Mazın Asa
25 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2016
ئەنقەرە
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن رایگەیاند: "بەرێز سەرکۆمارمان پێداگری لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی و پەکەکە و رێکخراوەکانی دیکە کردووەتەوە".
کاڵن لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە کۆبوونەوەی سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی تورکیا بیناڵی یڵدرم و سەرۆکی جەھەپە کەماڵ کڵچدارئۆغڵو و سەرۆکی گشتی مەھەپە دەولەت باخچەلی لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار، پرسی ھەوڵی ئەنجامدانی کودەتاکەی ١٥ی تەمووز تاوتوێ کراوە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا گوتی: "بەرێز سەرکۆمار بەھۆی ھەڵوێستی دیموکراسی و پێداگری لە سەرورەی یاسا و ئازادییەکان لە دژی ھەوڵی کودەتا سوپاسی خۆی ئاراستەی سەرۆکی پارتە سیاسییەکان کردووە و جەختی لە بەھێزی ئەو یەکریزییە لە چارەسەرکردنی گشت کێشەکان کردووەتەوە".
کاڵن گوتیشی: "بەرێز سەرکۆمارمان ئاماژەی بەوە دا کە قارەمانێتی گەلی تورکیا بە گشت جیاوازییەکانەوە دژی کودەتا ھەرگیز لەبیر ناکرێت. ھاوکات بەرێز سەرکۆمارمان پێداگری لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی و پەکەکە و رێکخراوەکانی دیکە کردووەتەوە. لە پاڵ ئەمەش زانیاری لەبارەی پێشھاتەکانی شەوی ١٥ی تەمووز بە سەرۆکی گشتی پارتە سیاسیەکان دراوە".
کاڵن لە درێژەدا گوتیشی: "ئاماژە بەوە کراوە کە زۆر بە وردی لێکۆڵینەوە لە ھەوڵی کودەتای ١٥ی تەمووز و باری نائاسایی دەکرێت. ھاوکات جەخت لە ھەماھەنگی گشت پارتە سیاسییەکان لەمبارەیەوە کراوە. لایەنەکان ھاوڕا بوونە لەسەر بەکارھێنانی میکانیزمی دیالۆگ بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەریی ھەمیشەیی بۆ کێشە ھاوبەشەکان".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئاماژەی بە قسەکانی سەرکۆمار ئەردۆغان کرد کە رایگەیاندووە تورکیا لەم قۆناغەدا بە بەھێزییەوە تێدەپەڕێنێت و بەھۆی ھاتنی سەرۆکی پارتە سیاسییەکان بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار و پشتگیریکردنیان لە دیموکراسی، سوپاسی ئەو سەرۆک پارتانەی کردووە.