Hemn Baban
08 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2018
ھەولێر - AA
کۆمەڵەی کارسازی خانمانی کوردستان رایدەگەیەنێت ٧٥ تا ٨٠ لەسەدی کۆمپانیاکان لە کوردستان بەناوی ئافرەتانەوە یان خێزانن.
سەرۆکی کۆمەڵەی کارسازی خانمانی کوردستان، تریسکە ئیحسان ئەسعەدی لە ھەفپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو تیشک دەخاتە سەر کۆمەڵەکەیان کە تایبەت بە ئافرەتانی کارساز لە ھەرێمی کوردستان و سەرەتا لەبارەی کۆمەڵەکەیانەوە رایدەگەیەنێت "کۆمەڵەی کارسازی خانمانی کوردستان لە ٢٢ی تەمووزی ٢٠١٢ دامەزراوە، دەستەی دامەزرێنەر ١٥ کەس بووین، لەسەر کۆمەڵەکانین لە وەزارەتی ناوخۆ، ئێستاش ٢٠١٨ نزیکەی ٦٤ ئەنداممان ھەیە، کۆمەڵەکەمان ھەستاوە بە کۆکردنەوەی ئەو ئافرەتانەی کاری سەربەخۆی خۆیان ھەیە و ئافرەتان لە زۆر بواردا کاردەکەن لەکاری دەستییەوە تا کاری گەورەی وەکو وەبەرھێن و بەڵێندەر و خاوەنی کۆمپانیا و شتی دیکەش، ئەندامیەتی لە لای ئێمە چوار پلەیە ئەوانیشA,B,C,D".
سەبارەت بەوەی ئافرەتانی کارساز ھەموویان ئەندامن لە کۆمەڵەکەی ئەوان، ئەو دەڵێت "ئافرەتێکی زۆری کارساز لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و ھەموویان ئەندامی ئێمە نیین، بەڵام ئێستا سەرقاڵی پڕۆژەیەکیین بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو ئافرەتانەی کارسازن لە ھەرێمی کوردستان کۆیان بکەینەوە و لە نامیلکەیەکدا زیاتر پێناسەیان بکەین، راستە ئەنداممان کەمە، بەڵام ھۆکار زۆرن، بە نموونە ھێشتا زۆر ئاشنا نیین بە کۆمەڵەکەمان، یان بەشێکی ئافرەتان نایانەوێت خۆیان بھێننە پێشەوە، بەڵام ئێمە دەرفەتییان دەدەینێ بۆ ناسینی زیاتر و بۆ ئەوەی توانای خۆیان دەربخەن، بەڵام ژمارەی ئەنداممان بەرەو زیاتر دەچێت".
لەبارەی کاریگەریی قەیرانی دارایی لەسەر کارەکانی ئەوان تریسکە ئەسعەدی دەڵێت "قەیرانی دارایی و شەڕی داعش کاریگەریی لەسەر ئافرەتانی کارسازیش ھەبووە لە ھەرێمی کوردستان، ئەمەش لە ھەندێک شوێن بووەتە ھۆی ئەوەی ھەندێک ئافرەتی کارساز مایەپووچ ببن و زیانی زۆریان پێ بگات".
ھەروەھا ھێما بۆ دەستڕەنگینی و توانایی ئافرەتانی کوردستان دەکات و دەڵێت ئەوان لە زۆر بواردا بەرەو پێش چوون و ئێستا لە کوردستان ئافرەت ھەن خاوەنی نەخۆشخانەن، خاوەنی قوتابخانە، پارێزەر، پزیشک، بەڵێندەر، دەرمانساز، وەبەرھێن، ھی دیکەش، تا کاری دەستی، ساڵۆنیان ھەیە، ھەروەھا لە چەند بوارێکی دیکەی وەکو گەشتیاری و بیناسازی و ھی تریش.
لەدرێژەی قسەکانیدا تریسکە ئیحسان ئەسعەدی سەبارەت بە سەرمایەی ئافرەتانی کارساز لە کوردستاندا دەشڵێت "کار لەسەر ئەوە دەکەین بزانیین کە چەند ئافرەتی سەرمایەدارمان ھەیە. لە کوردستاندا زۆر کۆمپانیا ھەن بەناوی ئافرەتەوەن یان خێزان و پیاوان کاری لێ دەکەن، بۆیە ئێستا دەتوانم بڵێم نزیکەی ٧٥ تا ٨٠ لەسەدی کۆمپانیاکان بەناوی ئافرەتانەوەن".
ھەروەھا روونیشی دەکاتەوە "بۆیە باشتر بزانرێت ئافرەتان کاردەکەن، ئێمەش لێرە زۆر ھاریکارییان دەبین لە خولی کارگێڕی و خولی دیکە و ھەروەھا دەیانناسێنین لە کۆنفڕانسەکانی ناوخۆی عێراق و دەرەوەی عێراقیش لە وڵاتانی دونیا و ئەمەش دەرگایەکی باشە بۆ کارکردنی زیاتر و باشتر".
سەبارەت بە بوونی ھەلی یەکسانیش لەبەردەم ئافرەتاندا بۆ کارکردن، سەرۆکی کۆمەڵەکە دەڵێت "ھەلی کار یەکسانە بۆ ئافرەتان و پیاوان لە ھەندێک بوار، بەڵام لە زۆر بواریش ئەو یەکسانییە نییە، دەشبێت لەپێشترێتی بدرێت بە ئافرەت، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئافرەتان ئەوەیە کە رۆتینی زۆر ھەیە لەبەردەم کارکردنییان".
سەرۆکی کۆمەڵەی کارسازی خانمانی کوردستانی لەدرێژەی قسەکانیدا تیشک دەخاتە سەر ئەو بازاڕەی بڕیار بوو لە ھەولێر تایبەت بکرێت بۆ ئافرەتان و روونی دەکاتەوە "بڕیار بوو بازاڕەکە بکرێتەوە بازاڕێکی تایبەت بە ئافرەتان و لەگەڵ بەڕێوەبەری داون تاون قسەمان کرد، ھەموو شتێک ئافرەت بێت تەنانەت پۆلیس و سیکیوریتی و ئەوەش وایدەکرد ئافرەت زیاتر کار بکات و بچێتە نێو بوارەکەوە، ھەروەھا ئافرەتان ھانبدرێن بچنە بازاڕەوە لە رێگەی ئەوەی ئەو بازاڕە نزیکە لە بازاڕی گەورە لە ھەولێر لە سەنتەری شار، دەمانتوانی لە ھەندێک کاردا ئافرەت تایبەتمەند بکەین بەتایبەت کە ئێستا ھەندێک کار ھەیە تەنھا پیاوان دەیکەن، دەمانتوانی ئەگەر ئەو بازاڕە ببێت ئەوا ئاسانکاریش بۆ ئافرەتان بکەین، بەڵام دواتر پڕۆژەکە درایە پیاوان و ئیتر ئێستا پیاوانی تێدایە".
ھەروەھا دەشڵێت بڕیار بوو کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی بۆ ئافرەتانی کارساز لە ھەرێمی کوردستان رێکبخرێت، بەڵام بە ھۆکاری رووداوەکانی داعش و قەیرانی داراییەوە ئەویش دواخرا، دەشڵێت "کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی لە ھەولێر بکرێت لە ھەرێمی کوردستان، ئەو پڕۆژەیە لەگەڵ بارودۆخی کوردستان لە مانگی ئاداری ٢٠١٣ لەگەڵ دەستەی کارگێڕی و سەرۆکی ئەوکات بەنیازی ئەوە بووین و ئێستاش نیازمان ھەیە، بەڵام بارودۆخەکە گۆڕا و زۆر شت نەمانتوانی بیکەین بۆیە جارێ لێیگەڕاوین".
تریسکە ئەسعەدی لە کۆتایی قسەکانیدا باس لەوە دەکات تا رادەیەک ئاسانکاریی بۆ ئافرەتان و کۆمەڵەکەیان لە کاردا دەکرێت و رایدەگەیەنێت "تا رادەیەک ئاسانکاری دەکرێت لە لایەن حکوومەتەوە، بەڵام کێشەمان ئەوەیە ئافرەتانی زیاتر بێنە کۆمەڵەوە و تەندەر و شتی زیاترمان پێ بدرێت وەکو ئافرەتان، داوامان کردووە لە تەندەر و کارەکاندا پشکێک بۆ ئافرەتان دیاری بکرێت".