Fahrettin İbrahim
05 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2016
سەرەڕای بوونی قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان بەڵام خەڵکی ناوچەکە بۆ مانگی رەمەزان ئامادەکاریی دەکەن.
لەگەڵ بەردەوامی قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان و کێشەکانی ئابووری نێوان هەرێم و بەغدا و پێنەدانی بوودجە و مووچە لە هەرێمی کوردستان بەڵام لەگەڵ هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزان، دڵخۆشی بۆ کاسبکاران و دووکانداران گەڕایەوە چونکە خەڵک دەستیان کردووە بە ئامادەکارییەکان و بازاڕ جمەی دێت.
کاسبکار نەسرەدین کە دووکانەکەی لە تەنیشت قەڵای مێژوویی هەولێر وێڕای ئاماژەدان بە هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزان، خۆشحاڵی خۆی بۆ بووژانەوەی بازاڕ دەربڕی.
نەسرەدین گوتی: "لەگەڵ هاتنی خێر و بەرەکەتی مانگی رەمەزان ئیش و کارەکانمان بەهەڵسەنگاندن لەگەڵ رۆژانی رابردوو، بووژاوەتەوە و خەڵک بەگشتیی هاتوون بۆ بازاڕ و پێداویستییەکانیان دەکڕن".
نەسرەدین ئاماژەی بەوە دا کە زیاتر ئەو کەسانە توانای کڕینی کەلوپەلیان هەیە کە ئاوارەن و بەهۆی کوشتار و شەڕو پێکدادانەکان لە ناوچەکانی باشووری عێراق روویان لە هەولێر کردووە و خەڵکی خوجێی هەولێر بەهۆی پێنەدانی مووچەیان کەمتر دەتوانن روو لە بازاڕ بکەن.
نایف ئیدریسیش کە کاسبکارێکی دیکەی نێو بازاڕەکەیە گوتی: "تا چەند رۆژ لەمەوپێش ئەم بازاڕە زۆر چۆڵ بوو بەڵام لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان بازاڕەکە بووژاوەتەوە".ئەو زیاتر دوا و گوتیشی: "بەگشتیی بارودۆخی ژیان بەهۆی قەیرانی ئابووری باش نییە بەڵام هاتنی مانگی رەمەزان کاریگەریی قەیرانی کەمتر کردووە".
هاووڵاتییەکیش بەناوی ئەحمەد عەلی جەختی لەوە کردەوە ئەگەرچی چوارمانگە مووچەی وەرنەگرتووە بەڵام منداڵەکانی هێناوەتە بازاڕ و رێگە نادات هیچ کەموکووڕییەک لە سەر خوانەکی لەم مانگەدا بێتەئاراوە.