hemn husain
15 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2015
دوای ئەوەی نیوەڕۆی دوێنێ دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل داخرا و گەشتیاران و بازرگانان ئەم داخستنەیان گێڕایەوە بۆ رووداوەكانی سلۆپی و جزیرێ و، پێیان وایە داخستنی سنووری ئیبراهیم خەلیل پەیوەندی بەو گرژ و ئاڵۆزییەی ئەم چەند رۆژەی رابردووەوە هەیە كە لە هەندێك ناوچە شەڕ لە نێوان سوپای توركیا و پەكەكە روویداوە و ئاماژەیش بۆ ئەوە دەكەن كە كاتی كرانەوەی دەروازەکە دیار نییە و چارەنووسەكان نادیارن.
نیوەڕۆی دوێنێ دەروازەی سنووری ئیبراھیم خەلیل داخراوە و كاتی كردنەوەشی دیار نییە، ئەمەش نیگەرانی گەشتیارانی لێكەوتۆتەوە چونكە بەم هۆیەوە چەندین گەشتیار لە هەرێمی كوردستان لە چاوەڕوانی كرانەوەی مەرزەكەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە توركیا.
لە بەدواداچوونێكی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ ترمیناڵی نێودەوڵەتی هەولێر، دەركەوت كە چەندین گەشتیار بەم هۆیەوە گیریان خواردووە و نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن، هاوكات نووسینگەكانی گواستنەوەی هاووڵاتییان پڕبووە لە كەلوپەلی هاووڵاتییان و چاوەڕوانی كرانەوەی دەروازەكە دەكەن.
خاوەنی كۆمپانیای گواستنەوەی هاووڵاتییان ئۆلجان ئالبەڵك بۆ ئانادۆڵو گوتی: "بەم دواییانە بەهۆی رووداوەكانی سلۆپی وجزیرێ و نسێبین و دیاربەكر قەدەغەكردنی هاتوچۆ راگەیەنرا، ئێمە پێمان وایە داخستنی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل پەیوەندی بەم باردودۆخەوە هەیە هەرچەندە ئێمە پێشتر هیچ زانیارییەكمان لەسەر بڕیاری توركیا بە داخستنی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل نەبووە و ئەمە بڕیارێكی لەناكاو بوو، ئێمە شەش ئۆتۆمبێلی پاسمان لەو دیو سنوور ماونەوتەوە كە ئەمەش گرفتی بۆ ئێمە و گەشتیاران و بازرگانان درووست كردووە".
هەر سەبارەت بە داخستنی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل بەشێك لە شوفێرەكانی هێڵی گواستنەوەی نێوان هەولێر و شارەكانی توركیا لە چاوەڕوانی كرانەوەی دەروازەكەدان.
شوفێری پاس شەفیق مێرجان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی چوار رۆژە سەردان و گەشتەكان لە سنووری ئیبراهیم خەلیل راگیراون و بەپێی ئەو دەنگۆیانە رەنگە ئەم داخرانە ماوەی 10 رۆژ بخایەنێت و ئێمە 7 ئۆتۆمبێلی پاسمان ماوەتەوە و هۆكاری داخستنی دەروازەكەش وەك دەگوترێت بەهۆی رووداوەكانی سلۆپی و جزیرێ-یە و باردودۆخەكە ناجێگیرە".
هەر لە نێو ترمیناڵی نێودەوڵەتی هەولێر كۆمەڵێك گەشتیار سەردانی نووسینگەكانی گواستنەوەیان دەكرد بۆ ئەوەی لە هەواڵی كرانەوەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ئاگاداربن چونكە بەپێی قسەی گەشتیاران رەنگە داخرانی دەروازەكە چەند رۆژێك بخایەنێت.
گەشتیار عەبدوڵڵا مێرجان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ماوەی 15 رۆژە لە هەولێرین و دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ دیاربەكر بەڵام دەگوترێت بەهۆی رووداوەكانی جزیرێ و سلۆپی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل داخراوە، ئیتر نازانین چارەنووسی ئێمە چۆن دەبێت و هەر دوێنێ شەش سەعات لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل چاوەڕوانی دەربازبوون بووین بەڵام رێگایان نەدا بگەڕێینەوە بۆ دیاربەكر".
هەر سەبارەت بە جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل كە بە دەروازەیەكی سەرەكی بازرگانی هەژمار دەكرێت و رۆژانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەم دەروازەیە ئەنجام دەدرێت و بازرگانێكیش پێی وایە مانەوەی كەلوپەلەكانیان لەم دەروازەیەدا متمانەی نێوان بازرگانان و هاووڵاتییان كەم دەكاتەوە.
بازرگان محەمەد عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ماوەی سێ رۆژە كەلوپەلەكانمان لەودیو سنوور راگیراون بەهۆی داخستنی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل ئەمەش كێشەی بۆ ئێمە و بازرگانان درووست كردووە چونكە ئێمە بەڵێنمان بە كڕیارەكانمانداوە كە كەلوپەل و پێداویستییەكان لەماوەی دیاریكراودا دەگاتە دەستیان بەڵام ئێستا بەهۆی داخرانی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل كەلوپەلەكانمان لەماوەی دیاریكراودا ناگاتە هەرێمی كوردستان و بەمەش گرفتی متمانە لە نێوان ئێمە و كڕیارەكانمان درووست دەبێت".
سەبارەت بە قەرەبووكردنەوەی بازرگانان لەلایەن كۆمپانیاكانی توركیا بازرگان محەمەد عەلی گوتی: "ئێمە رێككەوتنی بیمەمان لەگەڵ كۆمپانیاكانی توركیا هەیە بەڵام لە خاڵەكانی رێككەوتننامەكە تەنیا باسی سووتان و دزرانی كەلوپەلەكانی تێدایە كە لەم حاڵەتانەی باسم كرد ئەوا كۆمپانیاكانی توركیا 50% ی پارەكەمان بۆ دەگەڕێنێتەوە بەڵام دەبێت لەمەوپاش لە رێككەوتننامەكانی بیمەی كەلوپەل داوای زیادكردنی خاڵێك بكەین ئەویش ئەو مەسەلەی ئێستا كە بەهۆی بارودۆخی شەڕ دەروازەی ئیبراهیم خەلیل داخراوە و هەروەها هەندێك كەلوپەلی خواردمەنی هەیە كە ماوەی بەسەرچوونەكەی 30 رۆژە و لەم حاڵەتەشدا رەنگە بەهۆی داخرانی سنوورەوە ئەم كەلوپەلانە ماوەیان بەسەربچێت و نەتوانرێت بهێنرێتە هەرێمی كوردستان كە ئەمەش دیسان ئێمە تێیدا زەرەرمەند دەبین".
جێگەی ئاماژەیە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل هەرێمی كوردستان بە تورکیا دەبەستێتەوە و، 12 كیلۆمەتر لە شارۆچكەی زاخۆ دوورە، خالێكی بازرگانی و سنورییە و بە تاكە دەروازەی سەرەكی هەرێمی كوردستان هەژماردەكرێت.