Abdullah Shukur
29 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2016
ئەنقەرە
لەدوای ھێرشی چەکدارانی پەکەکە بە تۆپی ھاوەن و گیانلەدەستدانی سێ سەربازی سوپای تورکیا بەم ھۆیەوە، فڕۆکە جەنگیەکانی ئەو وڵاتە، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیان بۆ سەر ئامانجەکانی پەکەکە لە ناوچەی ئاڤاشین-باسیان ئەنجامدا و لەئاکامدا ١٠ چەکداری پەکەکە کوژران.
بەپێی راگەیەندراوێکی سوپای تورکیا کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەمڕۆ کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ چەکدارانی پەکەکە ھێرشێکی موشەکی لە ناوچەی بینلیسی چیای ھیساری سەربە ھەکاری-جوکورجا ئەنجامداوە و بەو هۆیەوە سێ سەربازی تورکیا گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکەش برینداربوون.
راشگەیەندرا کە ئەو چەکدارانەی پەکەکە کە ھێرشەکەیان ئەنجامداوە ھەڵاتوون بۆ ناوچەی ئاڤاشین-باسیان لە باکووری عێراق.
لەدوای ئەو هێرشە چەکداراییەی پەکەکە، فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای تورکیا، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیان بۆ سەر ئامانجەکانی پەکەکە لە ناوچەی ئاڤاشین-باسیان ئەنجامدا و لەئاکامدا ١٠ چەکداری پەکەکە کوژران و چوار پێگەی سەر بەو رێکخراوە خاپوور کران.