توركيا, تەكنەلۆجيا و زانست, هەوالي كۆمپانیەکان

ئۆتۆمبێلی بەرهەمهێنراوی تورکیا تۆگ لە قوتابخانەی نێودەوڵەتی مەعاریف لە ھەولێر ناسێندرا

ئۆتۆمبێلەکە دروستکراوی وڵاتی تورکیایە و لە یادی ١٠٠ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا نمایشکرا و تا ئێستا لەسەر ئاستی ناوەخۆ و دەرەوەشدا پێشوازییەکی باشی لێکراوە و ئۆتۆمبێلدۆستان بە پەرۆشن بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆمبێلی تۆگ.

Heman Hussein Yaseen  | 09.11.2023 - نوێکردنەوە : 13.11.2023
ئۆتۆمبێلی بەرهەمهێنراوی تورکیا تۆگ لە قوتابخانەی نێودەوڵەتی مەعاریف لە ھەولێر ناسێندرا

Arbil

هەولێر - AA

لە کاتێکدا قوتابییانی قوتابخانەی مەعاریفی نێودەوڵەتی گرنگییەکی زۆریان بە نمایشکردنی ئۆتۆمبێلی تۆگ نیشاندا کە لە گۆڕەپانی قوتابخانەکە نمایشکرابوو، هاوکات دایک و باوکی قوتابییەکان وێنەیان لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکە دەگرت و روونکردنەوەیان لەبارەی ئۆتۆمبێلەکەوە بۆ منداڵەکانییان دەدا. جگە لەوەش مامۆستا و قوتابییەکان بە پەرۆشەوە سەیری شێوە و دیزاین و تایبەتمەندییەکانی ئۆتۆمبێلەکەیان کرد و خۆشحاڵیی خۆیان نیشاندا، بەدۆستی ژینگەیان ناوبرد و، هیوایان خواست بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆمبێلی تۆگ.

لە رێوڕەسمێکدا، بە ئامادەبوونی نوێنەری وەقفی مەعاریفی تورکیا لە عێراق، خاوەنی ئۆتۆمبێلی نمایشکراوی تۆگ و قوتابییان و مامۆستایانی قوتابخانەی مەعاریفی نێودەوڵەتی، ئۆتۆمبێلی تۆگ نیشانی ئامادەبووان درا.

ئۆتۆمبێلەکە دراوستکراوی وڵاتی تورکیایە و لە یادی ١٠٠ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا نمایشکرا و تا ئێستا لەسەر ئاستی ناوەخۆ و دەرەوەشدا پێشوازییەکی باشی لێکراوە و ئۆتۆمبێلدۆستان بە پەرۆشن بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆمبێلی تۆگ.

نوێنەری وەقفی مەعاریفی تورکیا لە عێراق فەخرەددین کەسکین لەبارەی پێشوازی قوتابییان لە ئۆتۆمبێلەکەوە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو ئۆتۆمبێلە بە تەکنەلۆژیای سەردەم بەرهەمهێنراوە، قوتابییەکان بە پەرۆشن بۆ بینینی ئۆتۆمبێلەکە و زانیاری وەرگرتن لەبارەی تایبەتمەندییەکانییەوە، نمایشکردنی ئەو ئۆتۆمبێلە کە سەد لەسەد کارەباییە بۆ ئەوان شتێکی نوێ بوو، گرنگی ئەم بەرهەمهێنانە ئەوەیە کە سەرجەم کەلوپەلەکانی لە بەرهەمی ناوخۆییی پێکهاتووە کە ئەمە شانازییە بۆ ئێمە و هیوادارم لەماوەیەکی کەمدا چەندین ئۆتۆمبێلی دیکەی تۆگ لە شەقامەکاندا ببینم".

هاوکات مامۆستایەکی قوتابخانەی مەعاریفی نێودەوڵەتی، ئاماژە بەوە دەکات کە ئۆتۆمبێلەکە لە ڕووی ئابووریی و ژینگەییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە و هیوایشی خواست کە بتوانن بەشداربن لە بەدەستهێنانی ئۆتۆمبێلەکەوە.

مامۆستا، رۆزی کەریم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە خۆشحاڵین بە نمایشكردنی ئەم ئۆتۆمبێلە، ئۆتۆمبێلەکە بەرهەمی ناوخۆی وڵاتی تورکیایە و چەند تایبەتمەندییەکی گرنگی هەیە چونکە هەم لە ڕووی ئابووریی و هەم لە ڕووی ژینگەییەوە زۆر پێویستە بەهۆی ئەوەی سەد لە سەد کارەباییە و هیچ دەردراوێکی ژەهراویی نيیە و نابێتە هۆی پسیبوونی ژینگە".

رۆزی کەریم گوتیشی: "هاوکات لە ڕووی ئابووریشەوە کاریگەری ئەرێنی لەسەر دۆخی هاووڵاتییان دروست دەکات و هیوادارم ئەم بەرهەمە زیاد بکات و هەموومان بتوانین لە بەدەستهێنانی بەشداربین".

خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلەی کە نمایشکراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە سەرجەم دیزاینەکە لەلایەن ئەندازیارانی تورکیا دیزاینکراوە، ئەوەش دەخاتەڕوو کە لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەدا دەتوانرێت لە سەنتەری خزمەتگوزارییەوە بەشێوەیەکی دیجیتاڵی کێشەکە چارەسەر بکرێت و پێویست ناکات ئۆتۆمبێلەکە ببردرێتە بنکەی خزمەتگوزاری.

خاوەنی ئۆتۆمبێل، عومەر فاروق یەڵدرم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە یادی ١٠٠ ساڵەی دامەزراندنی کۆمارەکەمان، ئۆتۆمبێلی جۆری تۆگ نمایشکرا کە سەد لەسەد کارەباییە و دۆستی ژینگەیە، بە پێویستمان زانی لێرەش نمایشی بکەین کە تەواوی بەرهەمی تورکیایە و تەواوی دیزاینەکەش لەلایەن ئەندازیارانی تورکیاوە دروستکراوە، هیوادارم بەمزووانە لێرەش بیبینم چونکە ئەمە جگە لەوەی دۆستی ژینگەیە لە بواری ئابووریشدا بە سوودە چونکە ئۆتۆمبێلەکە پێی دەگوترێت دیجیتاڵی و ئاسوودەبەخشە لە لێخوڕیندا".

لەبارەی ئەگەری بوونی کێشەیەک لە ئۆتۆمبێلەکە و چۆنیيەتی چارەسەرکردنی، عومەر فاروق یەڵدرم گوتی: "لەسەدا ٩٠ی چاککردنی ئۆتۆمبێلەکە لە رێگای سیستەمێکی ئەلیکترۆنییەوە دەبێت کە راستەوخۆ لە بنکەی سەرەکیی خزمەتگوزارییەوە کێشەکە چارەسەر دەکرێت، پێویست بەوە ناکات ئۆتۆمبێلەکە بچێتە بنکەکانی خزمەتگوزاری چاککردنەوە".

یەکێک لە قوتابییەکانی قوتابخانەی مەعاریفی نێودەوڵەتی خۆشحاڵە بەوەی لە یادی ١٠٠ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا، ئەم ئۆتۆمبێلە نمایش دەکرێت.

قوتابی، ئایشەم زەلال قورشون بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ئۆتۆمبێلەکەمان ( تۆگ) لە یادی ١٠٠ ساڵەی کۆمارەکەماندا نمایش دەکەین. شانازی بە ئۆتۆمبێلەکەمانەوە دەکەین. ئێمە پێمان وایە وڵاتەکەمان سەرکەوتنی زۆرتر بەدەست دەهێنێت".

هاوکات یەکێکی دیکە لە قوتابییەکانی هەمان قوتابخانە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئۆتۆمبێلەکە لە رووی دیزایینەوە زۆر جوانە و هیواش دەخوازێت کە ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی تۆگ لە شەقامەکانی شاردا ببینێت.

قوتابی، شنە کەیوان لەبارەی ئۆتۆمبێلەکەوە گوتی: "ئەم ئۆتۆمبێلە دروستکراوی وڵاتی تورکیایە، ئۆتۆمبێلێکی زۆر جوانە لە دیزاین، هاوکات وەک دیارە ئاسوودەشە لە لێخوڕین، ئەمە بەشێوازی کارەبایی کار دەکات، خوازیارم رۆژێک بتوانم بەدەستی بهێنم، من ئۆتۆمبێلی دیکەی جۆراوجۆر لە شەقامەکاندا دەبینم، بەڵام بینینی ئەو ئۆتۆمبێلە (تۆگ) هەستێکی خۆش بوو و هەستم بە جیاوازییەکی زۆر کرد بەراورد بە ئۆتۆمبێلەکانی دیکەی شەقام بەتایبەت لە رووی جوانی و دیزاینەوە".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın