Abdullah Shukur
10 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 17 ئەیلوول 2016
ئیستانبوڵ
جێگری سەرۆکی گشتی ئاک پارتی مەھدی ئەکار رایگەیاند کە لە نێوان گۆڕی دایک و براکەی ، ھەشت دانە بۆمبی بە دەست دروستکراو لە نێو بوتڵێک کە کێشی ھەریەکەیان ١٢ کیلۆ بووە دۆزراوەتەوە.
مەھدی ئەکار لە دوای سەردانەکەی بۆ ئەمریکا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و تیایدا رایگەیاند کە لە مەزارگەی خانەوادەکەی لە شارۆچکەی بسملی سەر بە دیاربەکر بۆمبی چێنراو دۆزراوەتەوە.
جێگری سەرۆکی گشتی ئاک پارتی مەھدی ئەکارگوتی: "من ھەموو رۆژێکی عەرەفەی پێش جەژن لە شاری دیاربەکر سەردانی ئەو گۆڕستانە دەکەم کە تیایدا دایک، باوک، برا و مامی تێدا نێژراوە. بەیانیش دەچم. ئەمەش دەزانرا. لە نێوان گۆڕی دایک و براکەم لەو شوێنەی کە فاتیحەی تێدا دەخوێنرێت، ھەشت دانە بۆمبی بە دەست دروستکراو لە نێو بوتڵێک کە کێشی ھەریەکەیان ١٢ کیلۆ بووە دۆزراوەتەوە. ھاوکات ٤٠٠ کیلۆ بۆمبیش لە سەر رێگای ئەو شوێنانە دانراوە، ئەمە پیلانێکی ناپاکانەیە".
مەھدی ئەکار لەبارەی ھەوڵەکانی تورکیا پەیوەندیدار بە رادەستکردنەوەی سەرۆکی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی فەتحوڵا گولەم لە لایەن ئەمریکاوە گوتی: "بەشێوەیەکی ئاشکرا گوتمان کە رووداوەکەی ١١ی ئەیلول لە ئەمریکا چ کاریگەرییەکی لەسەر ھاووڵاتیانی ئەمریکا بەجێھێشتبێت، ھەوڵی کودەتای رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ لە ١٥ی تەمووز ھەمان کاریگەری لەسەر خەڵکی تورکیا بەجێھێشتووە. بۆیەش چاوەڕێی تێگەیشتن لەلایەنی بەرامبەر دەکەین و دەبێت پێویستیی ھاوپەیمانێتی و دۆستایەتی بھێنرێتە جێ".
مەھدی ئەکار زیاتر گوتیشی: "رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ پێش ١٥ی تەمووز لە ئاستی نێودەوڵەتی ھەوڵی داوە راستییەکان بگۆڕێت بەم پێیەش بەمەبەستی لاوازکردنی تورکیا بە شێوەیەکی زۆر پیشەییانە لە رێگای کۆمپانیاکانی لۆبی لە ئەمریکا کاری خۆی راپەڕاندووە. ئێمە ئەوە دەزانین. لە کۆبوونەوەکانیشماندا ھەستمان بە کاریگەری ئەمانە کرد".