شیکردنەوە, عێراق

مەحموود مەشھەدانی و سالم عیساوی دوو بەربژێری لایەنە سوننەکانن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

Zana Natık Kerem  | 14.05.2024 - نوێکردنەوە : 15.05.2024
مەحموود مەشھەدانی و سالم عیساوی دوو بەربژێری لایەنە سوننەکانن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

Arbil

ھەولێر - AA

لە دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فێدڕاڵی عێراق لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەندامییەتی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەریەک لە ھاوپەیمانی تەقەدووم، ھاوپەیمانی سەروەریی و ھاوپەیمانی عەزم کە بە سێ لایەنی سەرەکی سوننە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دادەندرێن، سەرەرای ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆ، بەڵام لەسەر کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نەگەیشتنە ڕێککەوتن.

لەئێستادا ھەریەک لە ھاوپەیمانی سەروەریی بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر و ھاوپەیمانی عەزم بەسەرۆکایەتی موسەننا سامەڕایی و ھاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی ئوسامە نوجێفی لەسەر بەربژێرکردنی سالم عیساوی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕێککەوتوون.

ھاوکات بەربژێری ھاوپەیمانی تەقەدووم بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، بریتییە لە مەحموود مەشھەدانی، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەم دواییانە ناوبراو لەگەڵ سێ ئەندامی دیکەی سوننە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بریتین لە تەڵاڵ زوبێعی، خالید عوبەیدی و محەمەد نوری لە ھاوپەیمانیی عەزم جیابوونەوە، فراکسیۆنی سەدارە-یان لە ئەنجوومەنی نوێنەران راگەیاند و دواتر چوونە پاڵ ھاوپەیمانی تەقەدووم.

- ھاوپەیمانی تەقەدووم بە فەرمی پشتوانی خۆی بۆ مەحموود مەشھەدانی ڕاگەیاند

ھاوپەیمانی تەقەدووم، بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەلبووسی، بە فەرمی پشتوانی خۆی بۆ مەحموود مەشھەدانی ڕاگەیاند تا وەک سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی عێراق، ھەڵبژێردرێت.

ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگە ھاوپەیمانی تەقەدووم ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتبوو: "دوای نزیکەی شەش مانگ لە نەبوونی نوێنەرایەتی سیاسی پێکھاتەیەکی سەرەکی لە پرۆسەی سیاسیدا و دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕ، لە ڕوانگەی سووربوونی ھاوپەیمانی تەقەدووم وەک نوێنەری زۆرینەی سوننە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دوای ڕێککەوتن لەگەڵ فراکسیۆنی سەدارە، پشتیوانی خۆمان بۆ بەربژێرکردنی مەحموود مەشھەدانی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕادەگەیەنین".

ھەروەھا ھاوپەیمانی تەقەدووم داوای لە فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە کە پاڵپشتی لە کاندیدەکەی بکەن بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو شایستەیە و، کۆتاییھاتنی پەکخستن و کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران و، تەواوکردنی ڕێککەوتنی سیاسی کە ئەنجوومەنی نوێنەران لە چوارچێوەی بەرنامەی حکوومەتدا دەنگی لەسەر داوە.

- ناکۆکی نێوان لایەنە سوننەکان لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، لایەنە شیعەکانی بەسەر دوو بەرە دابەشکردووە

ناکۆکی نێوان لایەنە سوننەکان لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، لایەنە شیعەکانی بەسەر دوو بەرەدا بەشکردووە، بەجۆرێک بەرەیەک لە لایەنە شیعەکان پاڵپشتیی لە بەربژێری پارتی تەقەدووم دەکەن و بەرەکەی دیکەی پاڵپشتیی لە بەربژێری لایەنە سوننەکانی دیکە دەکەن.

بەھۆی ئەوەی لایەنە سوننەکان لەبارەی کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، ئێستا تەنھا بە دەنگدان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، پرسەکە یەکلایی دەکرێتەوە.

تا ئێستا ڕوون نییە کاندیدی کام لایەنی سوننە چانسی ئەوەی ھەیە وەک جێگرەوەی محەمەد حەلبووسی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێردرێت، چونکە لایەنەکانی سوننە، شیعە و کورد کۆدەنگی تەواویان لەسەر کاندیدەکان نییە.

لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەسەر دوو بەرە دابەش بوون، بەجۆرێک بەرەیەکیان لەگەڵ ئەوەدان پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەموار بکرێتەوە و تەقەدووم بەربژێرێکی دیکە پێشکەش بکات، بەرەکەی دیکەی چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ ئەوەدان کە لایەنە سوننەکانی دیکە ھاوشێوەی تەقەدووم بەربژێری خۆیان پێشکەش بکەن.

لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی کە ژمارەیەک لایەنە شیعەکان لەخۆدەگرێت لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، خاوەن ١٣٠ کورسین و بەوەیش لە ئەنجوومەنەکە زۆرینە پێکدەھێنن.

- پارتی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە شایستەی سوننە دەزانێت

لەماوەکانی ڕابردوودا گوتەبێژی بارەگای بارزانی، خالیدە خەلیل ھەڵوێستی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانیی لەبارەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاندبوو و ئاماژەی بەوەدابوو کە مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەوەدایە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، شایستەی پێکھاتەی سوننەیە.

خالیدە خەلیل باسی لەوەشکردبوو، ھەر کاندیدێک کە بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی عێراق ھەڵدەبژێردرێت پێویستە کۆدەنگی یان ڕەزامەندیی زۆرینەی لایەنە سوننەکانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی لەسەر بێت.

بە گوتەی شرۆڤەکارانی سیاسی، ئەگەری ھەیە یەکلایینەکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەلایەن سوننەکانەوە کاریگەریی لەسەر بنەمای ھاوبەشی، ھاوسەنگی و سازانی نێوان سوننە، کورد و شیعە دروست بکات.

لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسیی لە عێراق کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.

بەپێی ئەوەی، پارتی تەقەدووم لەنێو لایەنە سوننەکانی دیکە لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا، زۆرترین کورسی بەدەستھێناوە، وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بە مافی خۆی دەزانێت.

- سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵدەبژێردرێت

ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی نائاسایی ئەنجام دەدات و لە میانیدا سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجوومەنەکە، ھەڵدەبژێرێت.

فەرمانگەی ڕاگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کارنامەی دانیشتنەکەی ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بڵاوکردەوە.

بەپێی کارنامەکە، دانیشتنەکەی ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی نوێنەران یەک تەوەر لەخۆ دەگرێت کە ئەوەیش تایبەتە بە ھەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجوومەنەکە.

لەئێستادا بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لەنێوان هەریەک لە مەحموود مەشەھدانی و سالم عیساوی کێبڕکێی لەسەر دەکرێت.

- مەحموود مەشھەدانی کێیە؟

مەحموود مەشھەدانی ساڵی ١٩٤٨ لە بەغدا لەدایکبووە، یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی سوننە، پێش ئەوەی ببێتە سیاسەتمەدار لە سوپای عێراق ئەفسەر بووە و ساڵی ١٩٧٢ کۆلێژی پزیشکی تەواو کردووە، بەھۆی دژایەتیکردنی شەڕی کەنداو لە ساڵی ١٩٩٠ دەستگیرکرا و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، دواتر سزاکەی بۆ ١٥ ساڵ زیندانی کەمکرایەوە.

ھەروەھا مەحموود مەشھەدانی لە ساڵی ٢٠٠٤ ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراق بووە، ساڵی ٢٠٠٦ تاوەکو ٢٠٠٩ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın