Muhammet Ali Kemal
31 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2016
لەدوای لێدوانەكانی سەرۆكی بانكی ناوەندیی ئەمریكا جانێت یەڵن، بەوەی كە ئاماژەی بۆ ئاستەنگەكانی بەردەم ئابووری وڵاتەكەی كرد و جەختی لەوەكردەوە كە لە زیادكردنی سوودا بە وریاییەوە مامەڵە دەكەن، نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت دوێنێ بۆ ٣٩ دۆلار و حەوت سەنت دابەزی.
سەرلەئێوارەی دوێنێ دوای ئەوەی ئاستی یەدەگی نەوتی هەفتانە لە بازاڕەكاندا لە ئەمریكا لە خوار پێشبینییەكانی سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیلەوە بوو، هەروەها بەهۆی كاریگەری ئەوەش كە ئەو ئاستە بۆ دوو ملیۆن و سێسەد هەزار بەرمیل بوویەوە، ئەگەرچی ئەم هۆكارانە وایكرد نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بۆ ٤٠ دۆلار و ٥٧ سەنت بەرزبێتەوە، بەڵام نەیتوانی لەو نرخەدا جێگیربێت و لەكۆتایی رۆژدا نرخەكەی گەیشتە ٣٩ دۆلار و ١٨ سەنت.
نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت ئەمڕۆ لەنێوان ٣٩ دۆلار و ٥٠ سەنت بۆ ٣٩ دۆلار و ٩٠ سەنت یاری كرد و لەئێستادا بە ٣٩ دۆلار و ٨٠ سەنتەوە مامەڵەی پێوە دەكرێت.
شیكەرەوان پێیان وایە كە هەرچەندێك یەدەگی نەوت لە خوار پێشبینییەكانیشەوە بێت، بەڵام نیگەرانییەكان سەبارەت بە زیادبوونی خستنەڕوو بەردەوامە و هەر لەبەر ئەمەش هەر زیادبوونێك لە یەدەگەدا فشار دەخاتە سەر نرخەكان و دایاندەبەزێنێت.
جەخت لەوەشدەكەنەوە كە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەدوای لێدوانەكانی سەرۆكی بانكی ناوەندیی ئەمریكا، ئەمڕۆ نرخی دۆلار جێگیری بەخۆیەوە بینیوە و ئەگەر بێت و نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت نەتوانێت لەسەروو ٤٠ دۆلارەوە بەشێوەیەكی جێگیر بمێنێتەوە، ئەوا لەحاڵەتی فشاری فرۆش درێژەی دەبێت و پێدەچێت ئەو نرخە بۆ ئاستی ٣٧ دۆلار دابەزێت.
هاوكات نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی تەكساس بەردەوامە لەو دابەزینەی لە رۆژی ٢٢ی ئادارەوە بەخۆیەوە دەبینێت و لە ئێستادا بەراورد بە رۆژی پێشتر لەسەدا یەك پۆینت سێ دابەزیوە و بە ٣٧ دۆلار و ٨٠ سەنتەوە مامەڵەی پێوە دەكرێت.