Hamit Hüseyin
21 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2015
بەیانی ئەمڕۆ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی پێشوازی لە وەزیری بەرگری كەنەدا، ھارجیت سینگ ساجان كرد و دواتر لە گەڵیدا كۆبوویەوە.
ھەر یەك لە سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی، وەزیری نێوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت كەریم شنگالی، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە جەبار یاوەر، جەعفەر شێخ مستەفا و فوئاد حوسێن و شاندێكی كەنەدی لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بوون.
وەزیری بەرگری كەنەدا، ھارجیت سینگ ساجان لە كاتی سەردانی كردنی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان چەند دێرێكی بۆ یادگاری لە دەفتەری سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان نووسی.
وەزیری بەرگری كەنەدا شەوی رابردوو، لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر گەیشتە ھەرێمی كوردستان و لە لایەن وەزیری نێوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت كەریم شنگالی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ھەرێم پێشوازی لێكرا.
ساجان لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤ەوە بووەتە وەزیری بەرگری كەنەدا و سەر بە پارتی ئازادیخوازی كەنەدییە.
ئەو ھاووڵاتییەكی بە رەچەڵەك ھیندستانییە و كاتێك تەمەنی چوار ساڵ بووە، بنەماڵەكەیان چوونەتە كەنەدا.
ناوبراو ماوەی ٢٦ ساڵ خزمەتی سەربازی لەنێو سوپای كەنەدا كردووە.