عێراق

بە هۆی گەرما کاتژمێرەکانی دەوام لە عێراق کەم کرایەوە و پارێزگای زیقاریش پشووی ڕاگەیاند

- بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە حکوومەتی عێراق کاتژمێرەکانی دەوامی کەم کردەوە و ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی مانگ، وەک پشووی فەرمی لە بەشێک دامەزراوە و فەرمانگەکانی سەربە حکوومەتی خۆجێی پارێزگای زیقار ڕاگەیاندرا.

Zana Natık Kerem  | 22.06.2024 - نوێکردنەوە : 23.06.2024
بە هۆی گەرما کاتژمێرەکانی دەوام لە عێراق کەم کرایەوە و پارێزگای زیقاریش پشووی ڕاگەیاند

Arbil

ھەولێر ــ AA

بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، سبەی یەکشەممە، وەک پشووی فەرمی لە بەشێک لە دامەزراوە و فەرمانگەکانی سەربە حکوومەتی خۆجێی پارێزگای زیقار ڕاگەیاندرا، ھاوکات بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی گۆڕانکاریی لە کاتژمێرەکانی دەوامکردن لە دامەزراوە فەرمییەکاندا، کرا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگاری زیقار لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، بڕیاردرا ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی مانگ، دەوامی فەرمی لە بەشێک لە دامەزراوە و فەرمانگەکانی سەربە حکوومەتی خۆجێیی پارێزگای زیقار بکرێت بە پشوو.

ڕاشیگەیاندووە کە بڕیارەکە بانکەکان، ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی قۆناغی شەشەمی ئامادەیی و زانکۆکان، فەرمانگە خزمەتگوازرییەکان و ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار، ناگرێتەوە.

ھەروەھا بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی گۆڕانکاریی لە کاتژمێرەکانی دەوامکردن لە دامەزراوە فەرمییەکاندا لە سەرجەم پارێزگەکاندا کرا جگە لە بەغدا.

بەپێی فەرمانەکە، لەمەودا لە بڕی کاتژمێر ٨ی بەیانی بۆ ٣ی دوای نێوەڕۆ، دەوامکردن لە دامەزراوە فەرمییەکاندا لە سەرجەم پارێزگەکاندا، جگە لە بەغدا لە کاتژمێر ٧ی بەیانی دەست پێ دەکات تا ١ی دوای نیوەڕۆ دەبێت، بەوەش کاتژمێرەکانی دەوامکردن لە دامەزراوە فەرمییەکاندا، یەک کاتژمێر کەمکراوەتەوە.

ھەروەھا محەمەد شیاع سوودانی لەچوارچێوەی فەرمانەکەیدا، پارێزگارانی پارێزگاکانی سەرپشک کردووە کە ئەگەر گەرما گەیشتە ٥٠ پلەی سیلیزی، دەوامکردن لە سەرجەم دامەزراوەکاندا، بوەستێنن.

بەپێی فەرمانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەم گۆڕانکارییە لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی حوزەیران تا کۆتایی مانگی ئاب بەردەوام دەبێت.

ماوەی چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی گەرمای بەتین زۆربەی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقی گرتووەتەوە، بەجۆرێک کە پلەکانی گەرما لەو ناوچانە، ٥٠ پلەی سیلیزی تێپەڕاندووە.

ھاوکات بەپێی ئەوەی لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە لە ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا، ١١ ناوچەی عێراق، بەرزترین پلەی گەرمایان لە جیھاندا تۆمارکردووە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın