سێ دەیە تیرۆر و کاری تێکدەرانەی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان
- بەپێی ئامارێکی ساڵی ٢٠١٥ی هەرێمی کوردستان، پەکەکە دەستی بەسەر زیاتر لە ٥١٥ گوندی هەرێمدا گرتووە و بەپێی ئامارێکی ساڵی ٢٠٢١ کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرا گەیشتووە ٨٠٠ گوند.
هەولێر - AA
بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ٣٠ ساڵە مشتومڕی لەنێوان هەرێمی کوردستان و دانیشتوانەکەی لەگەڵ سەرانی رێکخراوەکە دروست کردووە، سێ دەیەیە لە ئاستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێکخراوە سیاسییەکانی و دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان کە گوند و ناحیەکانیان لەلایەن پەکەکەوە دەستی بەسەرداگیراوە، ناڕەزایەتی دەردەبڕدرێت.
لەم ماوەیەدا پەکەکە سێ شەڕی گەورەی دژبە حکوومەتی هەرێمی کوردستان (١٩٩٣)، پارتی دیموکراتی کوردستان (١٩٩٦) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (٢٠٠٠) هەڵگیرساندووە کە تیایدا جگە لە ماڵوێرانی و شەهیدکردنی هێزەکانی پێشمەرگە، هیچ دەستکەوتێکی بۆ ئەو سنوورە نەبووە. لە پاڵ ئەوانەشدا لە تەقاندنەوەی بۆڕی گۆاستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جیهان و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش درێخی نەکردووە.
- دەستبەسەرداگرتنی سەدان گوندی هەرێمی کوردستان
بەپێی ئامارێکی ساڵی ٢٠١٥ی هەرێمی کوردستان پەکەکە دەستی بەسەر زیاتر لە ٥١٥ گوندی هەرێمدا گرتووە بەم شێوەیە؛ ٣٠٤ گوند لە پارێزگای دهۆک، ١٧٧ گوند لە پارێزگای هەولێر و ٣٤ گوند لە پارێزگای سلێمانی، ئامارەکان لە ساڵی ٢٠٢١دا هەڵکشانێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و بەڕێژەی لەسەدا ٧٥ زیادی کردووە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە میانی بەشداریکردنی لە دوا پانێڵی ديداری ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (MERI) بە ناونیشانی (حكوومەتی هەرێم روو بەرەو ئایندە: ستراتیژەكان، بەربەست و دەرفەتەكان) باسی لە هەڕەشەکانی پەکەکە لەسەر هەرێمی کوردستان کرد و لەو چوارچێوەدا رایگەیاند، "پەکەکە دەیەوێت ببێتە بەدیلی دامەزاوە دەستوورییەکان و بە زەبر و زۆر خۆی بەسەر خەڵکی هەندێک ناوچەدا سەپاندووە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد کە بەهۆی ئەو دۆخەی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان رەخساندوویەتی، تا ئێستا ٨٠٠ گوند ئاوەدان نەکراونەتەوە.
- هەڕەشە لە ئاسایشی وزەی هەرێمی کوردستان
هەڕەشەی پەکەکە بۆسەر هەرێمی کوردستان تەنیا بەستراو نییە بە ناوچە سنوورییەکان و ئەو گوندانەی لەسەر هێڵی سنووریی هەڵکەتوون، بەڵکو بەردەوام هەڕەشەی لەسەر ئاسایشی وزەی هەرێم دروستکردووە کە سەرچاوەی داهات و بژێوی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانە، هاوبەشیی هەرێم لەگەڵ تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوت، بیانوویەک بووە بە دەستی پەکەکە کە دەست بداتە تەقاندنەوەی بۆڕییەکانی گواستنەوەی نەوت، ئەوە جگە لەوەی لە رووی سیاسیشەوە لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان بووە.
لە چەند ساڵی رابردوودا، چەندین جار بۆڕی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان کەوتووتە بەر ئامانجی تیرۆریستانی پەکەکە و تەقێندراوەتەوە و بە شانازییەوە پەکەکە بەرپرسیارێتی تەقاندنەوەکانی لە ئەستۆ گرتووە کە گرنگترینیان لە:
٢٩ی تەمووزی ٢٠١٥
٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠
١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
بەپێی ئامارێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، "نەوت بۆ هەرێمی کوردستان سەرچاوەی داهاتی سەرەکییە، بۆیە هەرێم زەرەرمەندی سەرەکییە لە تەقاندنەوەی بۆڕی نەوتی کوردستان و رۆژانە نزیکەی ١٠ ملیۆن دۆلار زیانی بەردەکەوێت".
- راگەیاندنی شەڕ دژبە پێشمەرگە
لە ٣٠ ساڵی تەمەنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان، پەکەکە سێ جار دژبە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پارتەکانی پێکهێنەری حکوومەت شەڕی راگەیاندووە کە جاری یەکەمیان لە ساڵی ١٩٩٣ و دواتر لە ساڵی ١٩٩٦ لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان و دوای ئەویش لە ساڵی ٢٠٠٠دا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رووبەڕووی زێدەخوازییەکانی پەکەکە بۆوە.
تەنها لە ساڵی ٢٠٢١ و لە دوو هێرشی جیاجیادا، پەکەکە شەش پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی شەهید کردووە و ژمارەیەک پێشمەرگەش بەهۆی ئەو هێرشانەوە برینداربوون.
ئەوانە نە یەکەمین و نە دواهەمین هێرشی پەکەکە بوون بۆسەر هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان.
پەکەکە بە هێرشی سەرانسەریش نەوەستاوە و دەستی هەبووە لە تیرۆرکردنی چەندین کارمەندی ئاسایشی هەرێم و لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا، پەکەکە بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی سنووریی سەرزێرێ، غازی ساڵح-ی تیرۆر کرد.
- هەڕەشەی تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
سەرانی پەکەکە تەنیا بە هەڕەشە و هێرشی فیزیکی بۆسەر خەڵک، ئاسایشی هەرێمی کوردستان نەوەستاون، پەکەکە هەموو ژانەرە میدیاییەکانی بۆ هێرشی سەر هەرێمی کوردستان پڕچەک کردووە و لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا، هیچ کاتێک میدیاکانی پەکەکە دژبە هەرێم و سەرکردەکانی نەوەستاون، راگەیەندراو و دیمانەکانی سەرانی پەکەکە و دواهەمینیان لێدوانی دوران کاڵکان کە هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان کردبوو لە ئەگەری بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەریان، شەڕ دێننە قوڵایی هەرێمی کوردستان، دوران کاڵکان بەوە نەوەستاوە و دەڵێت "هەرێمی کوردستان دۆخی ئۆکراینای لەبەرچاو بێت".
خوێندنەوەیەکی سادە بۆ هەڕەشەکانی بەرپرسانی پەکەکە دەریدەخات، ئەوان لە پێگەی هێز و پشتیوانییەکی دەرەکییەوە قسە دەکەن و متمانە بە خۆبوونیان بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەوپەڕی خۆیدایە.
لە کۆتاییدا دەبێت بگوترێت کە بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان گەواهیدەری ئەوە بووە کە زنجیرەیەک کێشەی ئابووری، سیاسی و ئەمنی بەیەکەوە گرێ داوە و درێژەدان بە داگیرکاریی و تێکدەریی پەکەکە لە هەرێم، مەترسییەکەی گەورە بۆسەر هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی دروست دەکات.