عێراق

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم ئەنجام بدات

- گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەلای: "ئامادەین لە ٢٠ی تشرینی یەکەمدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدەن".

Heman Hussein Yaseen  | 26.06.2024 - نوێکردنەوە : 28.06.2024
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم ئەنجام بدات

Arbil

هەولێر -AA

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نیشان دا.

لەمبارەیەوە گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەلای بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕاگەیاند کە ئامادەن لەم وادەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدەن.

جومانە غەلای گوتیشی، "مەرسوومی تایبەتی سەرۆکایەتی هەرێممان بە دەست گەیشتووە و دەستمان کردووە بە ئەنجامدانی ڕێکاری تایبەت بۆ ئەم مەبەستە".

ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دیاری کرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان - عێراق.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نووسراوێکی لەبارەی دیاریکردنی وادەکە ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کردووە و تیایدا مەرسومەکەی سەرۆکی هەرێمی هاوپێچ کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا سێ جار وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن گۆڕدراوە و دواجاریش ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ دیاری کرابوو، بەڵام بەھۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان، نەتوانرا پڕۆسەکە لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و بۆ چوارەم جار دواخرا، ھاوکات کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی سەرەتای مانگی ئەیلوولی کردبوو بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە، بەڵام ئەمڕۆ سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ی وەک وادەی ئەنجامدانی خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد.

بۆ بەڕێوەبردنی هەوڵبژاردن لە هەرێم، چەند گرفتێک لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەکە ھەبوو، دیارترینیان بابەتی کورسی کۆتا بوو.

پێشتر دادگای باڵای فێدڕاڵی عێراق بڕیاری دابوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ١٠٠ کورسی کەم بکاتەوە و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانیش، بە بشتبەستن بەو بڕیارە، کورسییەکانی بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی ھەرێمی کورستاندا دابەش کردبوو: ھەولێر، ٣٤ کورسی، سلێمانی ٣٨، دھۆک ٢٥ و ھەڵەبجەش سێ کورسی.

دواتر پێنج کورسی لە چوارچێوەی ئەو ١٠٠ کورسییەی پەرلەمان بۆ کۆتا گەڕایەوە و بەم شێوەیە دابەشکراوە کە بریتیین لە دوو کورسی بۆ ھەولێر، دوو کورسی بۆ سلێمانی و یەک کورسی بۆ دھۆک.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın