Heman Hussein Yaseen
12 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2020
ههولێر - AA
كەرتی گەشتیاریی لە هەرێمی كوردستان كە لە مانگی ئاداری رابردووە بەهۆی پەرەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق و هەموو جیهان تووشی سستی ببوو، جارێكی دیكە بوژاوەتەوە. شارەكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك لە هەرێمی كوردستان، جارێكی دیكە بوونەوە جێی سرنجی گەشتیارانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق و هاتنی گەشتیاران، جوڵەیەكی نوێی خستە بازاڕەوە.
دوای زیاتر هەشت مانگ لە قەدەغەی هاتوچۆ لە نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەهۆی رێکارە تەندروستییەکان و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، جارێکی دیکە جموجۆڵی گەشتیاری دەستی پێکردووەتەوە و جووڵەی خستووەتە بازاڕەوە.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان نادر روستی ئاماژە بەوە دەکات کە لەماوەی رابردوودا کەرتی گەشتیاری زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ئێستاشدا بەهۆی ههڵگرتنی قهدهغهی هاتوچۆی نێوان شارەکانەوە، جموجۆڵی بازرگانی کەوتووەتە بازاڕەوە.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، نادر روستی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکارە تەندروستییەکان و داخستنی شوێنە گەشتیارییەکان، ئەوا کەرتی گەشتیاری کەوتە قەیرانێک کە زیانێکی زۆری بەرکەوت چونکە لەسەرەتای پڕۆسەکە شوێنە گەشتیارییەکان داخران".
نادر روستی گوتیشی: "جێگای خۆشحاڵییە لە رۆژانی جەژن بڕیاردرا کە شوێنە گەشتیارییەکان بکرێنەوە و لە ٢١ی ئاب تا ئێستا بارودۆخە گەشتیارییەکان ئاسایی بووەتەوە لە هەولێر و سلێمانی، لە دهۆکیش ئاساییبووەتەوە تەنیا ئەوە ماوە کە رێگا بە گرووپە گەشتیارییەکان بدرێت کە بتوانن بڕۆنە دهۆک".
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەوەش دەخاتەڕوو کە هاتنی گەشتیاران ئەرکی سەرشانی حکوومەت سووک و گیرفانی هاووڵاتییانیش گەرم دەکاتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەوەی گرنگە ئەوە بوو کە ئەو پووکانەوەی بازاڕ هەبوو، لەگەڵ هاتنی گەشتیاران، جارێکی دیکە بازاڕەکان بووژانەوە و، گەشتیاران چەندە روو لە شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن، ئەوەندەش روو لە بازاڕ دەکەن و ئەمەش ئەرکی سەرشانی حکوومەت سووک دەکات و گیرفانی هاووڵاتییانیش گەرم دەکات".
نادر روستی ئەوەیشی خستەڕوو کە بەردەوام رێنماییان بۆ شوێنە گەشتیارییەکان ئەوەیە کە کارئاسانی بکەن و خزمەتگوزارییەکانییان باش بێت و رەچاوی دۆخی تەندروستی بکەن و خۆپارێزی بکەن وەک بەستنی دەمامک و بەکارهێنانی ماددەی پاککەرەوە و، گوتیشی: "هۆتێل و رێستورانتەکان کراونەتەوە، نرخەکان لە رێستورانتەکان هەڵواسراون و گەشتیار ئازادە دەچێتە کام رێستورانت و چێشتخانە و لەکامە شوێنی گەشتیاری دەمێنێتەوە، ئەم جموجۆڵەش جارێکی دیکە کاریگەری کردووەتە سەر بازاڕ".
لەبارەی هاتنی گەشتیارانی لە دەرەوەی عێراقیش، نادر روستی گوتی: "حکوومەتی عێراق بڕیاریداوە کە فڕۆکەخانەکان کراوەبن بۆ حاڵەتە پێویستەکان، سنوورەکانیش هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە، ئەوەی گرنگ بوو کە سەدا ٧٥ بۆ ٨٠ی هاتنی رێژەی گەشتیاران لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دێن".
خاوەن دوکانێکی چەرەزات و شیرنەمەنی لهناو بازاڕی ههولێر. ئاماژە بەوە دەکات کە هاتنی گەشتیاران سەدا ٨٠ جووڵەی بازاڕی گەرم کردووە و، داوایش لە حکوومەتی هەرێم دەکات کە ئاسانکاری زیاتر بۆ گەشتیاران بکرێت بۆ ئەوەی جموجۆڵی بازرگانی زیاتر بێت.
خاوەن دوکان، سامان سادق کە دوکانێکی شیرنەمەنی و چەرەزاتی هەیە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەهۆی هاتنی گەشتیارانەوە، بە رێژەی سەدا ٨٠ بازاڕ جووڵەی تێکەوتووە، چونکە لەماوەی رابردوودا بەهۆی کەرەنتینەوە بازاڕ تەواو کپ ببوو، بەڵام ئێستا بەهۆی هاتنی گەشتیارانەوە تەواو بووژاوەتەوە".
سامان سادق ئاماژە بەوەش دەکات کە کڕیارەکانییان زیاتر لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوەن و ماوەیەکی زۆریشە بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ لە نێوان شارەکان، هاتنی گەشتیاران بۆ هەولێر راگیرابوو، ئەمەش کاریگەری زۆری کردبووە سەر بازاڕ بە گشتی.
سامان سادق گوتیشی: "گەشتیاران زیاتر خواستیان لەسەر بەرهەمە خۆماڵییەکانە وەک چەرەزات، گەزۆ، هەنگوین و شیرینی، داواش لە حکوومەتی هەرێم دەکەین تا دەکرێت ئاسانکاری بۆ هاتنی گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بکەن چونکە بەشێکی زۆر بازاڕ پەیوەندی بە گەشتیارانەوە هەیە".