ژيان

لەقلەقە دڵناسکەکانی بەردەڕەش سەرنجی گەشتیاران رادەکێشن

لەقلەق یان حاجی لەقلەق،بەوە ناسراوە کە لە شوێنی سەقامگیر دەمێنێتەوە و لەو شوێنانە کۆچ دەکات کە شەڕ و ناسەقامگیریی تێدایە یان هەست بە مەترسی بکات لەسەر ژیانی، ئەو باڵندەیە ئەوەندە دڵ ناسکە تەنھا یەک جار ئازاردانی دەبێتە هۆی ئەوەی ناوچەکە بەجێبهێڵێت

Heman Hussein Yaseen  | 25.06.2020 - نوێکردنەوە : 01.07.2020
لەقلەقە دڵناسکەکانی بەردەڕەش سەرنجی گەشتیاران رادەکێشن

Arbil

هەولێر - AA

لەقلەق یان حاجی لەقلەق، بەوە ناسراوە کە لە شوێنی سەقامگیر دەمێنێتەوە و لەو شوێنانە کۆچ دەکات کە شەڕ و ناسەقامگیریی تێدایە یان هەست بە مەترسی بکات لەسەر ژیانی، ئەو باڵندەیە ئەوەندە دڵ ناسکە تەنھا یەک جار ئازاردانی دەبێتە هۆی ئەوەی ناوچەکە بەجێبهێڵێت.

نزیکەی پەنجا ساڵ پێش ئێستا، جووتێک حاجی لەقلەق لە سنووری قەزای بەردەڕەشی سەربە پارێزگای دهۆک دەگیرسێنەوە و هێلانەیان چێ دەکەن، دوای ئەوە وەچە دەخەنەوە و ئێستا بوونەتە ژمارەیەکی زۆر و رۆژانە سەرنجی گەشتیاران رادەکێشن و خەڵکی ناوچەکەش ئاشنایەتییان لەگەڵ لەقلەقدا هەیە.

وەرزی جووتبوونی لقلەقەکان لە کۆتایی وەرزی بەھار دەست پێ دەکات کە لەقلەقەکان کۆدەبنەوە و بە ئاسماندا دەسوڕێنەوە، دوای ھێڵکەکردن و کڕکەوتن بۆ ماوەی ٣٠ رۆژ ھەر خێزانێک دەبێتە خاوەنی چەند بێچووێک، پاش پێگەیشتن و پەروەردەکردنی بێچووەکانیان، لەقلەقەکان لە کۆتایی مانگی ئابی ھەموو ساڵێک کۆچ دەکەن، بەڵام بەهۆی گونجاوی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان، ئەوا لەقلەقەکان لەو شوێنە دەمێننەوە.

نێرە و مێیەی ھەر حاجی لەقلەقێک بەیەکەوە لە ھێلانەیەکدا دەژین، ئەگەر ھەر کامێکیان لە ژیاندا نەمینێت، ئەوا لەقلەقەکەی دیکە تا مردن بە سەڵتی دەمێنێتەوە و ئامادەنییە لەگەڵ لەقلەقێکی دیکەدا جووت ببێت، بۆیەش بە ھێمای وەفا و خۆشەویستی ناسراوە.

ئەم باڵندانە، ٣٥ بۆ ٤٠ ساڵ دەژین، بەرزیان مەترێک و درێژی باڵەکانییان نزیکەی دوو مەترە، دەنووک و قاچیان رەنگی سوور و سەر باڵەکانییان رەنگی رەشە و ، دوو تا پێنج ھێلکە دەکەن و بە نۆرە لەسەر ھێلکەکان ھەڵدەکورمێن.

لەقلەق بە دەنووکە درێژەکەی راوی مار، مشک، جرج و بۆق دەکات و دەیخوات و ھەر ئەو خواردنانەش لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان بۆ بێچووەکانیان دەھێنن. تەنانەت بێچووەکانیان رادەھێنن لەسەر ھەڵفڕین و چۆنییەتی راوکردنی ئەم گیانەوەرانە.

لەقلەق، بۆیەش هەندێک جار پێی دەڵێن حاجی لەقلەق، چونکە ساڵانە ھاوشێوەی حاجییەکان، بەھەمان رەنگ قەتارەی دەبەستن و لە چیاکان و زەلکاوەکاندا دەگەڕێنەوە بۆ سەر ھێلانەکانییان بۆ جووتبوون و ھێلکەکردن.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın