بەڕێوەچوونى "جەژنی ھەستانەوە" لە دهۆک

Dahuk
دھۆک - AA
لە شارەدێی مانگێشکی سەر بە پارێزگای دھۆک، کریستیانەکان یەکێکن لە پێکھاتە سەرەکییەکان و بە سەدان ساڵە لەگەڵ موسڵمانەکانی ناوچەکە بە ئاشتی دەژین. کریستیانەکان لە جەژنی ھەستانەوە وێرای پیرۆزباییکردن و سەردانیکردنی یەکتر، ئەوا لەو بۆنەیەدا خوانەکان بە خواردنە تایبەتەکانی وەک کەللەپاچە، دۆڵمە دەڕازێننەوە و ھاوکات شیرینیش پێشکەش بە میوانەکان دەکەن.
نەجات ئیشۆ، یەکێکە لە ھاوڵاتیانی مەسیحی لە ناحیەی مانگێشکی سەر بە پارێزگای دھۆک بە ئاژانسی ئانادۆڵو-ی رايگەیاند: "بە چەند ڕۆژێک پێش جەژن، ئێمە دەست بە ئامادەکارییەکان دەکەین، ھێلکەکان دەخەمڵێنین کە بە مانای ژیانێکی نوێ دێت، ھەروەھا سەروپێ ( کەللەپاچە) دروست دەکەین، لەم جەژنەدا سەردانی یەکتر دەکەین بە مەبەستی پیرۆزباییکردن، لەم بۆنەیەدا ماوەی سێ ڕۆژ بۆ کریستیانەکان پشووە، زۆر جار برا موسڵمانەکانی مانگێشک بۆ جەژنە پیرۆزە سەردانمان دەکەن، من نازانم مەسیحین یان موسلمانن بە زمانی ئێمە دەڵێن عیدو بریخە (جەژنتان پیرۆزبێت)، چەندین ساڵە ئێمە لە مانگێشک لەگەڵ موسڵمانەکان دەژین و پێکەوەژیانێکی جوان لە ناوچەکەمان ھەیە".
جەژنی قیامە، جەژنێکی کریستیانەکانە و گوزارشت لە زیندووبوونەوەی مەسیح دەکات، لە ھەرێمی کوردستان - عێراق نزیکەی ٣٠٠ ھەزار کریستیان دەژین لە نەتەوەکانی ئەرمەن، کلدان، سریان و ئاشوورن. جگە لە قەزای عەنکاوە لە پارێزگای ھەولێر کە ناوەندی کریستیانەکانی ھەرێمە ھاوکات بەشێکی زۆریشیان لە قەزای شەقڵاوە و کۆیەی سنووری پارێزگای ھەولێر و لە پارێزگای دھۆکیش دەژین.
رانی عیماد مەنسوڕ ھاووڵاتییەکی دیکەی کریستیانە لە ناحیەی مانگێشک، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەک کریستیانی ناحیەی مانگێشک بەشداری ڕێوڕەسمی جەژنی قیامە لە کڵێسا دەکەین، دواتر دەگەڕێینەوە ماڵ، سەردانی خزم و کەس و ھاوڕێکانمان دەکەین و پیرۆزبایی جەژنیان لێ دەکەین. جەژنەکە تایبەتمەندییەکی زۆر خۆشی ھەیە، پێکەوە لەگەڵ پێکھاتەکانی دیکە بە ئاشتی دەژین".
مانگێشک دەکەوێتە دووری ٢٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژھەڵاتی پارێزگای دھۆک و، یەکێکە لە شارەدێیەکانی سەر بە قەزای ناوەندی دھۆک و ھاوسنوورە لەگەڵ ھەریەک لە شارەدێیەکانی کورا، باگێرا، زاویتە و کانی ماسێ. مانگێشک شوێنێکی دێرینی کریستیاننشینە لە سنووری پارێزگای دھۆک و بەوە ناسراوە کە کڵێسای کۆن و دێرینی تێدایە و، وەک شوێنێکی گرنگی مێژوویی و کولتووری بۆ کریستیانەکانی ناوچەکە ماوەتەوە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن