سوودانی دەستپێکردنی کارەکانی پڕۆژەی کۆمەڵگای نیشتەجێبوونی لە قەزای شنگال ڕاگەیاند
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی: "پابەندین بەوەی خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بە سەرجەم عێراقییەکان بکەین".
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی دەستپێکردنی کارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی کۆمەڵگای نیشتەجێبوونی لە گوندی کۆجۆ سەربە قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا ڕاگەیاند.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سوودانی لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، دەستپێکردنی کارەکانی پڕۆژەی کۆمەڵگای نیشتەجێبوونی لە گوندی کۆجۆ ڕاگەیاندووە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی کە ئەمڕۆ دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی کارەکانی پڕۆژەی کۆمەڵگای نیشتەجێبوونی لە گوندی کۆجۆ کە لە ساڵی ٢٠٢١وە پەکخراوە.
هەروەها سەرۆکوەزیران سوودانی ڕاشیگەیاندووە: "ئەم پڕۆژەیە ماف و شایستەیەکە بۆ دووبارە گەڕانەوەی ژیان و سەقامگیری لە شنگال کە دانیشتووانەکەی ئێزدی ڕەسەنن".
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوەشکردووەتەوە کە پابەندن بە تەواوکردنی سەرجەم ئەو پڕۆژانەی کە بەم دواییانە لە قەزای شنگال ڕاگەیاندراون بە تایبەتیش پڕۆژەکانی دروستکردنی دوو نەخۆشانە لە شنگال و ناحیەی سنونێ، پڕۆژەی ئاوی ڕەبیعە و زانکۆی شنگال، ھەروەھا سەرجەم ئەو پڕۆژانەی کە خراونەتە نێو بوودجەی ساڵی ٢٠٢٥وە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پابەندن بەوەی خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بە سەرجەم عێراقییەکان بکەن.