هه‌ولێر
له‌دووه‌م رۆژی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان بە مەبەستی گفتوگۆكردن له‌باره‌ی پرسی نه‌وت و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، شاندی لیژنه‌ی نه‌وت له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، رۆژی دووشه‌ممه له‌گه‌ڵ سكرتێری په‌رله‌مان، فه‌خره‌دین قادر و لیژنه‌ی وزه و سامانه سرووشتییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، دیداریان ئه‌نجام دا.
دواتر سه‌رۆك و ئه‌ندامانی هه‌ر دوو لیژنه‌كه له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی بۆ رۆژنامه‌نووسان دوان. سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و سامانه سرووشتییه‌كان له په‌رله‌مانی كوردستان، شێركۆ جه‌وده‌ت رایگه‌یاند "كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ر دوو لیژنه بۆ ئه‌وه‌بوو بتوانین كاری هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ین، چونكه پێمانوایه هه‌ردوو لیژنه‌ی نه‌وت و سامانه سرووشتییه‌كان له‌په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ده‌توانن كاری هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن".
سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئارێز عه‌بدوڵا گوتی "دوێنی یه‌كشه‌ممه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم و وه‌زیری سامانه سرووشتییه‌كان و ئه‌مڕۆش له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی نه‌وت و سامانه سرووشتییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبووینه‌وه، ئه‌مه‌ش وه‌ك ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك کە ویستمان سه‌باره‌ت به پرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌تایبه‌تی پرسی نه‌وت قسه بكه‌ین. ئه‌گه‌ر بۆچوونه‌كانمان وه‌ك یه‌ك نه‌بووبن بێگومان لێك نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی باش هه‌یه ئه‌مه‌ش وا ده‌كات به‌هه‌موو لایه‌ك كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین".
به‌پێی رێكه‌وتنی هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی ناوه‌ند پێویسته هه‌رێم له رۆژێكدا 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ژێر چاودێری وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه بكات، له به‌رامبه‌ریشدا به‌غدا مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان بدات.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئارێز عه‌بدوڵا ده‌ڵێ: "تا ئێستا به‌غدا پاره‌ی ره‌وانه‌ی هه‌ولێر نه‌كردووه. حكوومه‌ت پاساوی ئه‌وه‌یه كه پاره له بانكه‌كاندا نییە".
گوتیشی "ئه‌گه‌ر پاساوه‌كه راست بێ ئێمه هیچ گله‌یمان نییه ئه‌گه‌ر هۆكارێكی تربێ بێگومان به‌دواداچوون ده‌كه‌ین و هۆكاره‌كه‌ی بۆ خه‌ڵكی كوردستان ئاشكرا ده‌كه‌ین".
له به‌رامبه‌ریشدا سه‌رۆكی لیژنه‌ی وزه و سامانه سرووشتییه‌كان له په‌رله‌مانی كوردستان، شێركۆ جه‌وده‌ت ده‌ڵێ: "به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كان پێی داوین، هه‌رێم رۆژانه له ده‌ورووبه‌ری 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م دێنێ، 250 هه‌زاری بۆ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه 120 بۆ 150 هەزاریشی بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆییه هه‌ر زیاده‌یه‌ك هه‌بێ به‌كار ده‌هێنرێ بۆ قه‌ره‌بووی قه‌رزه‌كانی حكوومه‌ت تایبه‌ت بۆ كۆمپانیاكان به‌كار ده‌هێنرێ".
ئه‌ندامی كورد له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كاوه محه‌مه‌د ده‌ڵێ: "ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر كراوه، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به بوودجهوهیه هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌ماوه، به‌شه بوودجه‌ی هه‌رێم له سه‌دا 17 دیاریكراوه".
وه‌ك ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێ: "هه‌رێمی كوردستان هەتا ئێستا نه‌یتوانیوه ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی له‌رۆژێكدا بگه‌یه‌نێته 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له رۆژێكدا بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركی به‌غداش هیچ به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی نه‌ناردوه، ئێستا هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌و پرسه پێویسته له‌گه‌ڵ یه‌ك گفتوگۆ بكه‌ن بڕیاریشه له ئاینده‌یه‌كی نزیک سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا بكات".
كاوه محه‌مه‌د ده‌ڵێ "هه‌رێمی كوردستان، بیانووی ئه‌وه‌یه گوایه وتوویانه له ساڵێكدا ده‌توانن ئه‌و رێژه‌یه پڕ بكه‌نه‌وه نه‌ك له‌یه‌ك كاتدا رۆژانه 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ره‌وانه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهان بكه‌ن".
نه‌وتی كه‌ركووكیش به‌شێكه له‌و رێكه‌وتنه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له رۆژێكدا 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌و 550 هه‌زار به‌رمیله‌ی كه دیاریكراوه، ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه بكرێت.
ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كاوه محه‌مه‌د كه‌هاوكات له لیژنه‌ی نه‌وتیشه گوتی "ئێستا هه‌وڵێكی باش هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان نه‌گاته بنبه‌ست".