مەسرور بارزانی و جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمیان تاوتوێ کرد
سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، مەسرور بارزانی و جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، نوح یڵماز بیروڕایان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئاڵۆگۆڕ کرد، ھەورەھا پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دووپات کردووەتەوە.

Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی و جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، نوح یڵماز ژمارەیەک پرسی گرنگیان تاوتوێ کرد لەنێویاندا، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمیان لە ڕێگای بەندەری جەیھانی تورکیاوە.
نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مەسرور بارزانی پێشوازی کردووە لە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، نوح یڵماز.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا و دوایین پێشھات و گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کراوە.
ھەروەھا باسی لەوەش کردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کراوە لەبارەی گرنگیی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لە ڕێگای بەندەری جەیھانەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، باس لە گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و ھەرێم بە تورکیا و ئەورووپا لە ڕێگەی ھێڵی ئاسنین کراوە.
ڕاشیگەیاندووە، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا بیروڕایان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئاڵۆگۆڕ کردووە، ھەروەھا پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دووپات کردووەتەوە و لەمبارەیەوە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا ، سوپاسی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کردووە بۆ پشتیوانیکردنی لە پرۆسەکە.