Deniz Çiçek Palabıyık
25 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2021
ئەنقەرە - AA
وەزیری بارزگانیی تورکیا، مەھمەت موش، لە چوارچێوەی ئەو سەردانەیدا کە لە کۆتایی ئەم ھەفتەیەدا بۆ عێراق ئەنجامی دەدات، لە بەغدا و ھەولێر چەند دیدارێک سەبارەت بە پێشخستنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ھەردوو وڵات ئەنجام دەدات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بەدەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، موش، لە ٢٥-٢٦ی ئەیلوول سەردانی عێراق دەکات.
لە چوارچێوەی سەردانەکەی مەھمەت موش، کە ئەمڕۆ دەستپێدەکات، سەرەتا دەچێتە بەغدا و لەوێ لەگەڵ وەزیری گواستنەوەی عێراق ناسڕ حوسێن بەندەر شبلی کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجام دەدات.
ھەر بەپێی زانیارییەکان، وەزیری بارزگانیی تورکیا، مەھمەت موش، دواتر روو لە ھەولێر دەکات و لێرە لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی کۆدەبێتەوە.
جگە لەوە مەھمەت موش، لە ھەولێر بەشداری لە دیداری کاری تورکیا-عێراق کە بە بەشداری پیاوانی کاری تورکی و عێراقی بەڕێوەدەچێت، دەکات و چاوی بە وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراق ئایدن مەعروف، دەکەوێت.
مەھمەت موش، لە میانی سەردانەکەیدا، تاوتوێی بابەتەکانی پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان ھەردوو وڵات دەکات و ھەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەدات کە لە عێراق رووبەرووی کۆمپانیا تورکییەکان دەبێتەوە.
- دووەم سەردانی
وەزیری بارزگانیی تورکیا، مەھمەت موش، لە کاتی وەرگرتنی ئەرکی وەزارەتی بازرگانیەوە لەچوارچێوەی ئەو گرنگییەی کە دراوە بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق، بۆ دووەم جارە سەردانی عێراق دەکات. پێشتر لە ١٨ی ئاب، سەردانی بەغدای کردبوو و لەگەڵ سەرکۆمار بەرھەم ساڵح، سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی و ھاوتاکەی عەلاء ئەلجبوری و وەزیری گواستنەوە ناسڕ حوسێن بەندەر شبلی، کۆببویەوە.