عێراق

شارەزایانی سەربازیی خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق ھەیە

شارەزای بواری ئەمنی و ستراتیژیی نێودەوڵەتی، عەبدولقادر هەرکی: "کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق خواستی لایەنە شیعەکانی ئێرانە، چونکە پێشتر نەیان شاردۆتەوە کە دەبێت ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بچنە دەرەوە".

Zana Natık Kerem  | 17.09.2024 - نوێکردنەوە : 18.09.2024
شارەزایانی سەربازیی خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق ھەیە

Arbil

ھەولێر ــ AA

شارەزایانی بواری سەربازیی و ئەمنی، خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق ھەیە و لەوبارەیەوە شارەزای ئەمنی و ستراتیژیی نێودەوڵەتی، عەبدولقادر هەرکی ڕایدەگەیەنێت کە کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق خواستی لایەنە شیعەکانی ئێرانە، چونکە پێشتر نەیان شاردۆتەوە کە دەبێت ھێزەکانی ئەمریکا و لە عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بچنە دەرەوە و ھاوکات شارەزای سەربازیی، سەڵاح ئەبو ڕەغیف ئاماژە بەوە دەکات کە ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ناکشێنەوە، چونکە لە ساڵی ١٩٤٥وە مەشق و ڕاھێنان دەکەن بۆ ئەوەی بێنە ناو عێراقەوە.

لە ماوەکانی ڕابردوودا، لە ئاکامی زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانی ھێزەکانی ئەمریکا بۆسەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە چەند ناوچەیەکی عێراق، ژمارەیەک چەکدار کوژران و برینداربوون، هەر بۆیەش حکوومەتی عێراق بڕیاریدا، کۆتایی بھێنێت بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق.

ھاوکات لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تا ئێستا زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆ لە نێوان لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمریکا تایبەت بە کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق ئەنجامدراون.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وەزیری بەرگریی عێراق، سابت عەباسی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی (ئەلحەدەس) ڕایگەیاندبوو کە بەغدا و واشنتۆن لەبارەی کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بەڕابەرایەتی ئەمریکا لە عێراق گەیشتووین بە رێککەوتن.

سابت عەباسی ئاماژەی بەوەشدابوو کە پڕۆسەی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق بە دوو قۆناغ دەبێت بەجۆرێک قۆناغی یەکەم لە میانی ئەمساڵدا دەست پێدەکات و تا ساڵی ٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت، هەروەها قۆناغی دووەم لە ساڵی ٢٠٢٥ دەست پێدەکات و لە ساڵی ٢٠٢٦ کۆتایی دێت.

لەئێستادا زیاتر لە شەش ھەزار سەرباز و ڕاوێژکاری سەربازیی بیانی لە عێراق و ھەرێم جێگیرکراون، لەو ژمارەیە دوو ھەزار و ٥٠٠ سەرباز ئەمریکایین.

- "کشاندنەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق خواستی لایەنە شیعەکانی ئێرانە"

لەمبارەیەوە شارەزای بواری ئەمنی و ستراتیژیی نێودەوڵەتی، عەبدولقادر هەرکی سەبارەت بە ڕێککەوتنەکەی نێوان بەغدا و واشنتۆن تایبەت بە کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەوەی ئێستا ئاماژەی پێکراوە، بە فەرمی نەبووە و تەنھا لە زاری ڕاوێژکارە سەربازییەکان ڕاگەیاندراوە لەوەی کە بەغدا لەگەڵ واشنتۆن بەشێوەیەکی بەرایی گەیشتوون بە ڕێککەوتن سەبارەت بە کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەڵەتی دژبە داعش بەڕابەرایەتی لە عێراق، بەپێی ڕێککەوتنەکە پڕۆسەی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بە دوو قۆناغی دەبێت، قۆناغی یەکەم لە ساڵی ٢٠٢٥وە دەست پێدەکات و قۆناغی دووەمیش لە ساڵی ٢٠٢٥وە دەست پێدەکات و لە ساڵی ٢٠٢٦ کۆتایی دێت".

ناوبراو باسی لەوەشکرد کە ناوەرۆک و وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکە، تەنھا خوێندنەوەیە و زانیاریی تەواو لەبارەیەوە نییە، چونکە تا ئێستا ڕاگەیاندراوی فەرمی لەبارەی ڕێککەوتنەکە بڵاونەکراوەتەوە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە کێ لە کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق سوودمەند دەبێت، عەبدولقادر هەرکی ئاماژەی بەوەدا کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە تایبەتیش دوای ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣وە، دۆخی ناوچەکە بە گشتی گۆڕا، ھەروەھا ئەوەش یەکەمجار نییە کە داوای دەرچوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکرێت و کاتێک ھێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١ لە عێراق کشانەوە، جارێکی دیکە لەگەڵ ھاتنی داعش و سەرھەڵدانی پشێوی ئەمنی و سەربازیی لە ناوچەکە، لەسەر داوای حکوومەتی عێراق گەڕانەوە گوتی: "ئێستا ناتوانین ئەوە دیاری بکەین کە کێ لە کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق سوودمەند دەبێت، چونکە ھەردوولا لەمبارەیەوە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و لە ماوەکانی ڕابردووشدا باس لەوەکرابوو کە لەوانەیە ھێزەکانی هاوپەیمانان لەژێر ناوی جیاواز، بە ئەرک و لە شوێن و بە ژمارەی جیاوازەوە لە عێراق و هەرێم بگەنە ڕێککەوتن، لەم حاڵەتەشدا لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بە کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان وێنا دەکرێت و ناودەبرێت، بەڵام لەوانەیە لەلایەن ھێزەکانی ئەمریکاوە ناوێکی دیکەی لێ بنرێت".

سەبارەت بەوەی کە ئایا حکوومەتی عێراق بە ڕاستی دەوێت ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بکشێنەوە، یان ئەوە تەنھا بۆ ڕازییکردنی لایەنە شیعەکانە، عەبدولقادر هەرکی گوتی: "ڕوون و ئاشکرایە کە لایەنە شیعەکان لە حکوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باڵادەستن، بۆیە کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق خواستی شیعەکانە کە شیعەکانیش لەناو پازێلی وێنە گەورەکەی بەرەی بەرگریی ئێران جێگایان گرتووە و دەکرێت بە ڕاستەوخۆ نەبێت، بەڵام بە ناڕاستەخۆ ئەوە خواستی ئێران و بەرەی بەرگریی بێت کە پێشتریش نەیان شاردۆتەوە کە دەبێت ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بچنە دەرەوە".

هەرکی گوتیشی: "عێراق یەکێکە لەو پارچە پازیلانەی کە لە ھەموو پارچەکانی دیکە بۆ ئێران نزیکە، ھەروەھا عێراق بۆ ئێران گرنگییەکی ستراتیژیی زۆر بەھێزی ھەیە و ھەر بۆیەش دەبینین کە ئێران بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گرنگییەکی زۆر بە خاکی عێراق دەدات، جگە لەوەش عێراق پردی پەڕینەوەی تارانە بۆ سووریا، لوبنان و دەریای ناوەڕاست، لە ئێستادا ئێران بە ناڕاستەوخۆ لە ململانێ و شەڕێکی گەورە دایە لەگەڵ ئیسرائیل، ئەورووپا و ئەمریکا، بۆیە ئێستا ئێران ھەوڵدەدات لە قۆناغی یەکەمدا ئەگەر بکرێت بە ڕێککەوتنێکی نەرمیش بێت ئەمریکاییەکان لە عێراق دەربکات، پێدەچێت ئێران لە سووریاش فشار دروست بکات و بۆ ئەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە دێرازۆر بچنە دەرەوە".

لە بارەی ئەوەی کە ئایا بە کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، دۆخی سیاسی و ئەمنی لە عێراق بە سەقامگیری دەمێنێتەوە یان تێکدەچێت، شارەزای ئەمنی و ستراتیژیی نێودەوڵەتی، عەبدولقادر هەرکی گوتی: "عێراق، ئەفغانستان نییە، چونکە عێراق قۆناغێکی سەختی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و بزووتنەوەی تەکفیری لە جیھاندا تێپەڕاندووە، بێگومان لەئێستادا ھێزە چەکدارەکانی عێراق ئامادەترن بەرلە قۆناغی ھاتنی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە ئەمریکا لە چەند شوێنێکی گرنگی جیھان ڕووبەڕووی ململانێ بووەتەوە لەوانە شەڕی ئۆکراینا-ڕووسیا، ئەورووپا، دەریای چین و تایوان، جگە لەوەش ئێستا دەبینین کە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لە گەرووی باب مەندەب و دەریای سوور، بازرگانی جیھانی ڕووبەڕووی کێشەیەکی زۆر گەورە بووەتەوە، ھەموو ئەو کێشە و گرفتەی کە لە ناوچەکە بۆ بازرگانی جیھانی دروست بووە، بەڕێژەی سەدا ٥٠ بەرۆکی بازرگانی ئەمریکای گرتووە، لەبەر ئەوە ئەمریکا دەیەوێت لەسەرخۆ و هێمنتر لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و عێراق مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات، ئەگەر لە ھەنگاوی یەکەمدا ڕووبەڕووبوونەوەکەیش لە نێوان ئەمریکا و ئێران دروست بێت، ئەوا لە عێراق نەبێت، بەڵکو لەوانەیە لە یەمەن، دەریای سوور، سووریا و باشووری لوبنان بێت، ئەمریکا دەوێت زلھێزیی خۆی لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نیشان بدات، چونکە لە میانی ئەم دوو مانگەی دواییدا کەشتی فڕۆکەھەڵگری زیاتر و ژێردەریایی ئەتۆمی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە و لە کۆتاییدا ڕەنگە ڕووبەڕووبوونەوەکە بۆ ھەردوولا کوشندە بێت، لەبەر ئەوەی ئەمریکا ھێز و پێگەی گونجاوی لە عێراق وەک ساڵانی پێش ٢٠١١ و دوای ساڵی ٢٠١٤ نەماوە و لەبەرامبەردا ئێستا ئێران لە ناوچەکە زۆر بەھێزە، ھەروەھا ئێستا ھێزە عێراقییەکان لە ڕووی تواناوە زۆر بەھێزترن".

لەبارەی ئەوەی کە بەکشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، زەمینە بۆ دووبارە گەڕانەوەی تیرۆر و بە تایبەت داعش لە ناوچەکە لەبار نابێت؟، عەبدولقادر هەرکی گوتی: "ئەمریکا پێداگریی لەوە کردووە کە بوونی ھێزەکانیان لە عێراق و سووریا بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەیە لە داعش، بەڵام ئەوە شاراوە نییە کە ئێستا داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان بە تایبەتیش لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیی هەیە لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، دەستی بە جموجۆڵ کردووەتەوە و تەنانەت لە ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا، ئوپەراسیۆنی گەورە بۆ سەر تیرۆریستانی داعش ئەنجامدراوە، بۆیە ھێشتا داعش وەک مەترسی و ھەڕەشە بوونی ماوە، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵی ٢٠٢٥ تا ساڵی ٢٠٢٦ وەک وادەیەک بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق دیاری کراوە، بۆیە دەبێت چاوەڕوان بین تا بزانین لە ساڵی ٢٠٢٦دا، پێشھاتە سەربازی و سیاسییەکان لە ناوچەکە بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات، چونکە ناوچەکە لە لێواری تەقینەوەدایە لەنێوان ئێران و ئیسرائیل".

- " ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ناکشێنەوە"

شارەزای سەربازیی، سەڵاح ئەبو ڕەغیف لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە، فشاری ئێران لەسەر پرسی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کاریگەری بەھێزی ھەیە، بەڵام ھەژموونی ئێران لە عێراق لەوەی ئێستا ھەیە فراوانتر نابێت".

باسی لەوەش کرد کە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا، سەروەریی عێراق پتەوتر دەکات و گوتی: "بەدڵنیاییەوە بە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ھێزی داعش پتەوتر دەبێت، بەڵام پێموایە ئەمڕۆ سوپای عێراق توانای ھەیە بەرپەرچی ھێرشەکانی داعش بداتەوە".

ئەبو ڕەغیف ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمریکا بە ئاسانی عێراق جێناھێڵێت، چونکە ھەم پاڵپشتیی لە ھەرێم دەکات، ھەم فشار لەسەر ئێران دروست دەکات و گوتی: "باشترین ڕێگای ئەوەیە کە ھێزێکی تاکتیکی ئەمریکا، لە دەرەوەی شارەکان بە قەبارەیەکی گونجاو لەگەڵ ئامێری چاودێریی ئەلیکترۆنی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی فشاری ئێران کەم بکاتەوە و دڵنیایی بەو لایەنانە بدرێت کە دەیانەوێت ئەمریکا لە عێراق بمێنێتەوە، ھەروەھا پێویستە ئەمریکا بە جیددی کار بکات بۆ دابینکردنی پێداویستییە لۆجیستیەکانی عێراق وەک ئاو، کارەبا، پاراستنی سنوورەکان لە تیرۆریستانی داعش و ھەروەھا ئابووری عێراق نەخنکێنێت".

سەڵاح ئەبو ڕەغیف لە کۆتاییدا گوتی: "من پێموایە کە ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ناکشێنەوە، چونکە لە ساڵی ١٩٤٥وە مەشق و ڕاھێنان دەکەن بۆ ئەوەی بێنە ناو عێراقەوە، کەواتا چۆن لە عێراق دەچنە دەرەوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın