Zana Natık Kerem
04 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2017
دۆحە ــ AA
كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی قەتەر رایگەیاند كە بەرهەمی غازی سروشتی شلكراوە ساڵانە لە ٧٧ بۆ ١٠٠ ملیۆن تۆن بەرزدەكاتەوە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی قەتەر، سەعد شرێدە ئەلكەعبی رایگەیاند كە ئاستی بەرهەمی غازی سروشتی شلكراو لە رێگەی پڕۆژەی پێشخستنی غاز لە كێڵگەی باكوورەو بەرز دەكەنەوە كە پێشتر بەكارنەهێنراوە.
سەعد شرێدە ئەلكەعبی ئاماژەی بەوەش دا، كۆمپانیەكەیان پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی باكووری بە بڕی زیاد بكات بۆ ئەوەی كۆی بەرهەمهێنانی رۆژانە لە سەرجەم كێڵگە نەوتییەكاندا بگەیەنێتە 6 ملیۆن بەرمیل.
ناوبراو دووپاتی كردەوە كە بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، شوێن و جێگەی قەتەر وەك سەرچاوەیەک بۆ هەناردەكردنی غازی سروشتی شلكراوە لەسەر ئاستی جیهان پتەوتر كات و و زیاتر قەتەر دەتوانێت غازی سروشتی شلكراو هەناردەی بازاڕەكان، بكات.
سەعد شرێدە ئەلكەعبی باسی لەوەش كرد كە پڕۆژە نوێیەكە، دەبێتە هۆی پێشخستنی كەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی كار و گەشەی ئابووری قەتەر.
سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی قەتەر گوتیشی: "لە چوارچێوەی بەردەوامی گەمارۆ و قەیرانی كەنداودا، قەتەر هەناردەكردنی غاز لە هیچ وڵاتێك راناگرێت".
سەعد شرێدە ئەلكەعبی ئەوەشی گوت: "كۆمپانیاكەمان لە كاركردن بەردەوامە و گەمارۆكەش بە هیچ شێوەیەك كاریگەری لەسەر كارەكانمان نەكردووە".
سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی گوتی: "ئەو كۆمپانیای كە نایەوێت كار لەگەڵ كۆمپانیەكەماندا بكات ئەو بژاردەی خۆیەتی و ئێمەش بە دوای كۆمپانیای دیكەدا دەگەرێن".
لە ساڵی ٢٠١٥دا، قەتەر بووە یەكەم وڵاتی سەرچاوەی هەناردەكردنی غازی سروشتی شلكراو كە كۆی هەناردەكردنەكەی گەیشتبووە ١٠٦،٤ ملیار مەترسێجا.