاوپەیمانی قیادە (تەقەدوم و سەروەری) بە دەستپێشخەری ئەو پڕۆژەیە دەزاندرێت کە لە میانی چوار ساڵ دەسەڵاتدارێتی ئەم خوولەی ئەنجوومەن، ھەرکام لە عەرەب بۆ یەک ساڵ، تورکمان یەک ساڵ و لە ناو کوردەکانیشدا، پارتی یەک ساڵ و یەکێتی یەکسال پۆستی پارێزگاریان لە لابێت و باقی پۆستەکانیش بە شێوەی دەستاودەستکردن ئاڵوگۆڕی پێ بکرێت. ئەم دۆخە بەرپرسیارێتی ئەنجوومەنیش دەگرێتەوە. ئەگەرچی ئەوە وەک گەڵاڵەیەک تا ئێستا ڕانەگەیەندراوە، بەڵام وەک بۆچوونێک لە لایەن ئەندامانی سەرکەوتووی ھاوپەیمانی قیادەوە باسی لێکراوە.

*ڕێککەوتنی کورد لەگەڵ بەشێک لە عەرەب یان تورکمانەکان

لە بەغدا ھەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و ھاوپەیمانی قیادە ھاوپەیمانی یەکترن، بەڵام لە کەرکووک ئەوە نزیکایەتییە لانی کەم تا ئێستا نەبیندراوە. بۆیە لە ئەگەری یەکلاییبوونەوەی تەواوی پارتی و یەکێتی لە نێو خۆیاندا، نزیکبوونەوەیان لە قیادە بە ڕێگەی سەرکردایەتی پارتییەوە ئەگەرێکی نزیکە. لەگەڵ ئەوەشدا کورد دەرفەتی ئەوەشی لەبەردەمە کە بە دابەشکردنی پۆستەکان لەگەڵ تورکمانەکانیش و ڕەخساندنی ھەلێک بۆ ئەوانیش لە کارگێڕی پارێزگاکە، گرێ کوێرەکە بکاتەوە.

دەرفەتی ڕێککەوتنی کورد لەگەڵ ھاوپەیمانی عەرەبی کە راکان سەعید جبوری سەرکردایەتی دەکات و خاوەنی سێ کورسی ئەنجوومەنە، تا ڕادەیەک لاوازتر دەبیندرێت. ھەروەھا ڕێککەوتنی کورد لەگەڵ ھاوپەیمانی عرووبەیە کە وەسفی عاسی سەرۆکایەتی دەکات و خاوەنی یەک کورسییە بە ئەستەم دەبیندرێت.

ــ ھێزە ھەرێمییەکان و خواستی نێودەوڵەتی لەسەر کەرکووک

ھەستیاری دۆخی کەرکووک لای ھیچ کام لە ھێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و ئەکتەرە سەرەکییەکانی عێراق شاراوە نەبووە و ھەر کامیان بە ڕوون و ئاشکرا نەیانشاردووەتەوە کە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن.

نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەرووی ھەموو ئەکتەرە سەرەکییەکان لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق، ڕۆڵی ڕاوێژکاریی ھەبووە و کەمتر ھەوڵی داوە گەڵاڵەیەک بۆ ناوچەکە پێشنیاز بکات. دوای سەردانی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، جێنین ھێنیس پلاسخارت بۆ کەرکووک لە ٢٠٢٠ بووە کە سووربوونی خۆی لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی بێگەرد لە کەرکووک و پێویستی دیالۆگی نێوان پێکھاتەکان دووپاتکردەوە.

بۆ ئێران کە دۆخی سیاسی عێراق و چارەنووسی زۆر گرنگ بووە و بڕیارە یەکلاکەرەوەکان بۆ ناوچەکە ھەر لە تارانەوە دراوە، لەبارەی دۆخی کەرکووک لانی کەم بە ئاشکرا قسەی لەسەر نەکراوە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێران چاودێری دۆخەکە ناکات، چونکە تاران لە ھەر شوێنک لە عێراق بە دوای بەرژەوەندییەکانێتی و ڕێخۆشکەری دەکات بۆ ئەوانەی کە نزیکن لە سیاسەتەکانی.

بۆ تورکیا دۆخەکە ھەستیارتر لەوانی دیکە سەیر دەکرێت و تورکیاش ئەوەی نەشاردووەتەوە و لە ھەموو بۆنەیەکیشدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە، چارەنووسی کەرکووک بۆیان گرنگە.

دوا تێبینی لەسەر کەرکووک، لە لایەن سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ئەو وڵاتە ھاکان فیدان ڕاگەیەندرا کە دۆخی کەرکووک پێویستە لەسەر بنەمای شەراکەتی ھەموو ھێزەکان ئیدارە بکرێت و بگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران. ئەوەش ئاماژەیەکی ڕوون و ئاشکرا بوو کە دابەشکارییەکان بە یەکسانی لە نێوان پێکھاتەکان بۆ تورکیا مەبەستە.

ــ ئەنجام

باس لەوە دەکرێت کە ھەفتەی داھاتوو زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە نێوان پێکھاتەکانی کەرکووک بەڕێوە دەچێت، عەرەب لانی کەم لەبەرامبەر کورد یەکگرتوو بوون، بەڵام ئەوە یەکگرتووییەکی لەرزۆکە و، وەک باسکرا دەشێت لایەنێک یان دوو لایەنی عەرەبی بەرەی خۆیان بگوازنەوە. بۆ تورکمان پاراستنی پێگەکەیان و گەرەنتی پۆستەکانیان بۆ گرنگە و ئەستەمە عەرەبەکان بتوانن بە بێ کورد ئەو بڕیارە بدەن و کوردیش ناتوانێت خواستی ئەوان پشتگوێ بخات. بۆیە ھەرچەندە سەیر دەکرێت، بازنەیەکی داخراوی نێوان پێکھاتەکانی کەرکووک دەبیندرێت کە بە بێ ڕێککەوتن و گەرەنتیکردنی خواستەکانی یەکتر، ھەوڵەکانیان تەنھا خولانەوە دەبێت لە ناو بازنەکەدا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن