نێچیرڤان بارزانی: "پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەرفەتێکی مێژووییە و پشتیوانی خۆمان بۆ سەرخستنی دووپات دەکەینەوە"
سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق نێچیرڤان بارزانی: "گۆڕانی ئاو و هەوا کە مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراک و کۆچ و تیرۆر دروست دەکات و هەڕەشە لەسەر ئێستا و داهاتووی جیهان و مرۆڤایەتی دەکات".

Arbil
سلێمانی - AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، لە نێو هەموو ئەم ئاڵنگارییانەی لە ناوچەکە و جیهاندا دەبیندرێت، مایەی خۆشحاڵییە کە لە ناوچەکەدا پەرەسەندنی ئەرێنی دەبین لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتیدا. ئەوەی ئەم ماوەیە لە تورکیا بۆ ئاشتی هاتووەتە ئاراوە، پڕۆسە و دەرفەتێکی مێژووییە. بارزانی پێشوازی و پشتیوانی خۆشی لە پڕۆسەکە دووپات کردەوە.
لە میانی گوتارێکدا کە لە نۆیەمین دیداری سلێمانی پێشکەشی کرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق نێچیرڤان بارزانی، پەیامی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە و جیهان دووپات کردەوە و داوای کرد، دەرفەتی پێکەوە ژیان ببێتە فاکتەری سەقامگیری و پێشکەوتنی ناوچەکە.
لەسەرەتای گوتارەکەیدا بارزانی وێرای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بە بەشداربوونی لە دیداری سلێمانی، هیوای خواست کۆڕبەندەکە دەرفەتێک بێت بۆ باسکردن کە کێشە و گرفت و ئاڵنگارییەکان.
بارزانی لە گوتارەکەی بەو شێوەیە بەردەوام بوو، "ئەم کۆڕبەندە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەورە، جیۆپۆلێتیکی جیهانی گرتووەتەوە کە سرووشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەگۆڕێت و لەوانەیە گۆڕانکاری لە هەندێک هاوسەنگی هەرێم و جیهانیدا دروست بکات. شەڕ و ململانێ لە شوێنە جیاوازەکانی وەک ئۆکراینا و غەززە و بوونی کێبرکێی ئابووری زلهێزەکان، هەموویان کاریگەریان لەسەر ناوچەکەی ئێمەش دەبێت. لە هەمانکاتدا ئێستا جیهان ڕووبەڕووی ئالنگارییەکی هاوبەش دەبێتەوە بە تایبەتی لە بواری گۆڕانی ئاو و هەوا مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراک و کۆچ و تیرۆر دروست دەکات و هەڕەشە لەسەر ئێستا و داهاتووی جیهان و مرۆڤایەتی دەکات. ئەم کاریگەرییانە لە زۆر شوێنی عێراق بە ڕوونی لێمانەوە دیارە و هەزاران کەس بە هۆی نەمانی ئاو ناچاربوون شوێنی نیشتەجێی خۆیان بگۆڕن. ئێمە لە هەرێمی کوردستان باوەڕمان بە هاوکاری و کاری هاوبەش و هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگارییانە. پێمان وایە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت بەرپرسیارێتی هاوبەشی خۆی بەرامبەر بە پرسە جیهانییەکان بگرێتە ئەستۆ کە بۆ هەموو مرۆڤایەتی گرنگە".
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێم گوتی: "لە نێو هەموو ئەم ئاڵنگارییانەدا مایەی خۆشحاڵییە کە لە ناوچەکەدا پەرەسەندنی ئەرێنی دەبینین لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتیدا. ئەوەی ئەم ماوەیە لە تورکیا بۆ ئاشتی هاتووەتە ئاراوە، پڕۆسە و دەرفەتێکی مێژووییە بە هەموو شێوەیەک پێشوازی و پشتیوانی خۆمان بۆ سەرخستنی دووپات دەکەینەوە. ئەمە دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری لەم ناوچەیە و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێی هاوکاری و بونیادنەرانەیە کە سوودی بۆ هەموو ناوچەکە دەبێت. ئاشتی هێزە و ئاشتیخوازی ڕێبازی کەسانی خاوەن باوەڕو بەهێزە. لە ئاشتیدا هیچ کەس و لایەنێک تێکناشکێت و هەموومان سەردەکەوین بە وڵاتانی ناوچەش گەشە دەکەن. هێزی ئاشتی لە هێزی هەموو شەڕەکان گەورەترە. کورد و گەلی کوردستان بە گشتی ئاشتیخوازن و هەر کاتێک و لە هەر کوێیەک تروسکەیەک بۆ ئاشتی هەبێت گەلی کوردستان هەمیشە بە ئومێدەوە بە پیری چووە. دەبێ هەموو کەس و ڕێکخراوێکی سیاسی کوردستان باوەڕی بەو ڕێبازە و ویستەی گەلی کوردستان هەبێت".
نێچیرڤان بارزانی هەروەها باسی لە دۆخی سووریا کرد و لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: "جێگەی دڵخۆشییە کە هەموو پارت و لایەن کوردستانییەکان کۆکن لەسەر داواکاریی ئاشتیانەی چارەسەری کورد لە سووریا. بۆ ئەم مەبەستە هەنگاوی باشیان ناوە بۆ یەکخستنی داواکارییەکانیان و هیوادارین لەگەڵ حکوومەتی سووریا بتوانن سووریایەکی دیموکرات و دابینکەری مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان دابمەزرێنن کە ببێتە سەرچاوەی سەقامگیری بۆ ناوچە. پێویستە حکوومەتی سووریا ڕەنگدانەوەی هەموو ئەو پێکهاتانەی وڵات بێ بە بێ جیاوازی و هاوبەشی و مافی هەمووان لە سووریادا پارێزراو بێت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەی گوتارەکەی بۆ ڕۆڵی هەرێم لە ناوچەکە بۆ سەقامگیری دووپات کردەوە و گوتی: "هەرێمی کوردستان هەمیشە سەلماندوویەتی کە فاکتەری ئارامی و سەقامگیرییە و دەتوانێ ڕۆڵێکی ئەرێنی و گرنگ لە ئاسایشی ناوچەکەدا بگێرێت. لێرەوە پابەندی بوونی هەرێمی کوردستان بە بەردەوام ئەم ڕۆڵە بەڕێگەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای ڕێزلە یەکتر گرتن و بەرژەوەندی هاوبەش دووپات دەکەیەنەوە. بڕوای تەواومان بە یەکتر تەواوکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی ناوچەکە پێکەوە هەیە بۆ سەقامگیری و پەرەپێدانی بەردەوام لە هەموو بوارەکاندا. هاوکاری و پێکەوە کارکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەردووکیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بۆ بەدیهێنانی ئاشتی بەردەوام دەبێت. لە ڕێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆوە دەرفەتی گەورە لەبەردەم گەلانی و وڵاتانی ناوچەکە بۆ ئێستا و داهاتوویەکی باشتر دەکاتەوە".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "زیاتر لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوو زۆر بە ڕوونی سەلماندی کە پشتگوێخستن و نکۆڵی کردنی لە مافەکانی کورد و گەلی کوردستان، جگە لە شەڕ و ئاشوب و لە ماڵوێرانی و نەهامەتی بۆ ناوچەکە و گەلانی ناوچەکە هیچ ئەنجامێکی دیکەی نەبووە و نابێت. ڕابردوو وانە و پەندێکی مێژوویی بە نرخێکی گران پێشکەش کردین، ئەویش ئەوەیە، هەوڵی بێهوودەی سڕینەوەی میللەتێکی دەیان ملیۆنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە نیشتمان و لەسەر خاکی رەسەنی خۆی دەژیت هەرگیز ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە ناهێنێت بەڵکو بە پێچەوانەوە هەمیشە ناوچەکە لەبەردەم چارەنووسی و جۆرەها ئەگەری ترسناک دەهێڵێتەوە. بۆیە دوای ئەم هەموو ڕابردوو تاڵە، ێمان وایە ئیتر کاتی ئەوەی ئاوڕێکی جددی لەم پرسە بدرێتەوە. هەموومان لەم ناوچەیە بە گیانی پێکەوەیی و تەبایی و یەکتر قبوڵکردن و هاریکاری و هاوبەشی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئارەزوومەندانە، دەستی دۆستایەتی بخەینە دەستی یەکتر و ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکە بەدی بهێنین. ئاشتییەک داهاتوویەکی ڕووناک بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتووی هەموو میللەتانی ناوچەکە مسەوگەر بکات. داهاتوویەک کە تێدا ئەم ناوچەیە ببێتە ناوەندێکی گرنگی جیهانی و مرۆڤایەتی. بۆ ئەم مەبەستە لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە کورد و نەتەوەکانی دیکە پێکەوە دەژین کە پەیوەندی مێژوویی و دێرینی هەزاران ساڵانەیان پێکەوە هەیە دەرفەت لەبارە و بارودۆخ گونجاوە. لە هەر وڵاتێک بە پێی دۆخ و سرووشتی تایبەتی خۆی ئەم وڵاتە لە چوارچێوەی سنووری ئەم وڵاتانەدا بەدیالۆگ و لێکتێگەیشتن و ئاشتیانە، کێشەکان چارەسەر بکرێن و ئاسوودەیی و سەقامگیری هەمیشەیی بەدی بێت. تاکو هەمووان پێکەوە ڕوو لە داهاتوویەکی دڵنیایی و بێ ترس بکەن".
نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا جارێکی دیکە پابەندی بوونی هەرێم بە دەستووری عێراقی دووپات کردەوە و ڕاشیگەیاند، ئەوە گەرەنتی ڕاستەقینەوە بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق بە هەموو جیاوازییەکانەوە.
بارزانی بەشێکی دیکەی قسەکانی تەرخان کرد بۆ دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند، پێویستە پەرلەمان کوردستان کارا بێت و داواشی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کرد هەرچی زوو کابینەی حکوومەت پێک بهێنن.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن