توركيا, جيهان, عێراق

فوئاد حوسێن: "گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکە ڕوودەدات و تورکیا ھاوبەشێکی گرنگمانە"

فوئاد حوسێن لەبارەی هاریكارییەكانی نێوان وڵاتەکەی و تورکیا ڕایگەیاند: "ئێمە ھەوڵدەدەین ھاریکارییەکانمان لەگەڵ تورکیا پتەوتر بکەین، بە تایبەتیش لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ھاوبەشەکان، وەک بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕێکخستنی ھاتوچۆی سنوور".

Zana Natık Kerem  | 15.04.2025 - نوێکردنەوە : 16.04.2025
فوئاد حوسێن: "گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکە ڕوودەدات و تورکیا ھاوبەشێکی گرنگمانە"

Arbil

ھەولێر ــ AA

وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ڕایگەیاند کە گۆڕانکاری گەورە لە ھاوسەنگی ھێز لە ناوچەکەدا، ڕوودەدات و ئاماژەی بەوەشدا کە تورکیا ھاوبەشێکی گرنگە لە ھەوڵەکانی سەقامگیری ناوچەکەدا.

فوئاد حوسێن لە میانی چوارەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئانتاڵیا، چاوی بە نوێنەرانی ژمارەیەک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی کەوت لەوانە، (TRT Arabic)، (RT Arabic) و (CNN Türk) کە لە میانیدا باسی لە ژمارەیەک پرسی گرنگی سەر ئاستی ھەرێمی نێودەوڵەتی، ھەروەھا ھەڵوێستی سیاسی دەرەوەی عێراق بەرامبەر ئەو پرسە گرنگانە کرد.

سەرەتا وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی پێشھاتەکانی دۆخی ناوچەکە گوتی: "گۆڕانکاری گەورە لە ھاوسەنگی ھێز لە ناوچەکەدا، ڕوودەدات کە ئەوەش کاریگەریی لەسەر دۆخی جیۆسیاسی لە ناوچەکەدا، دەبێت".

فوئاد حوسێن سەبارەت بە پرسی سەقامگیری سووریا، جەختی لەوە کردەوە کە سەقامگیری سووریا، فاکتەرێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ سەقامگیری تەواوی ناوچەکە و ئاماژەی بەوەشدا کە دەستێوەردانی دەرەکی، بەتایبەتی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا، دۆخەکە ئاڵۆزتر و گرژییەکان زیاتر دەکات.

وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن بە توندی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززەی سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند کە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، پێشیڵکارییەکی ڕوون و ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە، ھەروەھا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ گەلی فەڵەستین دووپات کردەوە.

فوئاد حوسێن باسی لە دۆخی لوبنان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە قەیرانەکان لە ناوچەکە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن نەک بە کردەی سەربازیی.

وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ڕایگەیاند کە پێشکەوتن لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و تورکیادا بەدیھاتووە گوتی: "ئێمە ھەوڵدەدەین ھاریکارییەکانمان لەگەڵ تورکیا پتەوتر بکەین، بە تایبەتیش لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ھاوبەشەکان، وەک بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕێکخستنی ھاتوچۆی سنوور".

ھەروەھا فوئاد حوسێن ڕاشیگەیاند: "تورکیا ھاوبەشێکی گرنگە لە ھەوڵەکانی سەقامگیری ناوچەکەدا".

وەزیری دەرەوەی عێراق خۆشحاڵی خۆی نیشاندا سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و گوتی: "ئومێد دەکەین گفتوگۆکانی بەردەوام بن و نێوان ھەردوولا بگەنە ڕێکەوتنێکی بەرایی کە تارمایی جەنگ لە ناوچەکە دوور بخاتەوە".

گوتیشی: "ئێران و ئەمریکا ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆکانی نێوانیان و ئێمەش ئەمە بە ھەنگاوێکی ئەرێنی دەزانین".

فوئاد حوسێن جەختی کردەوە لەسەر گرنگی ھاریکاریی نێوان وڵاتانی دراوسێ لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ھۆشداری ئەوەشی دا کە ئاژاوە و ناسەقامگیری ڕێگا بۆ بڵاوبوونەوەی ڕێکخراوە توندئاژۆکان خۆش دەکات، ھەر وەک داعش لە سووریا سەری هەڵدا و گوتیشی: "پێویستە میکانیزمێکی کاری ھاوبەش لە سەر ئاستی باڵا دابمەزرێنرێت بۆ ڕێگریکردن لە ھەر ھەڕەشەیەکی تیرۆریستی لە داھاتوودا".

وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حوسێن لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی، وڵاتەکەی ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە چارەسەرکردنی گرژییەکان لە ناوچەکە، لە ڕێگەی سیاسەتێکی دەرەوەی ھاوسەنگ لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی ھاوبەش.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın