ئیستەنبوڵ
وەزیری وزەی تورکیا تانەر یلدز سەبارەت بە نەوتی کەرکوک گوتی: "کەرکوک شوێنێکی گرنگ ھەناردەکردنە، ئەگەر لەوێ ھەناردە بکرێ ئەوا ئێمە دەیگوازینەوە، ئەگەر عێراق چ لە کەرکوک یا لە شوێنێکی دیکە نەوت ھەناردە بکا ئەوا ئێمە بە مەرجی دابەشکردنی بە سەر ھەمووی عێراقدا، تورکیا ئەو نەوتە دەگوازێتەوە، ئەگەر نەوت لەوێیەوە ھەناردە بکرێ، رەنگە لە کۆتایی ساڵدا بتوانرێ رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل ھەناردە بکرێ، چونکە بۆڕی نەوتبەری کەرکوک - یومورتاڵیک توانای گواستنەوەی رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی ھەیە."
تانەر یڵدز ئەوەشی خستەروو: "لەگەڵ دەستپێکردنی ھەناردەکردنی ئەو نەوتەی لە بەندەری جەیھان کۆ کراوەتەوە، رۆژانە رێژەی نەوتی کۆ کراوە دەگۆڕێ و بەڵام ھەمیشە ئەو رێژەیە لە دەردەوی ٢.٣ ملیۆن بەرمیلە. رۆژانە ١٢٠ ھەزار بەرمیل نەوت لەعێراقەوە روانەی بەندەری جەیھان دەکرێ. ئەو رێککەوتنەی لە نێوان تورکیا و کوردستاندا ئیمزا کراوە، دەتوانرێ بەردەوام بێ، لە کوێ یا لە چەند ناوچەیەکی عێراقەوە نەوت ھەناردە بکرێ با بکرێ ئێمە ھەر وەکو نەوتی عێراق سەیری دەکەین و ھەرجۆرە زانیارییەک لە سەر ئەو نەوتەی کە لە لایەن تورکیاوە دەگوازرێتەوە روانەی بەغدا دەکرێ."
یڵدز هەروەها گوتی: "لە بارەی بڕی ئەو پارەی کە دێتە سەر حەسابی ھاڵک بانک تورکیا ھەر وەکو رێژەی نەوت ھەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکا و بە شێوەیەکی شەفاف زانیاری ورد روانەی بەغدا دەکا، چونکە رێککەوتنەکانی نێوان تورکیا و عێراق خزمەتی باشی ئاساییکردنەوەی رەوشی ھەر دوو لا دەکەن."
بۆ ئەگەری فرۆشتنی ئەو نەوتە بە ئیسرائیل یلدز گوتی: "تورکیا ھیچ پەیوەندی بە دۆزینەوەی کڕیار بۆ ئەو نەوتە نییە، نەوت روانەی ئیسرائیل کرا یا نا؟ ئەمانە پەیوەندیی بە تورکیاوە نییە، چونکە ئەو نەوتە ھی عێراقە و ئەوەی ئەو نەوتە دەفرۆشی عێراقە و ئەمە کێشە تورکیا نییە، کە ئایا ئەو نەوتە بە ئەوروپا یا ئیسرائیل دەفرۆشێ."
لە بارەی رێژەی ئەو پارەیەوە کە لە بەرامبەر نەوتی فرۆشراو روانەی بانكی ھاڵکبانک کراوە یڵدز گوتی: "تا ئێستا ٩٣- ٩٤ ملیۆن دۆلار پارەی نەوت خراوەتە سەر حەسابی ھاڵک بانک و چاوەڕوان دەکرێ ٣- ٣.٥ ملیۆنی دیکە تایبەت بەو بارە بگاتە ئەو بانکە، بە ھۆی چەندین کێشەی تەکنیکییەوە ئەو بڕە پارەیە بە جیاوازی سوویەوە دەخرێتە ئەو حەسابەوە و لەمەو بەدواوەش پڕۆسەکە ھەر بەو جۆرە بەردەوام دەبێ."
وەزیری وزەی تورکیا لە بارەی پرسی غازی سروشتیشەوە گوتی: "ئێمە زۆر بە جیاوازی سەیری پڕۆسەی ھەناردەکردنی نەوت لە لایەن عێراقەوە دەکەین لەگەڵ ئاساییکردنەوەی رەوشی عێراق ئەگەر لەگەڵ نەوتی خامدا عێراق دەست بە ھەناردەکردنی غازی سروشتیش بکا ئەوا دەبێ نرخی بۆ بازاڕەکانی تورکیا دابەزێنێ.