"بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دانپێدانانی ئەو ڕاستییەیە کە هەیە"
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دکتۆر موسەننا ئەمین: "ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی نوێنەران دانپێدانانە بۆ ئەوەی کە هەیە، نەک دروستکردنی شتێک کە نیە، هەروەها بەپێی ماددەی ١٤١ی دەستووریش هەر دەبووایە پارێزگایەک بووایە و دانی پێدانرابووایە".

Arbil
هەولێر - AA
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ١٤ی نیسانی ٢٠٢٥ لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی ١٨٧ پەرلەمانتار، بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە خرایە دەنگدانەوە و پەسەندکرا و بەمەش ھەڵەبجە بووە ١٩ھەمین پارێزگا لە عێراق.
پسپۆڕان و چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، دانپێدانانە بە دۆسیەی جینۆسایدکردنی خەڵکی هەڵەبجە و جەختیش لەوە دەکەنەوە کە بەپێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەبێت مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجەدا بکرێت و، پارێزەرێکی ڕاوێژکاریش جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەگەرچی بڕیارەکە تانەی لێدراوە بەڵام هیچ پاساوێک نیە بۆ جێبەجێنەکردنی بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دکتۆر موسەننا ئەمین لەمبارەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و کاریگەرییە سیاسییانی، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بێگومان بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هیچ کاریگەرییەکی سیاسیی نابێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتانی دیکە بە حوکمی ئەوەی ئەمە گۆڕانکارییەکی ناوخۆی عێراقە و ئەمە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە هەڵەبجە پارێزگایە، بۆیە ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی نوێنەران دانپێدانانە بۆ ئەوەی کە هەیە، نەک دروستکردنی شتێک کە نیە، هەروەها بەپێی ماددەی ١٤١ی دەستووریش هەر دەبووایە پارێزگایەک بووایە و دانی پێدانرابووایە، بۆیە بڕیارەکە ئەگەر کاریگەری باشی نەبێت، کاریگەری خراپی لەسەر پەیوەندییە سیاسییەکان نابێت".
دکتۆر موسەننا ئەمین گوتیشی: "بەپێی ئەوەی وڵاتی ئێران دراوسێی پارێزگای هەڵەبجەیە و هاوسنوورە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە پەیوەندییەکان باشتر دەبن و دەبێت حکوومەتی هەرێمیش دەروازەکانی سەر بە هەڵەبجە باشتر بکات و داهاتەکانی بگەڕێتەوە بۆ ناو هەڵەبجە".
لەبارەی ڕێکارە یاساییەکانی دوای بڕیارەکەش، موسەننا ئەمین رایگەیاند: "ڕێکارەکانی دوای ئەوەش بریتییە لەوەی هەڵەبجە وەک هەر پارێزگایەکی دیکەی عێراق دەبێت لەسەر نەخشە بوونی هەبێت و ئاستی یەکسانی هەبێت لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە، ئەگەر تەرخانکردنێک بۆ پارێزگاکان دابندرێت ئەوا دەبێت هەڵەبجەش هەیبێت، هەروەها دەبێت حکوومەتی هەرێمیش کارە ناتەواوەکانی پارێزگای هەڵەبجە تەواو بکات".
هاوکات پسپۆڕێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر بەهۆی بەرژەوەندی هەندێک لە وڵاتان، بێدەنگییەکی زۆر بەرامبەر بە دۆسیەی هەڵەبجە هەبوو، هەروەها ئەو گۆڕانکاری و بەجیهانبوونە وایکرد کە کرانەوەیەک بۆ ڕووداوەکان هەبێت، بۆیەش دەکرێت هەڵەبجە وەک کارەساتێکی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دکتۆر سەرسام خەلیل لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بابەتی هەڵەبجە بووەتە جیهانیی و وەک ناسنامەیەک بۆ ئەو زوڵمەی بەرامبەر بە کورد کراوە، وەک دەبینین لە سەدەی بیست ئەم ڕووداوە گەورەیە ڕوویدا بەڵام لە ڕوانگەی نێودەوڵەتییەوە بێدەنگییەکی زۆری لێکرا چونکە بەرژەوەندی وڵاتان بەتایبەتی یەکێتی سۆڤیەت و ئەمریکا لە دوو بەرەی جیاواز بوون و بەرژەوەندییەکان بوونە هۆکاری ئەوەی کە بێدەنگی بەرامبەر بە هەڵەبجە بکرێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تا ئاستێکی زۆر بێدەنگ بوون لەم بابەتە بەتایبەت ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت بە هەموو شێوەیەک هەڵوێستێکی جدییان نەبوو بە بیانووی ئەوەی لە روانگەی نێودەوڵەتییەوە بابەتی هەڵەبجە بابەتێکی ناوخۆییە".
دکتۆر سەرسام خەلیل گوتیشی: "لەم دواییدا کە جیهان گۆڕا بۆ سەردەمی گڵۆبالیزەیشن ئەوکاتە کرانەوەیەک بەرامبەر بە ڕووداوەکان هەبوو، بۆیەش ئەم بڕیارە کاریگەری زۆری هەیە لەسەر هەرێم و عێراق بە گشتی لە بازنەی نێودەوڵەتیشەوە، بۆ نموونە بابەتی هێرۆشیما هەیە کە تا ئێستاش بە ڕەمزێکی وڵاتی ژاپۆن دادەنرێت، بۆیە هەڵەبجەش بۆ ئێمە دەبێتە ڕەمزێک، هەروەها ئەوەی پەیوەندی بە یاساییەوە هەیە ئەوەیە کە دەبێت مافی خەڵکی هەڵەبجە زیاتر پارێزراو بێت".
لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، دکتۆر سەرسام خەلیل گوتی: "ئێستا کە پێشبینی دەکرێت گۆڕانکارییەکی گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبدات، هەروەها بەهۆی ئەوەی پێگەیەی کە هەرێم لەسەردەمی ئێستادا هەیەتی لە ڕووی جیۆپۆلەتیک و جیۆئیکۆنۆمیی، هەروەها بوونی دەستەبژێرێکی سیاسیی لە هەرێم، ئەمانە هەموو گرنگیی و تایبەتی خۆی هەیە بۆ پەیوەندییەکانی وڵاتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان".
پارێزەرێکی ڕاوێژکار ئاماژە بەوە دەکات کە ھەرچەندە بڕیاری بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە لە دادگای باڵای فێدڕاڵی تانەی لێدراوە بەڵام ھیچ پاساوێک ناتوانێت بڕیارەکە لە جێبەجێکردن ڕابگرێت مەگەر دادگای باڵا بە فەرمانێکی وەلائی بڕیاری ڕاگرتنی بدات.
پارێزەری ڕاوێژکار جەلالەدین شێخ زادە لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەرچوونی بڕیاری بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە، مانای وایە ئەم شارە ئیتر لە ڕووی کارگێڕییەوە سەربەخۆ دەبێت ھەروەھا لە ڕووی جوگرافیەوە سننوورێکی تایبەتی بۆ دیاری دەکرێت و ڕەنگە ئاڵوگۆڕ لە سنوورەکەی ھەبێت، ھاوکات ئەنجوومەنێکی پارێزگای بۆ دروست دەکرێت و کۆمەڵێک دەرفەت دەڕەخستێت و کۆمەڵێک بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەکرێتەوە".
پارێزەری ڕاوێژکار جەلالەدین شێخ زادە گوتیشی: "لە ڕووی یاساییەوە دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیارەکەی پەسەند کرد، دەبێت سەرکۆمار واژووی بکات و پاشان لە وەقائیعی عێراق بڵاوبکرێتەوە ئیتر دەکەوێتە قۆناغی جێبەجێ کردن، یەکەمین کار ئەوەیە سنووری پارێزگاکە بکرێت و پارێزگارێکی بۆ دەستنیشان بکرێت، ھەروەھا میزانییەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان دەکرێت بۆ بونیادنانەوەی ژێخرانی پارێزگاکە".
لەبارەی تانەدان لە بڕیارەکە و دەرەنجامەکانی، پارێزەری ڕاوێژکار جەلالەدین شێخ زادە گوتی: "بەھۆی ئەوەی بڕیارەکە لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە تانەی لێدراوە لە دادگای باڵای فیدڕاڵی، ئەگەرچی ئەم تانەیە ھەر پاساوێکی ھەبێت ئەوا تانەکە بڕیارەکە لە جێبەجێکردن ڕاناگرێت، مەگەر دادگای فیدڕاڵی بە فەرمانێکی وەلائی بڕیاڕی ڕاگرتن بدات، ئەگەرنا دوای بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی وەقائیع ئەوا دەبێت دوای ١٥ ڕۆژ بچێتە واری جێبەجێکردنەوە".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن