Heman Hussein Yaseen
28 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2019
هەولێر - AA
بە مەبەستی پەرەپێدانی کەرتی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا، نووسینگەی پەیوەندییەکانی پیشەسازی و بازرگانی ئەڵمانی لە عێراق، پێشانگایەکی بۆ ژمارەیەک کۆمپانیا لە یەکێتی ژوورەکانی بازرگانیی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستان کردەوە.
لە پێشانگاکەدا لایەنە پەیوەنددارەکانی وەک وەزیری بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەمال موسلیم، پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی، نوێنەری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دکتۆر ئەیوب گەڵاڵی ئامادەیبوون و تیایدا ئاماژەیان بە رۆڵی ئەڵمانیا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانییان لەگەڵ ئەو وڵاتە خستەڕوو.
لە پێشانگاکەدا، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەمال موسلیم گوتی: "ئێمە رۆڵ و پێگەی ئەڵمانیا لە دوای روخانی رژێم و دواتریش لە شەڕی ئەم دواییەی دژ بە تیرۆریستانی داعش بەرز دەنرخێنین کە ئەڵمانیا رۆڵێکی گرنگی هەبوو بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان، ئەڵمانیا یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانە لەبواری بازرگانی و، لەم چوارچێوەیەشدا حکوومەتی هەرێم لە پەیوەندییەکی پتەودایە".
کەمال موسلیم گوتیشی: "لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ٨٩ کۆمپانیای ئەڵمانی تۆمارکراون، ئەم ژمارەیە لە ئاستی هیوا و خواستی ئێمەدا نیيە، بۆیە لێرەوە بەناوی وەزارەتی بازرگانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوا لە بازرگانان و وەبەرهێنەران و کۆمپانیا ئەڵمانییەکان دەکەین کە لقەکانییان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە، ئێمەیش لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کار ئاسانییەک دەکەین بۆ کۆمپانیا ئەڵمانییەکان".
هەر لە رێوڕەسمەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی پلاندانان، دکتۆر ئەیوب گەڵاڵی گوتی: "ئەوەی لای ئێمە ئاشکرایە ئەرکی نوسینگەکەتان بریتییە لە کاراکردن و بەهێزکردنی بارودۆخی دارایی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا، ئێمە ئەو راستییە دەزانین کە بەرهەمەکانی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان کێبڕکێی باشترین بەرهەمەکانی دونیا دەکەن لە رووی کوالێتی و پێشکەوتندا، هیوادارین کۆمپانیا ئەڵمانییەکان لقی کۆمپانیاکانییان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە بۆ ئەوەی زیاتر برەو بە باری ئابووری بدەن".
ئەیوب گەڵاڵی گوتیشی: "ئێمە دەزانین پێشکەوتنی بارودۆخ و رەوشی بازرگانی پێویستی بە ریفۆڕم هەیە، لەم چوارچێوەیەشدا لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ئاژانسەکانی یوئێن و ئەوانی دیکەش کارمان کردووە بۆ ئەوەی بتوانین برەو بە کەرتی بازرگانی بدەین لە هەرێمی کوردستان، لە وەزارەتی پلاندانانیش ئامادەین بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا بکەن".
لەم پێشانگایەدا ژمارەیەک لە کۆمپانیا ئەڵمانییەکان بەشدارن و بە گوتەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری نووسینگەی پەیوەندییەکانی پیشەسازی و بازرگانی ئەڵمانی لە عێراق، ئامانجیان لە کردنەوەی ئەم پێشانگایە پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانە لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا.
لەمبارەیەوە یاریدەدەری بەڕێوەبەری نووسینگەی پەیوەندییەکانی پیشەسازی و بازرگانی ئەڵمانی لە عێراق، خانزاد ئازاد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم پێشانگایە لە ١٩ کۆمپانیا پێکهاتووە کە کۆمپانیای کوردی و عێراقی سپۆنسەریان کردووە و ئامانج لێی ئەوەیە کە کەرتی تایبەتی ئەڵمانیا و کوردستان پەیوەندییان هەبێت و بە دڵنیاییەوە ئەو کەسانەی هاتوون زیاتر لە بوارە جیاوازەکان کار دەکەن و نموونەی بەرهەمەکانییان نمایشکردووە".
خانزاد ئازاد گوتیشی: "لە ساڵی ٢٠١٧ قەبارەی بازرگانی نێوان ئەڵمانیا و عێراق بەرەو پێشەوە چووە و ئامانجی ئێمەش ئەوەیە کە زیاتر پەرە بە کەرتی بازرگانی بدرێت و ئەم پێشانگایەش کاریگەری لەسەر پەرەپێدانی ئەم کەرتە هەیە".