
Beijing
پەکین - AA
حکوومەتی چین، رێوشوێنەکانی خۆپارێزی کۆرۆنای لەسەر گەشتیاران هەڵگرت.
وەزارەتی دەرەوەی چین لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو کە ئەو گەشتیارانەی سەردانی چین دەکەن لەمەودوا پێویست ناکات کۆدی تایبەت بە تووش نەبوون بە کۆرۆنا لە کۆنسولخانە و باڵیۆزخانەکانی چین وەربگرن.
لە راگەیەندراوەکەدا، داوا لەو کەسانە کراوە کە پلانیان هەیە سەردانی ئەو وڵاتە بکەن، بەرلە گەشتەکەیان پشکنینی کۆرۆنا ئەنجام بدەن و ئەگەر ئەنجامەکە پۆزەتڤ بوو، تا کاتێک کە پشکنینەکەیان دەبێتە نێگەتڤ، گەشتەکەیان دوابخەن.
ئەو گەشتیارانەشی گۆڕانکاری لە رەوشی تەندروستییاندا بەدی بکرێت یان تایان هەبێت لە دەروازە سنوورییەکان پشکنینیان بۆ ئەنجام دەدرێت، ئەگەر پشکنینەکەیان پۆزەتڤ بێت ئەوا بەگوێرەی دۆخی تەندروستییان داوایان لێدەکرێت لە ماڵەوە خۆیان کەرەنتین بکەن یان لە نەخۆشخانە چارەسەرییان بۆ بکرێت.
هەر بەگوێرەی ئەم بڕیارە نوێیە، ئەو کەسانەی کە سەردانی چین دەکەن، پێویست ناکات پێنج رۆژ لە ماڵەکانیاندا خۆیان کەرەنتین بکەن و سێ رۆژیش لە ماڵەوە چاودێری پزیشکی وەربگرن.
چین وەک هێمایەکی نوێی گۆڕانی سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، کۆتایهێنان بە بەشێکی خۆپارێزی و سنووردارکردنەکانی تایبەت بە کۆرۆنای راگەیاندبوو.
دوێنێ کۆمیسیۆنی تەندروستی نیشتمانیی چین، رێنمایی نوێی ئاراستەی نەخۆشخانە و ناوەندەکانی تەندروستی کرد و تیایدا ئەوەی خستەڕوو کە لە هەشتی کانوونی دووەمی ۲۰۲۳وه رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا کەم دەکرێنەوە.
لە چوارچێوەی یاسای نوێی کەرەنتین و دەروازە سنوورییەکاندا، کۆمەڵێک لە رێوشوێنەکانی تایبەت بە خۆپارێزی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە سەردانی چین دەکەن، لابران.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن