عێراق

سەرۆکوەزیران سوودانی دوای تەواوکردنی دیدارەکانی لە سلێمانی گەڕایەوە بەغدا

- سەرۆکوەزیرانی عێراق سوودانی لە میانی سەردانێکی یەک ڕۆژەدا بۆ هەرێمی کوردستان، لە هەولێر و سلێمانی چاوی بە بەرپرسانی هەرێم و هێز و لایەنە سیاسییەکان کەوت و گفتوگۆی لەگەڵ کردن.

Fakhradin Ibrahim Mohammad  | 13.11.2024 - نوێکردنەوە : 13.11.2024
سەرۆکوەزیران سوودانی دوای تەواوکردنی دیدارەکانی لە سلێمانی گەڕایەوە بەغدا

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی دوای تەواوکردنی دیدارەکانی لە هەرێمی کوردستان-عێراق گەڕایەوە بەغدای پایتەخت.

سوودانی لە دوایین وێستگەی سەردانەکەی، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە سلێمانی و لەگەڵ چەند پارت و لایەنێکی سیاسی و بە تایبەتی ئەو لایەنانەی کە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا سەرکەوتوون، دیداری ئەنجام دا.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە لایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی پێشوازی لێکرا و دواتر کۆبوونەوە.

سوودانی لە هەولێر هەروەها لەگەڵ سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی و سەرۆکی کۆمەڵەی دادگەری کوردستان عەلی باپیر کۆبوویەوە.

سەرۆکوەزیران سوودانی هەروەها لە هەولێر لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراواندا چاوی کەوت بە بەشێک لە سەرۆک و نوێنەری هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.

وێستگەیەکی دیکەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران سوودانی، چوونی بۆ سلێمانی و دیدار لەگەڵ بەشێکی دیکەی لایەنەکان بوو.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سلێمانی لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحد، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست عەلی حەمە ساڵح و ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین کۆبوویەوە.

دەگوترێت، پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم و لێکنزیک کردنەوەی لایەنەکان بۆ ئەم مەبەستە و هەروەها، پرسەکانی هەناردەی نەوتی هەرێم، بوودجەی ساڵی داهاتوو و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی سەرۆکوەزیران سوودانی بووە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان.

دوای تەواوکردنی دیدارەکانی لە هەرێمی کوردستان-عێراق، سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانی بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە سلێمانییەوە گەڕایەوە بەغدای پایتەخت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın